مەڵبەندە کوردنشیینەکان پێش دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام؛ هەرێمی ئازەربایجان
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
هەرێمی ئازەربایجان، یان بە واتا مێژووییەکەی (ئازەربایگان) یەکێکی دیکە بوو لە مەڵبەندە کوردنشینەکان لە قۆناغی مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا، لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتبووە باشووری هەرێمی ئاران و باکوور و باکووری خۆرئاوای هەرێمی چیا. لە بەری خۆرهەڵاتیشەوە دەریاچەی خەزەر و ناوچەکانی (دەیلەم و تارم و گیلان) بوون، بەشێکی خۆرئاوا و باکووری خۆرئاوایشی بە هەرێمی ئەرمەنستانەوە بەسترابووەوە.
بە هەرێمێکی فراوان و فرەڕەگەز و فرەئایین و بازرگانی ناسرابوو، چونکە ڕێگایەکی ئاوریشم بەو هەرێمەدا تێپەڕ دەبوو کە سەرباری ناوبانگەکەی، داهاتێکی باشی بۆ دانیشتووانەکەی دروست کردبوو. دیارە لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی هەرێمەکە کوردنشین بوون، بەڵام چەندین پێکهاتەی تری وەک (ئەرمەنی، ئاسووری) و دواتر (ئازەری) ڕوویان لە هەرێمەکە کرد. ناوی (ئازەربایجان)یش لەدوای هاتنی نەتەوەی ئازەر کەوتە نێو ناوان، کە قۆناغ بە قۆناغ دەستی بەسەر هەرێمەکەدا گرت. لە گرنگترین مەڵبەندە کوردنشینەکانی هەرێمەکەش ئەمانە بوون:
1- تەورێز: دیارترین شار و مەڵبەندی کوردنشینی هەرێمەکە بوو تا هاتنی شاڵاوی سەربازیی عەرەبە موسڵمانەکان بۆ ناو هەرێمەکە. شارەکە کەوتبووە خۆرهەڵاتی دەریاچەی ورمێ و بە شارێکی گەورە و ئاوەدان و بەپیتی کشتوکاڵی و مەڵبەندی بازرگانیی هەرێمەکە ناسرابوو.
2- ورمێ: کەوتبووە خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ و شاری تەورێز و باشووری شاری سەڵماس. بە شارێکی جوان و بەپیت و دەوڵەمەند ناسرابوو. یەکێکیش بوو لەو شارانەی شمەکی زۆر هەرزان و خاوەن بازاڕێکی گەورە بوو، هەر لە کۆنەوە و بەهۆی پێگەکەیەوە بۆ مەبەستی بازرگانی دروست کرابوو، بۆیە چەندە بایەخی کشتوکاڵیی هەبوو، بەهۆی زەوییە بەپیتەکانییەوە، دوو ئەوەندە بە شارێکی بازرگانی ناسرابوو، بەهۆی زۆریی بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەی دەست و کاڵای بازرگانی.
3- مەراغە: کەوتبووە باشووری تەورێز و خۆرهەڵاتی شار و دەریاچەی ورمێ، کە ڕووباری (صافی) پێدا تێپەر دەبوو. بە شارێکی دڵگیر و ئاوەدان و کشتوکاڵیی هەرێمەکە ناسراوە. سەرەڕای چڕیی دانیشتوانی و دەوڵەمەندیی خاکەکەی، بە قەڵا گەورەکەیشی بەناوبانگ بوو.
4- شنۆ: کەوتبووە باشووری شاری ورمێ و باشووری خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ، بە شاری میوەی جوان و بەتام بەناوبانگ بوو. ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندیی بە سەرچاوەی ئاوی سازگار و کارێز و کانیاوی پاک.
5- سەراب: کەوتبووە باشووری خۆرهەڵاتی چیای سەبەلان و لە نێوان هەردوو شاری (ئەردەبیل و تەورێز)دا بوو. بە شارێکی جوان و دەوڵەمەند ناسرابوو. ڕەز و باخە گەورەکانی ناوبانگێکی زیاتریان پێ بەخشیبوو.
6- میانە یان میاندواو: کەوتبووە نێوان (تەورێز و مەراغە) و شارێکی بچووک و دڵگیر بوو. هەروەها لە ڕیزی شارە بەپیت و ئاوەدان و هەرزانەکانی هەرێمەکە ڕیزبەند کرابوو.
7- خۆی: کەوتبووە خۆرئاوای سەرند و باکووری سەڵماس و باکووری خۆرئاوای تەورێز و بە ڕەز و باخ دەورە درابوو. هەروەها بە شارێکی دەوڵەمەند بە میوەی جۆراوجۆر بەتایبەت (ترێ) ناسرابوو، کە لە دروستکردنی شەڕابدا سوودی لێ وەردەگیرا.
8- سەڵماس: کەوتبووە باکووری خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ و باشووری خۆی، بە شارێکی بچووک و دەوڵەمەند ناسرابوو. یەکێکیش بوو لە شارە پڕ دانیشتوانەکانی هەرێمەکە و شوورایەکی گەورەی لە بەرد دروستکراویش دەوری شارەکەی دابوو.
9- خاڵخاڵ: کەوتبووە باشووری شاری ئەردەبیل. بە ڕەز و باخی گەورە و گوندی زۆر ناسرابوو. قەڵایەکی سەختی تێدا بوو، کە هەموویان کورد بوون.
10- ئەردەبیل: کەوتبووە باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمەکە، بە شارێکی جوان و دەوڵەمەند ناسرابوو. یەکێکیش بوو لەو شارانەی هەرێمەکە، کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک تێیدا نیشتەجێ بوون.
ئەم هەرێمە وەک ئاماژەمان پێ دا، بە هەرێمێکی فرەنەژاد و فرەئایین ناسرابوو. لەگەڵ ئەوەی، تا دوای هاتنی عەرەبە موسڵمانەکان بۆ ئەو هەرێمە و سێ سەدە لە دەسەڵاتداریشیان، زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بوون، بەڵام دواتر تورکەکان ڕوویان تێ کرد و یەکێک لە ڕەگەزەکانیان، کە ئازەری بوون، بە لێهاتوویی و زەبر و هێزی سیاسییان دەستیان گەیشتە چەندین ناوچە و شاری هەرێمەکە. تا ئەوکاتیش ئەوان خۆیان کردە برابەشی کوردەکان. هەرێمەکە ئاوەدان و مەڵبەندی چەندین هۆز و بنەماڵەی کوردی بوون، کە دیارترینیان هۆزی هازبنی کوردی بوون.
باوەڕی خەڵکەکەی ئەم هەرێمەش، بەگشتی زەردەشتی بوون، سەرباری پێکهاتەی ئاسووری و ئەرمەنییەکان کە مەسیحی بوون. ئایینی جووش باوەڕی بەشێکی خەڵکەکەی پێک هێنابوو، کە زیاتر بە کاری بازرگانی و پیشەی دەست و ئاڵوگۆڕی دراوەوە سەرقاڵ بوون. خانووەکانی هەرێمەکەش (گەچ و بەرد) و هونەری تەلارسازی بە بەشێکی باڵەخانەکانی شار و پەرەستگا ئایینەکانی جوو و زەردەشتی و مەسیحییەوە دیار بوو.[1]