حکوومەتی زەند
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
(حکوومەتی زەند) یەکێکی تر بوو له و دەسەڵاتە کوردییانەی بۆ ماوەی نیو سەدە فەرمانڕەوایەتیی وڵاتی ئێرانی کرد. ئه و دەسەڵاتە ئەگەرچی بەناوی مێژووی ئێرانەوە تۆمار کرا و میرەکانی جگە لە دامەزرێنەرەکەی (کەریم خانی زەند) بە ناسناوی (پادشا) چوونە تۆمارەکانی مێژووەوە، بەڵام ئەوانە هیچ له و ڕاستییانە ناگۆڕن، کە دامەزرێنەری حکوومەتەکە کورد و لە هۆزێکی کوردی بووە بەناوی (زەند). ڕاستە ئه و لە ڕووی ئایینزاوە (شیعە) بووە، هەربۆیە لە قۆناغێکی مێژووییدا هۆز و بنەماڵەکەی گەیاندە پایەی دەسەڵات، بەڵام ئایین و ئایینزا هیچ کات کەسێکیان لە مۆرکی نەتەوەیی و نیشتمانی دانەبڕی، تا (کەریم خانی زەند)یش له و مۆرکە داببڕن. ئەمە و بەهۆی ئەوەی (کەریم خان) دەوڵەتەکەی لەسەر تەواوی خاکی ئێران دامەزراند، نەک بەشێکی خاکی کوردستان، بۆیە وەک پادشایەکی ئێرانی ناوی چووە تۆمارەکانی مێژووەوە نەک وەک میرێکی کوردی و دەسەڵاتدارێکی کوردستانی. بەوەش بۆ قۆناغێک کە کەمتر بوو لە نیو سەدە، میرێک خۆی و بنەماڵە و هۆزەکەی گەیاندە لووتکەی دەسەڵات لە خاکی ئێراندا. دامەزرێنەری ئەم حکوومەتە لە ساڵی (1753ز) لە هەرێمی فارسی باشووری وڵاتی ئێران گەیشتە دەسەڵات و شاری (شیراز)ی کردە پایتەخت. واتە له و هەرێمەی چەندین مەڵبەندی کوردنشینی لێ بوو. وەک ئەوەی (حکوومەتی شوانکارەی کوردی) لە قۆناغێکی سەدەکانی ناوەڕاستدا فەرمانڕەوایەتیی ناوچەی فارس و دەوروبەری کرد.
مێژووی ئەم حکوومەتە بۆ نێوان ساڵانی (1753−1792ز) دەگەڕێتەوە، کاتێک (کەریم خانی زەند) سەرۆکی هۆزی زەند بە هاوکاریی (عەلی موراد خانی بەختیاری) سەرۆک هۆزی بەختیاری، لە ساڵی (1746ز) کۆتاییان بە دەوڵەتی ئەفشاری هێنا و حکوومەتێکی کاتییان لە ناوچەی (ئیسفەهان) دامەزراند. ئەوەش دوای ئەوەی (نادرشای ئەفشار) لەلایەن یەکێک لە نزیکەکانی خۆیەوە کوژرا. دوای (حەوت) ساڵیش له و ڕووداوە و حکوومەتە کاتییە هاوبەشەکەی (کەریم خانی زەند و عەلی مورادخانی بەختیاری)، (کەریم خانی زەند) بەسەر بەرامبەرکەیدا سەر کەوت و لە ساڵی (1753ز) حکوومەتی زەندی لە شاری (شیراز)ی مەڵبەندی ئوستانی فارس ڕاگەیاند و ئه و شارەی کردە پایتەختی دەسەڵاتەکەی. دواتر بە چەندین شاڵاوی سەربازی دەستی بەسەر تەواوی خاکی ئێراندا گرت و حکوومەتێکی نوێی تێدا دامەزراند، کە جیاواز بوو لە دەسەڵاتە سەربازییەکەی (ناردشای ئەفشار). تەنانەت (کەریم خان) لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا لەنێوان ساڵانی (1753−1779) خۆی وەک پادشای ئێران و زەند نەناساند، بەڵکوو وەک (خزمەتگوزاری میللەت) خۆی ناساند و ناوی لە تۆمارەکانی دەوڵەتەدا هات. لەسەر ئه و بڕوایەی ئه و گەورەی وڵات نییە، بەڵکوو بچووکی وڵات و خزمەتگوزاری هاوڵاتییەکانییەتی بۆ خزمەتکردنیان. هەر ئەوەش ناو و ناوبانگی ئەویان لە تەواوی مێژووی ئێران و ناوچەکەدا جوانتر و گەورەتر کرد.
لە مێژووی ئه و حکوومەتەدا (هەشت) ئەندامی هۆزی زەند جگە لە (کەریم خان) گەیشتنە پایەی دەسەڵات. ئەوانیش هەر یەک لە (ئەبولفەتح خان کوڕی کەریم خان، عەلی موراد خان، موحەممەد عەلی خان کوڕی کەریم خان، سادق خان کوڕی کەریم خان، عەلی موراد خان، جەعفەر خان کوڕی سادق خان، حەمید موراد خان، لوتفی عەلیخان) بوون. ئەوان، کە لە ماوەی (چل و یەک) ساڵی فەرمانڕەوایەتییان وڵاتی ئێرانیان بەڕێوە برد، تا ئه و کاتەی لە ساڵی (1792ز) حکوومەتەکە لەسەر دەستی (موحەممەد خانی قاجار) کۆتایی بە دەسەڵاتی هات، لە هەوڵی ئەوەدا بوون، کە به باشترین شێوە هێزی خۆیان بەسەر تەواوی خاکی ئێراندا بسەپێنن و بەرامبەر هەموو نەیارەکانیان و هێزە دەرەکییەکان بوەستن، بەڵام ئه و هەوڵەی ئەوان، تەنیا لە سەردەمی (کەریم خانی زەند) هاتە دی، چونکە کوڕ و نەوەکانی هەرگیز نەیانتوانی وەک ئەو، پێگەی بنەماڵە و هۆزەکەیان لە سەرتاسەری خاکی ئێراندا بەهێز بکەن و بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە، چونکە سەرقاڵی ئەوان بە کێشەی ناوخۆیی و ململانێی بنەماڵەیی، وای کرد کە کەسایەتییەکی بنەماڵەی قاجاری تورک، بەناوی (موحەممەد خانی قاجار) جێ بەوان لێژ بکات و لە ساڵی (1792ز) کۆتایی بە دەسەڵاتی زەندییەکان بهێنێت. ئەوەش کاتێک له و ساڵەدا لە شاری (تەورێز) بانگەشەی بۆ دەسەڵاتێکی نوێ کرد و بنەماڵە و هۆز و نەتەوەکەی گەیاندە پایەی دەسەڵات. دیارە قاجارەکان، کە لە هۆزێکی تورکی وڵاتی ئێران بوون، دامەزرێنەرەکەی لەلایەن خودی (کەریم خانی زەند)ەوە داڵدە و بەخێو کرابوو، چونکە باوکی لە شەڕێکدا لەلایەن پیاوەکانی (کەریم خان)ەوە کوژرابوو. خانی زەندیش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئه و ڕووداوە (موحەممەد)ی کوڕی لای خۆی هێشتەوە و وەک کوڕ و برا و نەوەکانی پەروەردە و گەورەی کرد، کەچی ئه و لەبەرامبەر ئه و چاکەیە، دواجار لە بنەماڵە و هۆزی زەند هەڵگەڕایەوە و حکوومەتێکی نوێی لەسەر شوێنەواری حکوومەتی زەند دامەزراند، کە تا ساڵی (1925ز) فەرمانڕەوایەتیی وڵاتی ئێرانیان کرد.
سەردەمی حکوومەتی (کەریم خانی زەند) بە سەردەمی زێڕین و سەقامگیری داد و ئاشتی و ئاسایش لە ئێراندا دادەنرێت، چونکە لە ماوەی دەسەڵاتیدا ئارامی و ئاسایشی بۆ زۆربەی ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی دابین کرد. تەنانەت ساڵی (1776ز) شاری (بەسرە)ی لەبەری باشووری خۆرئاوای دەوڵەتەکەی گرت و خستییە ژێر دەسەڵاتی. ئەوەشی لێرەدا جێگای باسە ئەوەیە، کە ئەم دەسەڵاتە لەدەرەوەی خاکی کوردستان دامەزرا و فەرمانڕەوایەتیی کرد.[1]
$سەرچاوەکان$
1. حسن پیرنیا و عباس أقبال اشتیانی: تاریخ ایران.
2. ڕ. گیرشیمن: تاریخ مردم ایران.
3. جان پری: حکومت زند.آ