$عەباسییەکان لە بنەماڵەیەکی پەراوێزخراوەوە بۆ دەسەڵاتداری$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
بیرۆکەی گەیشتن بە دەسەڵات لەنێو بنەماڵەی عەباسی بۆ (عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس کوڕی عەبدولموتەڵیب) دەگەڕێتەوە. ئەوەش کاتێک ویستی بە سوودوەرگرتن لە ناوبانگی باوکی وەک زانایەکی ئایینی و باپیری وەک مامی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)، بگاتە دەسەڵات. هەوڵەکەشی لەخۆڕا نەبوو، بەڵکوو دوای خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە بوو بۆ دۆخی بنەماڵەکەیان و ئەوەی بەسەر موسڵمانان و کۆی کۆمەڵانی خەڵکی نێو دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا تێپەڕ دەبوو.
لەپاڵ ئەو ستەم و چەوسانەوانەی بەرپرس و فەرماندەکانی سوپای ئومەوی لەسەر فرمانی خەلیفەکانیان بەرانبەر نەیارەکانیان ئەنجامیان ئەدا. وەک کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی (63ک/ 682ز) شاری (مەدینە) لەسەر دەستی هێزێکی سوپای ئومەوی، بە سەرکردایەتیی (حوسنی کوڕی نومەیر). ئەو هێرشەی سەرباری کوژرانی سەدان کەس، سووکایەتیی بە ژمارەیەکی زۆر کچ و ژنی شارەکە کرا! هەروەها شاڵاوی بۆ سەر شاری (مەککە) و سووتاندنی کەعبەی قیبلەگای موسڵمانانەکان بە مەنجەنیق، تا بە دەیان تاوانی لەو جۆرە ئەگات.
هەموو ئەو تاوانانەش هاندەر و پشتیوانی بوون، کار بۆ بزووتنەوەیەکی ئایینیی سیاسی بکات. ئامانج لەو کارەشی بۆ ئەوە بوو، تا لە لایەک بنەماڵەکەی بگەیەنێتە دەسەڵات، لە لایەکی دیکەوە موسڵمانان لەو دۆخە ناجێگیرەی سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان ڕزگار بکات. دیارە (عەلی کوڕی عەبدوڵڵا) هەستی بەوە کردبوو کە بنەماڵەی ئومەوی بێ پێشینەیەکی دیار، لە خزمەتکردن بە ئایینی ئیسلام و موسڵمانان، بە پایەی خەلافەت گەیشتن.
ڕاستە هەندێک ئەندامانی بنەماڵەکەیان ڕۆڵیان لە سەرخستنی ئایینی ئیسلام و فراوانبوونی دەوڵەتی مەدینە و خەلافەتی ڕاشدیدا هەبوو، بەڵام گەورەی بنەماڵەکەیان (ئەبووسوفیانی کوڕی حەرب)، تا (8ک/ 629ز) دژایەتیی ئایینی ئیسلام و پەیامبەرەکەی کرد. هەروەها کوڕەکەی (موعاویە) لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی و بەتایبەت لە سەردەمی خەلافەتی (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ)دا ڕۆڵێکی زۆر خراپی گێڕا و موسڵمانانی شام و میسری ڕووبەڕووی سوپای خەلیفە و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی کردەوە.
کار گەیشتە ئەوەی لە شەڕی (سەفیین) و لە ساڵی (37ک/657 ز)دا سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز بکات و چەندین پەڕاوی قورئان بکات بە سەری نێزەکانەوە. هۆکارەکەش ئەوە بوو، تا (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) لەبەر پاراستنی شکۆی پەڕاوەکانی قورئان، شەڕەکە ڕابگرێت و لە شکست و لەناوچوون ڕزگاری بکات. ئەمەش هەڵوێستی زۆرینەی بنەماڵەی ئومەوییەکان بوو.
لە کاتێکدا بنەماڵەی عەباسییەکان و لەسەروویانەوە (عەباس کوڕی عەبدولموتەڵیب)ی مامی لەپشت سەری پەیامبەری ئیسلام (د.خ)ەوە بوون، تا کۆچی دوایی کرد. هەر بۆیە کاتێک ئەندامانی بنەماڵەی عەباسی ئەو مێژووەیان دەبینی، بیریان لەوە دەکردووە کە بۆ ئەوان لە دەسەڵات و ئەمان لە پەراوێزدا بن؟ بۆیە بیریان لەوە کردووە، کار بۆ لێدانی ئەوان بکەن و خۆیان شوێنیان بگرنەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو مێژووەدا (عەلی کوڕی عەبدوڵڵا) لە شاری (مەدینە) هەوڵی دا پەیوەندی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزم و نزیکەکانی بکات و ئەو دۆخەیان بۆ ڕوون بکاتەوە. هەروەها پەیوەندیی بە نەیارانی بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بکات و بیروڕایان لەگەڵ بگۆڕێتەوە. بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکوو کەوتە کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە و باسی ئەو ڕووداوانە و تاوانی ئومەوییەکانی بۆ کردن.
هەموو ئەوانەش وایان کرد، هەواڵی کۆبوونەوەکان و باسوخواسەکان بگاتە (عەبدولمەلیک کوڕی مەروان)ی چوارەمین خەلیفەی ئومەوی. هەر بۆیە بڕیاری دا بانگهێشتی شاری (دیمەشق)ی پایتەختی بکات و لە نزیک خۆی و لەژێر چاودێریی خۆیدا بیهێڵێتەوە، بەڵام (عەلی) لە قسە و گەیاندنی پەیام نەکەوت. ئەوەش خەلیفەی ناچار کرد، ڕەوانەی (دۆڵی حومەیمیە)ی خۆرهەڵاتی ڕووباری ئوردونی بکات و بە دەستبەسەری بهێڵتەوە، تا لەوێ کۆچی دوایی کرد.
بە دوایدا، کوڕەکەی (محەمەد کوڕی عەلی) درێژەی بە هەمان ڕێگا دا و بانگەشەکانی لە بنەماڵە و خەلیفەکانی ئومەوی توندتر کرد. تەنانەت پەیوەندیی بە چەندین سەرۆک خێڵ و سەرۆک هۆز و سەرۆک تیرە و بنەماڵەی دیاری عەرەبییەوە کرد، کە هاوسۆزی بنەماڵەکەیان بوون و لە سیاسەتی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی بێزار بوون. بەو کارانەشی پێ ڕانەگەیشت پەیامەکانی بکاتە بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆچی دوایی کرد.
بەدوایدا (ئیبراهیم)ی کوڕی درێژەی بەو کارە دا. ئەمیش بە ئەزموونێکی نوێوە هاتە مەیدان و سنووری ئەڵقەی کۆبوونەوەکانی فراوان کرد و پەیوەندییەکانی بە سەرۆک خێڵ و سەرۆک هۆز و سەرۆک تیرە عەرەبییەکان چڕتر کردەوە. لەسەر ئەو کارانەش دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی شاری (کووفە) کرا.
لێرەوە پەیامی بەردەوامی ئەندامانی بنەماڵەی عەباسی لە (عەلی کوڕی عەبدوڵڵا)ەوە تا (ئیبراهیم کوڕی محەمەد) بۆ نزیک و لایەنگرانی خۆیان، تا بە گەیاندنی بێزاریی کۆمەڵانی خەڵک دەگات، لە ویلایەت و هەرێمەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، سەرەتای بزووتنەوەیەکی سیاسی، بە ڕووکارێکی ئایینیی لێ بەرهەم هات، کە دواتر ناوی (بزووتنەوەی عەباسییەکان)ی لێ نرا. ئەو بزووتنەوەیەی دواجار، کۆتایی بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی هێنا. [1]