دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئايينی مەزدەک
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
ئایینی مەزدەکی بۆ پێشەواکەی، ''مەزدەک''ی کوڕی بامداد (468-536 ز) دەگەڕێتەوە کە لای هەندێ کەس بە پەیامبەرێکی فارسی و لای هەندێکی تر بە چاکسازێکی ئایینی ناسرا. ئەو پێشتر موغێکی زەدەشتی بوو، بۆ ڕزگابوونی ئایینەکەی و کۆمەڵگای ساسانی لە لەناوچوون بە پەیامێکی نوێوە هاتە مەیدان و لە بەرگێکی نوێدا خۆی پیشان دا، بە ناوی خۆیشییەوە ناو نراوە ''مەزدەکی''.
مەزدەکی کوڕی بامداد لە سەردەمی بیستەمین پادشای ساسانی بە ناوی قوبادی کوڕی پیرۆز (488-532ز) کە بە ''قوبادی یەکەم'' ناسرا، بانگەشەی بۆ پەیامەکەی کرد. دواتر لەلایەن پادشای ساسانی، وەک ئایینی فەرمیی دەوڵەتەکەی قبووڵ کرا. تەنانەت قوبادی یەکەم بۆ ماوەی (دە) ساڵ باوەڕی پێ هێنا و پشتیوانیی بڵاوکردنەوەی لێ کرد، تا کۆمەڵگای ساسانی لەو کێشە و ئاریشانە ڕزگار بکات کە تێی کەوتبوو. هەربۆیە ئەو ماوەیە بە سەردەمی زێڕێنی ئایینی مەزدەکی ناسرا.
لەو ماوەیەشدا ئایینەکە گەیشتە ئەو ناوچانەی کوردستان و مەڵبەندە کوردنشینەکان کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆڕیی ساسانی، بەڵام بەو پێیەی پەیامەکە نوێ و دوور بوو لە باوەڕ و تێگەیشتنی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە، بۆیە ئاستی بڵاوبوونەوەی سنووردار بوو. هۆکاری دووریی پەیامەکەشی لە واقیعی ئایینی و کۆمەڵایەتیی سەردەمەکە ئەوە بوو کە (مەزدەک) ئايينەکەی لەسەر (دوو) بنەمای سەرەکی داڕشتبوو؛ یەکەمیان گێڕانەوەی داهات و دارایی و سامانی وڵات بوو بۆ تێکڕای کۆمەڵگا، نەوەک بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو، دووەمیشیان دانی ئازادی بە ئافرەت بوو، بەوەی کە ئازادە شوو بە چەند پیاوێک دەکات و چەند پیاو دەکاتە هاوسەری خۆی؟
دیارە ئەگەرچی (مەزدەک) پەیامەکەی بەو شێوەیە نەخستە ڕوو، تا سامانی گشتی ئازاد بکات و ژنانیش وەک پیاوان مافی فرەیان هەبێت، بەڵام دواجار وا کەوتەوە، ڕاستییەکەی (مەزدەک) پێی وابوو، ناکرێت کەمینەیەک دەست بەسەر داهات و سامانی زۆرینەی کۆمەڵگادا بگرن، چونکە ئەو سامانەی بەرپرسان و خاوەن موڵک و دەرەبەگ و بازرگانان پێکەوەیان ناوە، بەشێکی لەسەر خوێن و هێز و بازووی کاسبکار و جووتیار و زەحمەتکێشان بنيات نراوە. هەروەها باوەڕشی وابوو، وەک چۆن پیاوان مافی ئەوەیان هەیە چەند ژنێک بهێنن، ئەوا ژنانیش مافی ئەوەیان هەیە شوو بە چەند پیاوێک بکەن.
لەم (دوو) پەیامەشیدا ئامانجی ئەوە بوو، لە لایەک ڕێگری لە قۆرخکاریی داهات و سامانی وڵات بکات لەلایەن کەمینەیەکی دەسەڵاتدارەوە، لە لایەکی دیکەوە ڕێگری لە فرەژنی بکات لەلایەن پیاوەکانەوە، بەڵام دواتر بابەتی فرەپیاوی بۆ ژنان، کۆمەڵگای ساسانیی لێ هاتە دەنگ و خراپ بەسەر پەیامەکانیدا شکایەوە. هۆیەکەش ئەوە بوو کە بۆ ئەو سەردەمە قورس بوو، باس لە فرەپیاوی بۆ کچان و ژنان بکرێت.
هەروەها (مەزدەک) ویستی لە ڕێگای ئەو (دوو) پەیامەوە زۆرینەی کۆمەڵگا لەسەر حیسابی کەمینەکەی ڕازی بکات، بەوەی زۆرینەی کۆمەڵگا هەژار و کەمینە دەسەڵاتدار و ساماندار بوون. هەروەها پیاوانیش وەک ڕەگەزی نێر، تەواوی ئازادییەکانیان لە کچان و ژنان، واتە ڕەگەزی مێ سەندبوو، بۆیە ویستی بەو (دوو) پەیامە و وەک ئەرکی ئایینی، زۆرینەی کۆمەڵگا ڕازی بکات و مافەکانیان لە کەمینە بۆ وەربگرێتەوە، بەڵام کێشەی گەورە ئەوە بوو، کە لە لایەک گەیاندنی ئەو (دوو) پەیامە بۆ وەها ڕۆژگارێک سەخت و دژوار بوو کە زۆرینەیان نەخوێندەوار و باوەڕداری ئایینەکانی تر بوون.
لە لایەکی دیکەوە، پەیڕەوانی توانای گەیاندنی ئەو پەیامەیان وەک خۆی نەبوو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، هەژارانیان کرد بەگژ خاوەن موڵک و ساماندارەکان و دواجار بێسەروبەری و پاشەگەردانیی کۆمەڵگای لێ کەوتەوە. لەلایەکی دیکەوە، شووکردنی چەند کچێک بە چەند پیاوێک، یان کۆکردنەوەی چەند پیاوێک لەلایەن ژنێکەوە، نەک هەر بۆ باوک و پیاوەکان سەخت و قورس و قبووڵنەکراو بوو، بەڵکوو بۆ خودی کچان و ژنانی ئەو سەردەمەش سەخت و دژوار بوو.
بەتایبەت بۆ کۆمەڵگای کوردی و کوردستانی لەو سەردەمەدا، کە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و هۆزایەتی و تیرەگەری و ناوچەگەری بوو. ئەمەو سەرباری باڵادەستیی سیستەمی دەرەبەگایەتی و باڵادەستیی ئایینەکانی وەک (جوو، زەردەشتی، مەسیحی و مانی)، لەپاڵ بوونی ئایینەکانی (ئێزدی و کاکەیی) بەسەر کوردستانەوە، چونکە هیچ یەک لەو ئایینانە، پەیامەکەی مەزدەکیان نەک هەر قبووڵ نەبوو، بەڵکوو بە دژی خواستی خودا و پێچەوانەی ئایینەکەیان و کۆمەڵگاکەیان دەزانی.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەو توێژە هەژار و زەحمەتکێشانەی کۆمەڵگای کوردی وەک پێکهاتەکانی تری نێو ئیمپراتۆریی ساسانی کە بەدەست ستەم و چەوساندنەوەی بەرپرسانی ساسانی و دەرەبەگ و خاوەن موڵک و بازرگان و پیاوانی ئایینییەوە گیریان کردبوو، بە پەیامەکەی مەزدەک خۆشحاڵ بوون و پشتیوانییان لێ کرد، بۆیە بەشێکیان باوەڕیان پێ هێنا و بوونە پەیڕەوکاری.
تەنانەت لە هەندێ ناوچە، بەتایبەت شارەکان پشتیوانیی لێ کرا، بەڵام گوندنشینەکان بەهۆی نەخوێندەوارییان و باڵادەستیی خاوەن موڵک و دەرەبەگەکان لە لایەک و پیاوانی ئایینی لە لایەکی دیکە بەسەریانەوە، نەیانتوانی ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە و باوەڕ بە پەیامەکە بهێنن. هەربۆیە ئەوانەی لەو دۆخە تووڕە و نیگەران بوون، پەیامەکەی مەزدەکیان قۆستەوە و لە ڕێگای بەتاڵانبردنی سەروماڵی دەرەبەگ و خاوەن موڵک و بازرگانان، باوەڕیان بە ئایینەکە هێنا.[1]