$کوردستان و کورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا 02$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
زاراوەی (شیعە) لە چەمکی (شیع) واتە (لایەنگر) هاتووە. مەبەستیش لێی ئەو کۆمەڵەیە بوون، کە لایەنگرییان لە خەلافەت و سیاسەت و بەرنامەکانی خەلیفەی چوارەمی ڕاشیدی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب - ڕ.خ) کرد. دواتریش ماناکەی فراوان بوو، تا گەیشتە ئەوەی بە هەموو ئەوانە گوترا، کە پشتیوانییان لە بنەماڵەی ئەو خەلیفەیە کرد و کەوتنە ژێر کاریگەریی سیاسەت و بەرنامە و باوەڕی ئەندامە دیارەکانی بنەماڵەکەیان.
لێرەوەش (شیعە) وەک یەکێک لە پەیڕەوە دیارەکانی ئایینی ئیسلام دەرکەوت شانبەشانی ئایینزای سوننە و کۆمەڵی خەواریج. یەکەمین ڕەوتیش لەم کۆمەڵەیە ئەوانە بوون کە بە (پەیڕەوانی دوازدە ئیمامی) ناسران. مەبەست لەو کۆمەڵەیەش ئەوانە بوون، کە پەیڕەویان لە (دوازدە ئیمام)ی بنەماڵەی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) کرد.
ئەوانیش هەریەک لە (عەلی کوڕی ئەبی تالیب، حەسەنی کوڕی عەلی، حسێن کوڕی عەلی، عەلی زەین ئەلعابدین کوڕی حسێن، محەمەد باقر کوڕی زەین ئەلعابدین، جەعفەر ئەلسادق کوڕی محەمەد باقر، مووسا ئەلکازم کوڕی جەعفەر ئەلسادق، عەلی ڕەزا کوڕی مووسا کازم، محەمەد جەواد کوڕی عەلی ڕەزا، عەلی تەقی کوڕی محەمەد جەواد، حەسەن عەسکەری کوڕی محەمەد جەواد، محەمەد مەهدی کوڕی حەسەن عەسکەری) بوون.
لەنێو ئەوانیش دوای (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) تەنیا (شەش) کەسایەتییان کەوتنە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی، کە هەریەک لە (حەسەنی کوڕی عەلی، حسێن کوڕی عەلی، عەلی زەین ئەلعابدین، محەمەد باقر، جەعفەر ئەلسادق) بوون.
دوای ساڵانێکیش لە ململانێیان لەگەڵ دەوڵەت و بنەماڵەی ئومەوی، کۆمەڵێکی دیکە بە ناوی (کۆمەڵەی زەیدیە) دەرکەوتن. ئەم کۆمەڵەیەش لەلایەن (زەیدی کوڕی عەلی کوڕی زەین ئەلعابدین کوڕی حسێن کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب) ڕابەرایەتی کرا. هۆیەکەش ئەوە بوو، کە بەشێک لە پەیڕەوانی شیعە، پایەی پێشەواکەیان دایە دەست (زەیدی کوڕی عەلی)، کاتێک لە ساڵی (122ک/739ز) لە ڕووبەروبوونەوەیەکدا لەلایەن ئومەوییەکانەوە کوژرا.
لەکاتێکدا پەیڕەوانی (دوازدە ئیمامی) ئەو پایەیان دایە دەست (محەمەد باقر). جیاوازیی نێوان ئەم (دوو) برایەش ئەوە بوو کە یەکەمیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا کوژرا، بەڵام دووەمیان ئەو بەرەنگارییەی نەکرد. هەروەک (حەسەن و حسێن) کوڕانی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب). (حەسەن) سازشی بۆ (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) کرد، بەڵام (حسێن) ملی بۆ کەچ نەکردن و بەرانبەریان وەستا، تا شەهید بوو.
هەر بۆیە لای بەشێکی شیعەکان ئەو کەسایەتییە کرایە ڕابەڕ، کە بە هێزی شمشێر وەک (حسێن کوڕی عەلی) ڕووبەڕووی ئومەوییەکان بووەوە تا شەهید بوو. بەم هۆیەشە شیعەکان بۆ (دوو) پەیڕەوی جیاواز دابەش بوون.
زۆری نەخایاند کۆمەڵێکی دیکە لە شیعەکان جیا بوونەوە و بە (کۆمەڵی ئیسماعیلییە) ناسران، چونکە پەیڕەویان لە (ئیسماعیل کوڕی جەعفەر ئەلسادق) کرد، لەکاتێکدا شیعەکانی (دوازدە ئیمامی) پەیڕەویان لە (مووسا کازم) کوڕە ناونجییەکەی (جەعفەر ئەلسادق) کرد و وەک حەوتەمین پێشەوای خۆیان سەیریان کرد. هەر بۆیە ئەمانیش وەک (کۆمەڵی زەیدییە) بە ڕکابەری کۆمەڵەی شیعەی (دوازدە ئیمامی) ناسران. ئەوەش بەو مانایە هات، کە ئەمانیش وەک کۆمەڵی خەواریج سەرباری بەهێزی و گەورەیی نەیارە سەرسەختەکەیان، کە ئومەوییەکان بوون، لەنێو خۆشیاندا بوونە چەند بەرەیەکی دژ بە یەک.
خاڵێکی دیکەی ئەم کۆمەڵە ئەوە بوو کە ئەوان بۆ دەرخستنی هێزی سیاسیی خۆیان بەرانبەر دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و کۆمەڵی خەواریج، بە چەندین بانگەشەی ئایینی، ڕەوایەتییان بە پەیڕەوەکەیان دا، لەوانە تێڕوانین بۆ پایەی (خەلافەت)، کە لای ئەوان بە (ئیمام یان پێشەوا) ناسرا. بۆچوونی ئەمان وابوو، کە دەبێت پێشەوای موسڵمانان لە بنەماڵەی پەیامبەر (د.خ) و خودی بنەماڵەی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) بێت.
هەروەها باوەڕیشیان وابوو، کە دانانی پێشەواکان لەلایەن خوداوە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە. بەپێچەوانەی پەیڕەوانی سوننەوە، کە پایەی خەلافەت و پێشەوایان بە ڕەزامەندیی خودا نەزانی، بەڵکوو بە ئەرکی خودی پەیڕەوانیان زانی لە دیاریکردنی خەلیفەکە و بەیعەتدان پێی.
ئامانجی شیعەکانیش لەو دیدگایە ئەوە بوو کە سەرجەم پێشەواکانیان بە بێتاوان لە هەموو هەڵەیەک و تاوانێک زانی و پێیان وابوو، کە سەرجەم پێشەواکان لە هەموو تاوان و هەڵە و گوناهێک بەرین. لەکاتێکدا خەلیفەکانی ئومەوی چەندین هەڵە و تاوانیان هەبوو، بۆیە دەیانویست بەو بانگەشەیە پیشانی کۆمەڵگای ئیسلامیی بدەن، کە پێشەواکانی ئەمان زۆر لە خەلیفەکانی ئومەوی شیاوی ڕابەرایەتیی کۆمەڵگای ئیسلامیین.
بانگەشەیەکی دیکەیان کارکردن بوو بە (خۆپارێزی). مەبەست لەم باوەڕەش شاردنەوەی باوەڕ و ئەرکی شیعەکان بوو لەبەردەم فەرمانڕەوا زۆردارەکانی سەردەمەکە کە ئومەوییەکان بوون، تا ئەو کاتەی سەردەمی ئەو دەسەڵاتدارانە بەرەو نەمان دەچێت و سەردەمی شیعەکان و گەیشتن بە پایە و دەسەڵاتیان دەست پێدەکا، چونکە پێیان وابوو ئەنجامی ئەو بەرەنگارییە شکست و زیانگەیاندنە بە پێشەوا و پەیڕەوەکانیان. هەروەک ئەوەی (محەمەد باقر) پەیڕەویی لێ کرد لەکاتێکدا (زەید)ی برای پەیڕەوی لێ نەکرد، تا کوژرا.
بانگەشەیەکی دیکەیان باوەڕبوونیان بوو بە (لەبەرگرتنەوەی گیان- دۆنادۆن). واتە پێیان وابووە، کە گیانی مرۆڤێکی زیندوو دوای مردنی دەچێتە مرۆڤێکی دیکەوە. هەر وەک ئەوەی گیانی (عیسای کوڕی مەریەم/ د.خ) چووەتە جەستەی (محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا) و گیانی ئەویش چووەتە جەستەی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب). ئەم حاڵەتەش تا دوازدە ئیمامەکەیان درێژەی کێشاوە. دیارە ئەمە بۆ گیانە پاکەکان، بەڵام گیانە پیسەکان، وەک گیانی خەلیفەکانی ئومەوی لە بۆچوونی ئەواندا، دەچووە جەستەی خراپەکانەوە.
هەروەها باوەڕیان وابوو کە هەر مرۆڤێک لە ڕۆژی دواییدا هەمان پایە و پاکیی سەردەمی ژیانی ئاسایی دەبێت. واتە لە ڕۆژی دواییدا پێشەوا و پیاوچاک و زاناکان وەک پێشەواکانیان و پەیڕەوکانیان بە ژیانێکی خۆش و بەهەشتی خودایی دەگەن، بەڵام ستەمکار و نەیارەکانیان بە سزای سەختی پەروەردگار و دۆزەخی خودایی دەگەن.
بەم شێوەیە هەر (سێ) کۆمەڵی شیعەکان لە سەردەمی ئەم دەوڵەتەدا بە (دوازدە ئیمامی، زەیدی، ئیسماعیلی) وەک هێزێکی ئایینی و سیاسیی نەیار دژ بە دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی کەوتنە کار و دەستیان دایە چەندین ڕاپەڕین و بزووتنەوەی چەکداری. لەو نێوەندشدا بەشێک لە کوردەکان پشتیوانییان لێ کردن و بوونە شیعە. [1]