ڕەھەندە یاساییەکانی پەیماننامەی سیڤەر
#لوقمان مستەفا صاڵح#
ئەم پەیماننامەیە لە ( 10-08-1920 ) لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی سەرکەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆرکراوە. لە کاتی بەستنی ئەم پەیمانە کوردستان بەدوو پارچەیی مابووە وە کوردستانی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی و کوردستانی سەر بە ئێران.
ھەڵبەتە ھەلێکی زێڕین بوو بۆ کورد بەپێی ئەو پەیماننامەیە کورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ و دەیتوانی دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەنێت، لە چەند بەندێکیدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لەو مافەی کورد کراوە. هەندێک لە مێژونووسانیش ئەو پەیماننامەیە بە یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنێن کە بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئاماژەی بە کێشەی کورد کردووە، ھەر بۆیە ڕەهەندێکی یاسایی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە و ڕێگەی پێداوە لە باکوور و باشووری کوردستاندا کورد دەوڵەتی سەربەخۆ پێکبهێنێت.
هەرچەندە پەیماننامەی (سیڤەر) تایبەت بووە بەدابەشکرددنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەڵام لە سێ بەندی (62، 63، 64) بەڕوونی ئاماژەی بەداخوازی و مافەکانی گەلی کوردستان کردووە. ئەمە سەرەڕای ئەو کەموکوورتییانەی لەپەیماننامەکەدا هەبووە، لەوانە فەرامۆشکردنی خۆرهەڵاتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، واتا ئەو پەیمانە دابەشکردنی کۆلۆنیالانەی کوردستانی بەرجەستە کردووە و تەنیا باسی ئەو بەشەی کوردستانی کردبوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە،
پرسی سەربەخوی کوردستان بە ھۆی پێگەی یاسایی و پاڵپشتی نێودەوڵەتییەوە چانسی گەورەی ھەبووە کەلەو پەیماننامەیەدا ھاتووە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانی لەو دوو بەشەی کوردستاندا هەبووە. ئەم پەیماننامەیە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێک هاتبوو، لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 ) ڕاستەوخۆ باسی کورد و ئاییندەی کوردەکانی کوردستانی کرد بوو، وە بەیەکەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێ کەبەم شێوەیە باسی کورد بکات، هەرچەندە لە بەندەکانی تریش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی کورد دەکات بەڵام بێ ئەوەی ناوی کورد بهێنێ .
بۆ بەر چاو ڕوونی زیاتر گرنگە بزانیین مادە یاساییەکانی ناو پەیماننامەکە چییە .!؟ تاشی بکەینەوە:-
=KTML_Bold=بەندی (62) ە و تێیدا هاتووە:=KTML_End=
(لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئەستەمبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت و، هەر ئەندامێک لە سێ دەوڵەتی: بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا دایدەهێنن، لەگەڵ مێژووی بەجێهێنانی ئەم ئۆتۆنۆمییەدا، بە شەش مانگ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی ڕەگەزی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و، باشووری خۆراوای ئەرمینیا وە، وەک لە دوایشدا دەست نیشان دەکرێت. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سووریا و، ئێراق، بەو پێیە دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەمین و سێیەمین بڕگەی دووی بەندی 27دا هاتووە.
بەڵام لە کاتی ڕێک نەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە: -کۆمیسیۆنەکە- دەنگ لە حکومەتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، پێویستیشە ئەم پڕۆژەیە زامنی تەواوی بۆ پاراستنی کلدان و ئاشووری و، کەمایەتی ڕەگەز و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانەی تێدا بێت، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی ڕاست کردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیا بکرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری باس کرا و، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت) .
=KTML_Bold=بەندی 63:=KTML_End=
(حکومەتی عوسمانی، لەمڕۆوە پەیمان دەدات لە ماوەی 3 مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنەی کۆمیسیۆن، کە لە بەندی 67دا باس کراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات) .
=KTML_Bold=بەندی 64:=KTML_End=
(ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەست نیشان کراوانە، کە لە بەندی 62دا هاتوون، داوایەکی پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی نێو ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پێسپێری ئەمە بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستا وە پەیمان دەدات ئەو پێ سپێرییە جێبەجێ بکات و دەست بەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەست بەردار بوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لەنێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەست بەرداربووندا، کە بوو، هیچ بەرهەڵستییەک لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانی نێو هێنراوەوە، ناخرێتە بەرانبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن) .
لەمێژا وتراوە لەسیاسەتدا بەرژەوەندی هەیە، نەک دۆستی هەمیشەیی، زۆربەی ڕێککەوتنەکانیش لەگەڵ کورد بە زارەکی بووە بۆیە هەمیشە سەبارەت بەخواستەکانی پشتی تێکراوە ئەمە جگەلەوەی کورد هەمیشە لەناوخۆدا ناکۆک و ناتەبا بووەو شکستهێنانی شۆڕشەکانی بەدەستی لایەنەکانی ناوخۆیی گەواهی ئەو ڕاستییەن، ئەمەش گوزارشت بووە لە ئەقڵیەتی ئەو سەردەمەی کورد کە بەداخەوە تائێستاش درێژەی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێککەوتننامەی سیڤەر تەنیا ڕێککەوتننامەیەکە کەبەڕوونی باس لە درووستکردنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد دەکات. هەر وەک باسمان کرد لە بەندەکانی تریش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی کورد دەکات بەڵام بێ ئەوەی ناوی کورد بهێنێ.
ڕێککەوتننامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی باسی لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە، دەبوو سیاستمەدارانی کوردی ئەوکات سارد نەبوونایەتەوە لەگەڵ ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵەتییە بۆ مافەکانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بوونایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندە یاساییانەی کە لە پەیماننامەکەدا ھاتووە.چونکە لە ساڵێ 1920 ەوە بۆ 1923 کاتێکی زۆر گونجاوبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پەیوەندیداربووە بە دۆزی کوردەوە.
بەڵام تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ نەکردنی ئەو مادانە جێی پرسیارن.!؟ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بووە خەونی کورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو کات ئەو پەیمانە و بەندەکانی بۆ کورد بچوایەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئێستا واقیعی ناوچەکە و کورد و کوردستان بە تایبەتی شتێکی تر دەبوو.[1]