$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 15$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا$
$هۆکاری فەرهەنگی$
ئەم هۆکارەیان بەپێچەوانەی هۆکارەکانی پێشوو، گرنگترین بەربەست و کێشە بوو لەبەردەم گەیشتن و بڵابوونەوەی ئایینی ئیسلام بە کوردستاندا. هۆیەکەش ئاشکرا و ڕوون بوو. لەلایەک زمانی کۆی گشتیی کورد لەو سەردەمەدا کوردی نەبوو، وەک ئەوەی دواتر بە زمانێکی نەتەوەی کوردی ناسرا، بەڵکوو زمانی خەڵکانی ئاسیای دووری، واتە زمانی ناوچەیی و زمانی خاوەن موڵک و دەستڕۆیشتووەکانی نێو سنووری ئیمپراتۆڕیی ساسانی پەهلەوی و زمانی نێو سنووری ئیمپراتۆریی بێزەنتی (لاتینی) بوو.
بەو هۆیەشی کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمەدا دابەش کرابوو، بۆیە ئەوەش کاریگەریی لەسەر زمانی ئاخاوتنی تاک و خێزانەکانی کورد هەبوو. ئەمە جگە لەوەی زمانی مووغ و پیاوانی ئایینیی زەردەشتی ئاڤێستایی و زمانی قەشە و ئوسقۆفەکانیش ئارامی بوون. هەروەها زمانی حاخام و گەورەکانی جوو، عیبری و زمانی شێخ و پیرەکانی ئێزدیش کرمانجی و زمانی پیرەکانی کاکەییش شێوەزاری هەورامی بوو. زمانی پەیڕەوانیشیان وەک ئاماژەمان پێ دا، دووڕی، واتە زمانی ناوچەیی بوو، کە ئاسایی شێوەزاری ناوچەیەک لە ناوچەیەکی تر جیاواز بوو. سەرباری ئەوانەش، زیاتر لە (95%) کۆی خەڵکی کوردستان نەخوێندەوار و (90%)یان گوندنشین بوون، واتە هیچیان لە بواری زمان و نووسین نەدەزانی.
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ساسانی و بێزەنتی دۆخی فەرهەنگ و خوێندەواریی هاووڵاتییانی ژێر دەسەڵاتیان بە کورد و پێکهاتەکانی ترەوە بە خودی خۆیان سپاردبوو. واتە کاریان بە پڕۆسەی خوێندن و فێربوونی کۆمەڵگای کوردییەوە نەبوو، ئەو بوارەیان بۆ خودی خەڵکەکە بەجێ هێشتبوو. خوێندنیش تەنیا لەسەر توێژی دەستڕۆیشتووەکان سنووردار بوو. هۆیەکەشی ئەوە بوو، توێژەکانی خوارووی کۆمەڵگای بە منداڵی پیشەوەر و کاسبکاریشەوە، توانای ئەوەیان نەبوو منداڵەکانیان فێری خوێندن و نووسین بکەن، چونکە خەرجی و ئەرکی زۆری دەویست.
بەو دۆخەشەوە، تاک و خێزانەکانی کۆمەڵگای کوردی تێدا دەژیا، ئایینی ئیسلام سەری هەڵدا و سوپای عەرەبی ئیسلامی لە دەروازەکانی باشووری کوردستانیان دا. ئەوەش بەو مانایە بوو کە هاتنی ئەو سوپایە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام و گەیاندنی بە نەتەوە و کۆمەڵگاکانی تر، وەک ئەرکێکی ئایینی، پێویستی بەوە هەبوو، بەر لە هەر شتێک تاک و خێزانی ئەو کۆمەڵگایانە لە ئایینی نوێ ئاگادار بکەن.
زمانی ئایینی نوێ و ئەو سوپایەی لە قۆناغی یەکەمدا ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی پێ سپێردرا، (عەرەبی) بوو. هەروەها (زمانی عەرەبی)ش زمانی (قورئان) واتە زمانی پەڕتووکی پیرۆزی ئایینی ئیسلام بوو. (قورئان)، تا ساڵی (650ز) کۆ نەکرایەوە و لە پەرتووکێکی تەواودا ڕێک نەخرا. هەروەها تا نیوەی دووەمی سەدەی حەوتەمی زایینی، خاڵ لەسەر وشەکانی دانەنرا و تا کۆتایی ئەو سەدەیەش سەروبۆری بۆ نەکرا.
هەر بۆیە گەیشتنی ئایینی ئیسلام، بە زمانی عەرەبی، کە زمانی خەڵکی کوردستان نەبوو، کێشە بوو لەبەردەم بڵاوبوونەوەی ئایینەکە و گەیشتنی بە تاک و خێزانەکانی کورد لەو سەردەمەدا. ڕاستە ئایینەکە گەیشتە کوردستان و بەشێکیان باوەڕیان پێ هێنا، بەڵام شتێک لە ئایینەکە و پەڕتووکە پیرۆزەکەی حاڵی نەبوون. هەر بۆیە کاتێک فەرماندە و ئەندامەکانی سوپای عەرەبی ئیسلامی، دەچوونە گوند و شارۆچکە و شار و ناوچەیەکی کوردستان، کێشەی یەکەمی بەردەمیان، تێگەیشتن بوو لە دانیشتوانەکەی و گەیاندنی ئایینەکە بوو بەوان، بەوەی چۆن پەیامی ئیسلام بگەیەنە ئەوان؟
وەک ئاماژەشمان پێ دا، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاییینی ئیسلامیش (قورئان) وەک پەڕتووکی پیرۆزی ئایینەکە، لە پەڕتووکێکی سەربەخۆدا بەردەست نەبوو. هەروەها ئەرکە ئایینییەکانی وەک باوەڕهێنان و نوێژکردن و سرووتە ئایینییەکان هەر عەرەبی بوون کە ئەوەش وەرگرتنی لەلایەن تاک و خێزانی کوردەوە نەک ئاسان نەبوو، بەڵکوو قورسیش بوو. بەتایبەت ئەوانەی نەخوێندەوار بوون، کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگای کوردی بوون.
دیوێکی تری لایەنەکە ئەوە بوو، کە کاری لەپێشینەی سوپای عەرەبی ئیسلامی، تا دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی دەگات، هەرچی زووتر بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان و گەیاندنی بوو بە دوورترین شوێن. دواتر فێربوون و تێگەیاندن و پێگەیاندنی ئەو تاک و خێزانانەی کەوتبوونە ژێر قەڵمڕەوی خۆیانەوە. هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبی ئیسلامی لە کوردستاندا، خێرا و کەم ماوە بوو، بەڵام گەیاندنی پەیامەکە بە تاک بە تاک و خێزان بە خێزانی کورد، کاتی دەویست، هەر بۆیە بۆ چەند ساڵێک دوا کەوت. ئەوەش حاڵەتێکی ئاسایی بوو.
دیارە ئەوانەشی باوەڕیان بە ئایینەکە هێنا، باوەڕەکەیان سادەیی و بەجێهێنانی ئەرکە سەرەکییەکان بوو، کە خۆی لە (شایەتیدان بە یەکتاپەرەستیی خودا، باوەڕهێنان بە فریشتەکان، پەیامبەران، پەڕتووکە پیرۆزەکان، ڕۆژی دوایی) و قبووڵکردنی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە دوایەمین پەیامبەری مێژووی مرۆڤایەتی، کۆ کرابوویەوە، تا بە (نوێژ، ڕۆژوو، زەکات، حەج) دەگات. واتە هەموو کۆمەڵە ڕێسا و یاساکانی ئایینەکە، نەگەیشتبووە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، تا هەر باوەڕدارێکی کوردی موسڵمان کاری پێ بکات، بۆیە بەو سادەییەش، سەخت بوو هەر باوەڕدارێکی کورد کاری پێ بکات.
ئیتر نازانرێت هەموو ئەوانەی پێداگری لە خێرایی و گەیشتنی ئایینی ئیسلام ئەکەن، بۆ زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە هەموو ئەرک و بنەماکانییەوە، پشتیان بە کام پێوەر و بە چ بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی بەستبوو؟ لە بچووکترین بەڵگەشدا، دەکرێت بپرسین، کە بۆچی دانیشتوانی شاری مەککە، بۆ ماوەی (13) ساڵ دژایەتیی (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا/ د.خ)یان کرد، لەکاتێکدا لە خودی خۆیان بوو؟ تەنانەت لەو شارەش، شەڕی خۆی و پەیڕەوانیان دەکرد و بۆ ماوەی (8) ساڵیش لە شاری (مەدینە) دژایەتییان کرد! ئیتر بەم شێوەیە کۆمەڵگای کوردی پێشوازیی لە ئایینەکە کرد و بێ وردبوونەوە و لێپرسینەوە لە ئایینەکە، قبووڵیان کرد. [1]