لۆلۆبییەکان؛ دانیشتوانی کۆنی کوردستان
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
لۆلۆبییەکان دووەمین کۆمەڵی دانیشتوانی کوردستان بوون کە لە قۆناغی مێژووی کۆندا ناویان چووبێتە تۆمارەکانی مێژووەوە. دەرکەوتنی ئەوانیش بۆ سەرەتاکانی هەزارەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کاتێک لە تۆماری پادشایانی سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووری، یەک لەدوای یەک ناویان هێنراوە. ئەوەش بەو مانایە بووە کە لۆلۆبییەکان هاوسەردەمی (سێ) زلهێزی عێراقی کۆن بوون.
سۆمەرییەکان لە تۆماری (سۆشین)ی چوارەمین پادشای شاری ئوور، ئاماژەی بە (سێ) لایەنی گرنگی ژیانی ئەوان داوە. یەکەمیان وەک کۆمەڵێکی دامەزراوەیی باکووری خۆرهەڵاتی سنووری دەسەڵاتیان تۆماری کردوون. دووەم، توانیویانە لە قۆناغێکدا دەسەڵاتێکی ناوچەیی دروست بکەن، کە ناوی (میرنشینی خەمازی) بووە. ئاماژەی سێیەمیش لەلایەن سۆمەرییەکانەوە، تۆمارکردنی (دوو) دەسەڵاتداری لۆلۆبییەکان بووە بە ناوەکانی (نەمخانی) و کوڕەکەی (لۆنا).
یەکەمیان لەنێوان ساڵانی (2113- 2109 پ.ز) فەرمانڕەوایی کردووە. دووەمیشیان، کە کوڕەکەی بووە، لەنێوان ساڵانی (2109- 2103 پ.ز) فەرمانڕەوایی میرنشینی خەمازی کردووە. ئەکەدییەکانیش لە کاتی ململانێیان لەگەڵ گوتییەکان، ئاماژەیان بە بوونی پێکهاتییەکی تر کردووە، کە هاوسێی گوتییەکان بوون، بە ناوی (لۆلۆبیوم)، کە هەر لۆلۆبییەکان بوون.
ئاشوورییەکان ئاماژەیان بە دەسەڵاتدارێتیی لۆلۆبییەکان بەسەر ناوچەی (زاموا)ەوە کردووە، کە مەبەست لەو ناوچەیەی (سلێمانیی ئێستا) بووە. تەنانەت ئاماژەیان بە چەندین شەڕ و ململانێی خۆیان لەگەڵ لۆلۆبییەکان کردووە، لە ناوچەکانی (بیث یون- بیتوێن) و (بیث سیان- بازیان) و (ئازیرۆ- ئەزمر)دا. بەپێی تۆماری ئاشوورییەکانیش، لەو شەڕانەدا ڕووبەڕووی بەرگریی سەختی لۆلۆبییەکان و تەکنیک و هونەری جەنگی بوونەتەوە. هەموو ئەوانەش ئاماژەن بە مێژوو و دەسەڵات و هێزی ئەو کۆمەڵەی کوردستان لە کۆندا.
دوای بەدواداچوونمان بۆ مێژووی لۆلۆبییەکان، گەیشتووینەتە ئەوەی، کە دەسەڵاتی ئەوان لە ناوچەکانی هەورامان و شارەزوورەوە بەرەو ناوچەی سلێمانی و شارباژێر درێژ بووەتەوە و گەیشتووەتە ناوچەکانی بیتوێن و پشدەر، لە ڕاپەڕین و گەرمیانی ئێستا. ئەمەو لە قۆناغی دواتردا، توانیویانە میرنشینی (خەمازی) دابمەزرێنن و بەو دەسەڵاتەوە فەرمانڕەوایی ئەو ناوچانە بکەن.
خاڵی گرنگ و هێزی ئەم میرنشینەش ئەوە بووە، کە پەیوەندیی سیاسی و بازرگانیی لەگەڵ (میرنشینی ئێبێلا) بووە، کە سنووری دەسەڵاتی کەوتووەتە خاکی سووریا لە ناوچەی حەلەب. کاتێکیش لە مێژووی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو میرنشینە دەکۆڵینەوە، دەگەینە ئەوەی، کە بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ناوچەی شارەزوورەوە بۆ سلێمانی و دواتر بۆ سنووری خاکی سووریا، تا بگاتە میرنشینی ئیبێلا، سنوورێک لەنێوانیاندا بووە، کە قەڵمڕەوی ئیمپراتۆریی ئاشووری بووە.
ئاشوورییەکانیش نەیاری سەرسەختی هەردوو میرنشینەکە بوون، بۆیە ئاسایی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە، بە ناوچەکانی باکووری دەسەڵاتی ئاشوورییەکان ئەنجام دراوە، نەک قەڵمڕەوی سنووری ئیمپراتۆریی ئاشووری. ئەو ناوچەیەش سەرەڕێی کاروانی بازرگانیی ئەو (دوو) دەسەڵاتە بووە، کەوتووەتە باکووری کوردستانی ئەمڕۆ. بەو پێوەرش بێت، ئالوگۆڕەکە بەنێو خاکی کوردستاندا کراوە. هەر بۆیە زۆر پێدەچێت نەژادی هەردوو میرنشینەکە یەک و یەک پێکهاتەی نەتەوەییان بووبێت.
خاڵێکی تر لە مێژووی لۆلۆبییەکان ئەوەیە، کە سەرباری بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕیشەی ناوەکەیان (لۆلۆ، لۆلۆبی، لۆلۆبیوم، لۆلۆبیون)، کۆمەڵێکی چیانشین و کوردستانی بوون. هەروەها لەگەڵ کۆمەڵی (سوئییەکان) لە قۆناغێکدا ناویان هێنراوە. واتە لە قۆناغێکدا هاوسەردەمی یەک بوون، کە ئاسایی لۆلۆبییەکان دوای سوئییەکان ناویان چووەتە تۆمارەکانی مێژووەوە. بەوەش سوئییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێری ئێستا و لۆلۆبییەکانیش لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەسەڵاتدار بوونە.
جیاواز لەو تۆمارانەش، لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە لۆلۆبییەکان خاوەن زمانی خۆیان بوون، کە نزیکایەتیيان لەگەڵ زمانی ئەکەدییەوە هەبووە و نووسینی بسمارییشیان بەکار هێناوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبووە، کە تەنیا بەهۆی نزیکایەتیی زمان و نووسینەوە، لۆلۆبییەکان لە نەژادی ئەکەدی و سۆمەری بن، چونکە ئاسایی لەنێو زمانەکاندا هەمیشە نزیکایەتی هەبووە. هەروەها نووسینی بسماریش لەپاڵ نووسینی هیرۆگلیفی میسرییە کۆنەکان، دوو شێوازی نووسینی پێکهاتە و کۆمەڵەکانی هەزارەکانی سێیەم بۆ یەکەمی پێش زایین بوون.
لە لایەکی دیکەوە لۆلۆبییەکان لە ڕووی ئابوورییەوە پشتیان بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بازرگانی و پیشەی دەست و باج بەستووە. بە ئاستێک، بەروبوومەکانی دانەوێڵە لای ئەوان لە باشترین دانەوێڵەی سەردەمەکە بوونە و لە بازاڕەکانی سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووری، تا بە سنووری قەڵمڕەوی میرنشینی ئێبێلا، چاویان لەسەر بووە و کڕیاریان هەبووە.[1]