$کورد لە دوا ساڵەکانی سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
دوا ساڵەکانی تەمەنی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، کەوتە سەردەمی خەلیفە (مەروانی کوڕی محەمەد)، دوایەمین خەلیفەی ئەو بنەماڵەیە کە لە دایکەوە کورد بوو. هەر بۆیە سەرباری ئەوەی لای زۆربەی مێژوونووسان و توێژەرانی کورد، بە بایەخەوە سەیر کرا، بەڵام وەک پێویست ئاوڕ لە ژیانی و کەسایەتی و سەردەمەکەی نەدرایەوە! تەنانەت ئاماژەی وردیان بە شێوازی دەسەڵاتی و پشتیوانیی کوردەکان بۆ ئەو خەلیفەیە نەکرد.
لەکاتێکدا بەشێک لە مێژنووسان و توێژەرانی عەرەب، سەرباری ئەوەی کاری وردیان لەسەر کرد، بە (مەروانی کەر) ناویان برد، چونکە نەیتوانی لەئاست هێز و گەورەیی دەوڵەتەکەدا بێت و بەرگری لە دەستکەوتەکانی بکات، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن کە تەنیا ئەم هۆکاری ڕووخاندنی دەوڵەتەکە نەبوو، بەڵکوو ئەوە خەلیفەکانی پێش خۆی بوون، زەمینەی ڕووخاندنی دەوڵەتەکەیان ڕەخساند، کە بە (مەروانی کوڕی محەمەد) ڕاست نەکرایەوە.
سەردەمی ئەم خەلیفەیە کەوتە نێوان ساڵانی (127-132ک/744-750ز)، کاتێک ڕووبەڕووی (ئیبراهیم کوڕی وەلید) سێزدەمین خەلیفەی ئومەوی وەستا و بەهۆی کوردەکانی جزیرەوە چووە (شام) و سوپای خەلیفەی ئومەوی (ئیبراهیم کوڕی وەلید)ی تێکشکاند و لە شاری (دیمەشق) خۆی وەک چواردەیەمین خەلیفەی ئومەوی ناساند. سەردەمەکەشی هاوکات بوو لەگەڵ دەرکەوتنی بانگەشەی عەباسییەکان و هەوڵەکانیان بۆ دەسەڵات.
(عەباسییەکان)یش بنەماڵەیەکی عەرەبی هۆزی قوڕەیشی شاری (مەککە) بوون لە نەوەی (عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب)ی مامی پەیامبەری ئیسلام (د.خ)، بۆیە بەهۆی نزیکایەتییان بەو بنەماڵەیە، بانگەشەیان بۆ پایەی خەلافەت کرد و خۆیان بە شایستەتر لە بنەماڵەی ئومەوی بۆ ئەو پایەیە زانی.
دەرکەوتنی ئەوان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئومەوییەکان، دۆخی کوردەکانی قورستتر کرد، چونکە سەرباری ئەوەی (مەروان کوڕی محەمەد) لە دایکەوە کورد بوو، لە سەردەمی خەلیفەی پێشوو (ئیبراهیم کوڕی وەلید) والیی ویلایەتی جزیرەی زۆرینەی کورد بوو، سەرکردەی بانگەشەی عەباسییەکانیش، کوردێکی هەرێمی خۆراسان بوو بەناوی (بەهزادان کوڕی وەندادان) ناسراو بە (ئەبووموسلیمی خۆراسانی).
هەر بۆیە بەشێک لە کوردەکان لەنێو ئەم (دوو) هێزەدا دابەش بوون، بەشێکیان لە هەرێمەکانی (خۆراسان، فارس، چیا، ئێڕاق) چوونە پاڵ (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) و پشتیوانییان لە بانگەشەی عەباسییەکان دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی کرد. کوردەکانی (جزیرە، شام) و بەشێکی کوردەکانی هەرێمی چیاش، پشتیوانییان لە دەوڵەت و دوایەمین خەلیفەی ئومەوی کرد. بەو شێوەیەش کوردەکان و بەتایبەت کوردە موسڵمانەکان بەسەر (دوو) بەرەی دژ بەیەک دابەش بوون.
لەنێو ئەو دۆخە دژوارەشدا، ململانێی نێوان هەردوو هێزەکە لە ناوچە کوردییەکانی هەرێمی چیا چڕ بووەوە. بە ئاستێک هەر (سێ) شەڕی گەورەی (شارەزوور) لە ساڵی (131ک/749ز)و شەڕی (حولوان) لە هەمان ساڵ و شەڕی (زاب) لە ساڵی دواتر لەسەر خاکی کوردستان ڕوویان دا و بەشێکی سوپاکەی هەردوو لا کورد بوون.
ئەوەش کاتێک (ئەبومەسلیمی خۆراسانی) بۆ سەرخستنی بانگەشەی عەباسییەکان سوپایەکی بە سەرکردایەتیی (قوحتوبە ئەبولعون عەبدولمەلیک کوڕی یەزیدی ئەزدی) ناردە ناوچەی شارەزوور، تا ڕووبەڕووی سوپای ئومەوییەکان ببێتەوە، کە لەلایەن (عەبدوڵڵا کوڕی مەروان کوڕی محەمەد) سەرکردایەتی دەکرا. لەو شەڕەدا سوپای ئومەوییەکان تێکشکا و (عەبدوڵڵای کوڕی مەروان)یش بە سوپا تێکشکاوەکەیەوە بەرەو زێی گەورە و بۆ لای سوپای باوکی پاشەکشەی کرد.
شەڕی دووەمیش لەنزیک شاری (حولوان) ڕووی دا، کاتێک هێزێکی سوپای عەباسییەکان بەسەر هێزێکی سوپای ئومەوییەکاندا سەر کەوت و بەهۆیەوە بەرەو شاری (کووفە) پێشڕەوییان کرد. دواتر لەو شارە و ویلایەتی ئێڕاقیان لە بندەستی ئومەوییەکان دەرهێنا.
شەڕی سێیەمیش لەسەر زێی گەورە ڕووی دا (مەروانی کوڕی محەمەد) سەرکردایەتیی سوپای دەوڵەتەکەی و (عەبدوڵڵا کوڕی عەلی) کوڕی مامی (ئەبولعەباس) سەرکردایەتیی سوپای عەباسییەکانی کرد. لەم شەڕەشدا سوپای ئومەوییەکان تێکشکان و خودی خەلیفەی ئومەویش بەرەو شاری (مووسڵ) هەڵهات، بەڵام فەرمانڕەوای شارەکە دەرگاکانی شاری بە ڕووی خەلیفەدا داخست، بۆیە بەرەو شام ڕۆیشت.
لەوێش هەر دووچاری بەرەنگاریی بەشێکی دانیشتوانی شار و گوندەکانی ویلایەتی شام و بنکەی دەسەڵاتی ئومەوییەکان بووەوە، بۆیە دواجار بەرەو ویلایەتی میسر ڕایکرد. لەوێش بەخت یاوەری نەبوو، چونکە لە گوندی (بوسیڕ)ی سەر بە ویلایەتی میسر لەلایەن هێزێکی سەر بە عەباسییەکانەوە دەستگیر کرا و کوژرا. بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئومەوی هات.
بە کورتی، کوردەکان وەک بەشێک لە مەوالییەکانی نێو سنووری دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، لەنێوان پشتیوانی بۆ ئەو جووڵانەوانە و دژایەتیی دەوڵەت، هەڵوێستیان نواند. لەو هەڵویستانەشیاندا باجی خۆیان دا و زیانی زۆریش بەر ناوچەکانیان کەوت. دیارە کوردەکان سەرباری ئەوەی لە زۆربەی ململانێ و ڕووداوە ناوخۆییەکانی دەوڵەتدا ڕۆڵی کارایان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نە پەرتەوازەیی خۆیان دەرفەتی پێ دان خزمەتێک بە خۆیان بکەن، نە دڵڕەقیی بەشێک لە خەلیفە و والییەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و ئەو هێزانەی دژایەتیی دەوڵەتیان کرد، ئەو هێزەی پێ دان بە سەرکەوتن بگەن، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، هیچ یەک لەو هێزانە چۆکیان بە کورد دانەدا. تەنانەت خەلیفە و بەرپرسانی دەوڵەتیش نەیانتوانی تا کۆتایی ملکەچیان بکەن و لە نەیارییان دووریان بخەنەوە. [1]