حکوومەتی عەننازی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
زاراوەی (عەنناز)ی بۆ یەکەمین جار لەلایەن مێژوونووسی ئیسلامی (ئیبنوئەلەسیر) لە بەرهەمەکەیدا (الکامل فی التأریخ) بەکار هێنراوە. (د. حیسام ئەدین نەقشبەندی)ش لە تێزی ماستەرنامەکەیدا بەناوی (الکرد فی دینور وشهرزور خلال الربع والخامس الهجریین) بە (عەنناز) ناوی هێناوە، لە کاتێکدا هەندێک مێژوونووسی تر بە (عەییار و عەنان) ناویانی هێناوە. واتە حکوومەتەکە چەند ناوێکی بووە. کاتێکیش دەمانەوێت ناوچەیەکی سنووری دەسەڵاتی ئەم حکوومەتە و هەڵکەوتەی جوگرافی دەستنیشان بکەین، ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبینەوە، کە لە سەرووی هەموویانەوە کەمیی سەرچاوە و دیارینەکردنی سنوورەکەیەتی. هۆکاری ئەوەش ململانێی ناوخۆیی و پیلان و هێرشی دەرەکی بووە بۆ سەریان. ئەمەش به بەردەوامی سنوورەکەی خستووەتە مەترسییەوە. واتە کاتێک حکوومەتەکە دوور بووبێت لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی، لەوپەڕی دەسەڵاتیدا بووە و دەستی بەسەر شارەکانی (حولوان، دینەوەر، قەرەمسین، ئەسەدئاوا، شارەزوور، سومەیرە، سامغان، داقوق، خانیجار، خانەقین، بەندەجین، دسکرە)دا گەیشتووە. کاتێکیش ڕووبەڕووی ململانێ ناوخۆیی و شاڵاوی دەرەکی بووبێتەوە، سنوورەکانی بەرتەسک بووەتەوە.
دەرکەوتنی ئەم دەسەڵاتە وەک سەرجەم دەسەڵاتە کوردییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست زۆر دیار نییە و دەرکەوتنی بەوردی نازانرێت، بەڵام ئەوەندە زانراوە کە (ئەبولفەتح موحەممەدی کوڕی عەنناز) لە ساڵی 991ز تا ساڵی 1010ز، فەرمانڕەوایەتیی شاری (حولوان) و دەوروبەری کردووە، بۆیە دەکرێت ساڵی 991ز، بە ساڵی دامەزراندنی ئەم حکوومەتە بزانرێت، کە لەلایەن ئه و کەسایەتییەی تیرەی (شازنجانی) هەرێمی لۆڕستانەوە دامەزراوە. ئه و ڕۆژگارەشی (ئەبولفەتح) بنیاتی ئه و دەسەڵاتەی دا، دوو ڕووداوی سەرەکی ڕۆڵیان لە دامەزراندنیدا بینی، یەکەمیان ململانێی ناوخۆیی نێوان (بەدری کوڕی حەسنەوی) و (هیلالی کوڕی بەدر) لەسەر دەسەڵات، کە (هیلال) دایکەوە سەر بە تیرەی (شازنجانی) بوو. ئەوەش زەمینەی دەست خستنە ناو کاروباری حکوومەتی حەسنەوی بۆ سەرۆکی تیرەی شازنجان (ئەبولفەتح) ڕەخساند، تا لەسەر حیسابی حکوومەتی حەسنەوی و بەهۆی پشتگیریی (هیلالی کوڕی بەدر)ەوە سنووری دەسەڵاتی فراوان بکات. هۆکاری دووەم ململانێ نێوان بوەیهییەکان و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی لەلایەک و بوەیهییەکان و بنەماڵەکانی (بەتایح و عەقیل)ی عەرەبی و (شاهینی کوردی) لەلایەکی ترەوە، بۆشاییەکی لە ناوچەی حولوان و دەوروبەری دروست کردبوو، بۆیە نە خەلافەتی عەباسی و نە بویهییەکان، کە دوو زلهێزی ئه و ڕۆژگارە بوون و نەپەرژانە سەر ئه و ناوچەیە و کۆسپیان لەبەردەم سەرۆک تیرەی شازنجانی دروست نەکرد. بەوەش زەمینەی دامەزراندنی ئه و دەسەڵاتە ڕەخسا.
لە مێژووی ئەم حکوومەتەدا (شەش) ئەندامی بنەماڵەی عەننازی جڵەوی دەسەڵاتیان کەوتەدەست. له و ماوەیەشدا حکوومەتەکە کەوتە نێو ململانێی توندی دوو دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (عەباسی و سەلجوقی) سوننە و (بوەیهی و فاتیمی) شیعە، لەپاڵ ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی عوقەیلی عەرەبی لە شاری مووسڵ و دەوروبەری. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حکوومەتە ساڵانێکی لە ململانێی توند و خوێناوی لەگەڵ ئه و هێزە ڕکەبەرانەی یەکتر تێپەڕاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانی وەک سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەردەمەکەی خۆی ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت و لە زۆربەی بوارە ژیارییەکاندا کاریگەری خۆیان لەسەر سنووری دەسەڵاتی و دەوروبەری بەجێ بهێڵێت. ئەوەش بەهۆی ئابوورییە بەهێزەکەیەوە بوو. بەتایبەت لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی (خورما، هەنجیر، هەنار، ترێ). (شارەزوور)یش شار و ناوچەیەکی ئاوەدان و بەپیت بوو، ئەمە و جگە لە سامانی ئاژەڵ، کە بنەمایەکی تری ئابووری حکوومەتەکە بوون. به و پێیەشی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتەکە لەنێوان هەرێمەکانی (کوفە و بەسرە) لە خۆرئاوا وە ئیسفەهان و خوزستان، لە بەری خۆرهەڵات و وڵاتی دەیلەم لە باکوور بوو، شار و ناوچەکانی ئەم حکوومەتە وەک وێستگەیەکی کاڵا بازرگانییەکانی ئه و هەرێمانە وابوون. سەرەڕای ئه و بوارانەش کانەکانی (ئاڵتوون و زیو و ئاسن) لە بەنرخترین کانەکانی سنووری ناوچە جوگرافییەکەی بوون، کە لەلایەن دانیشتوان و خاوەن پیشەوەرانی ئەم بوارەوە دەردەهێنران و کاری پیشەسازی و بازرگانی پێوە دەکرا.
لە بواری ڕۆشنبیریی خوێندنیشدا، ناوبانگی خۆی هەبوو. لەم ڕووەوە زانای ئایینی (ئەبولقاسمی حولوانی) زانایەکی پایەبەرز و ناسراوی سەردەمی خۆی بوو. هەروەها (ئەبوعەبدوڵا سولیمان کوڕی ئەبوتالیب) شارەزایەکی بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری سەردەمەکەی بوو. (شێخ ئەبوسەعد کوڕی یەحیای حولوانی)ش سەرەڕای ئەوەی زانا و دیپلۆماتێکی سەردەمەکەی بوو. تەنانەت لەلایەن خەلیفە (موستەهیز بیللا) عەباسی بانگهێشتی بەغدادی پایتەخت کرا و چەندین کاری دیپلۆماسی خەلافەتی عەباسی پێ سپێردرا. سەرجەم ئه و زانا و ئەدیب و شارەزایانە لە خوێندنگاکانی سنووری حکوومەتی عەننازی و لە شارەکانی (دینەوەر و حولوان) پەروەردە بوون.
سەرباری ئه و قورسایی و دەسەڵاتەی تیرەی شازنجانی کوردی لە بەشێکی کوردستاندا خستیانە ڕوو، زۆری نەخایاند دەسەڵاتەکەیان ڕووی لە لاوازی کرد، کە دواجار بە ڕووخانی حکوومەتەکەیان دوایی هات. سەرەکیترین هۆکاریش ناکۆکیی نێوان ئەندامانی بنەماڵەکە، هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشانی یەکێتیی بنەماڵەیی بو و، کە زەمینەی دەستێوەردانی دەرەکی بۆ کاروباری ناوخۆیی ڕەخساند. هەروەها سیاسەتی خەلیفە (موستەرشد بیللای عەباسی) بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەی قوڕسایی خەلافەتی عەباسی بۆ دۆخی جارانی، هۆکارێکی تری کۆتایی هاتن بوو به و دەسەڵاتە. دیارە ئەوەش دوای ئەوەی توانای سەربازیی حکوومەتەکە لەئاست توانای سەربازیی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و سەلجوقییەکان، لە گرنگترین فاکتەرە سەرەکییەکانی ڕووخاندنی حکوومەتەکە بوون.[1]
$سەرچاوەکان$
أبن الاثير: الکامل فی التاریخ.
محمد أمین زکی بک: تاریخ الدول و الامارات الکردیە فی العهد الاسلامی.
جەمیل بەندی ڕۆژبەیانی: مێژووی حەسنەوەی و عەییاری.