دەوڵەتی دۆستەکی
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
زاراوەی دۆستەکی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بە چەندین ناوی جیا جیای نزیک لە یەک هاتووە، لەوانە ''دۆستەک، دۆشتەک و دۆشنەک''، کە ''دۆستەک'' ڕاستترینیانە. ئەمە و جگە لە تۆماری دەیان مێژوونووسی تری به و شێوانه و هەندێکی تریش بە دەوڵەتی ''دۆستەکیی مەروانی'' ناویان بردووە. مەڵبەندی ئەم دەسەڵاتەش لە شاری ''دیاربەکر'' واتە ''ئامەد''ی باکووری کوردستان بووە. لە ماوەیەکی کەمیشدا سنووری دەسەڵاتی بۆ ناوچەکانی ئەرمەنستان له لایەک و مووسڵ و جزیرە له لایەکی ترەوە فراوان کردووە. لە گرنگترین مەڵبەندەکانی حکوومەتەکەش شارەکانی ''دیاربەکر، جزیرە، میافارقین، ماردین، نوسەیبین، مووسڵ، ئەرجیش، ئارزن، فەڵات و بەدلیس'' بوون، بەڵام کاتێک بمانەوێت سنووری ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە دیاری بکەین، دوچاری گرفتێکی سەخت دەبین، چونکە ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی حکوومەتەکە و شاڵاوی بەردەوامی هێزەکانی دەرەوە بۆ سنوورەکانی ئەم دەسەڵاتە، بەردەوام گۆڕانگارییان لە سنووری دەسەڵاتەکەی کردووە. سەبارەت به و مەڵبەندانەشی ئاماژەیەیان پێ درا، لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی تەمەنی ئه و حکوومەتە بەشێک بوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی.
دامەزراندنی ئه و حکوومەتە وابەستە بوو به و بارودۆخەی سەردەمەکە دروستی کرد. بەتایبەت لاوازبوونی دەسەڵاتی خەلیفەکانی عەباسی لە نیوەی یەکەمی سەدەی دەیەمی زایینی، لە دیارترین هۆکارێک بوون، بۆشاییەکی سیاسیی ناوچەی دیاربەکر بگرێتەوە. دیارە ئەوەش دوای دەرکەوتنی بوەیهییەکان و دەستگرتنیان بەسەر دەوڵەتی خەلافەت و داگیرکردنی شاری بەغدا لە ساڵی 945ز هات. تەنانەت بوەیهییەکان سەرجەم دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییەکانیان لە خەلیفە سەندەوە و لە ماڵەکەی خۆی وەک خانەنشینێک مامەڵەیان لەگەڵدا کرد. بە ڕادەیەک خەلیفە ''تائیع بیللا''، کە لە سەردەمی خەلافەتەکەیدا ئەم حکوومەتە دامەزرا، ناوی لە وتاری ڕۆژانی هەینی نەهێنرا و تەنیا بووە جێبەجێکاری بەرنامە و پلانی بوەیهییەکان لەناو دەوڵەتەکەدا. ئەمه و خودی بوەیهییەکانیش، له و کاتەدا ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگ بوو شاری بەغدا بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەن و هێزی ئایینی و سیاسیی خەلیفەکانی عەباسی کەم بکەنەوە، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ بوو، کە لە ناوچە دووردەستەکان چی ڕوو دەدات و چی دەکرێت؟ بەتایبەت شار و ناوچەیەکی دوورەدەستی وەک ''ئامەد''. بەدەر له و هۆکارانەش ململانێی نێوان دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و بوەیهی و بیزەنتییەکان لەسەر دەسەڵات و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتیان لەسەر حیسابی یەکتر، هۆکاری پەراوێزخستنی ناوچە سنوورییەکان بوون. هەربۆیە لەنێو ئه و بارودۆخەدا ''بازی کوردی'' وەک سەرۆکی هۆزی حەمیدی کوردی و خاوەن کەسایەتییە سیاسی و بوێرەکەی، ڕۆڵی خۆی لە دامەزراندنی ئه و حکوومەتەدا گێڕا.
لە مێژووی ئەمە حکوومەتەشدا چەندین ئەندامی بنەماڵەی مەروانی دوای ''باز ئەبو شوجاعی کوڕی دۆستەک'' گەیشتنە پایەی دەسەڵات، کە هەریەکەیان ڕۆڵی خۆی لەسەر سەردەمەکە بینی بەتایبەت ''ئەبو عەلی مەروان'' کە هەندێک لە سەرچاوەکان بە دامەزرێنەری دووەمی ئەم دەوڵەتەی دەبینن. هەریەک لەوانیش وەک حکوومەتەکانی پێشوو لە ململانێیەکی بەردەوامی دەوڵەتانی خەلافەتی ''عەباسی سوننە و فاتیمی شیعه'' و دەوڵەتانی ''بوەیهیی شیعە و عوقەیلی سوننە''دا بوون، کە دووانیان دەوڵەتی خەلافەت و دووانی تریشیان دەوڵەتی ئاسایی بوون، بەڵام ئایینزاکانیان جیاواز بوو، بۆیە بەردەوام لە ململانێدا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا میرەکانی ئەم دەسەڵاتەش هەوڵیان دا گەشە بە چەند لایەنێکی ئابووری بدەن، لەوانە ''کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ''. لەم بوارەدا بەروبوومەکانی ''ڕەز و میوە و گەنم و جۆ'' لە ناوچەکانی ''جزیرە، ئامەد، میافارقین، حەسەنکێف و نوسەیبن''. لە دەریاچەی ئەرجیش (خەڵات)یش بەرهەمی ماسیی جۆری (گرنج) بنەمایەکی ئابووریی بۆ دانیشتووان و حکوومەت دروست کرد، تا ئەوەی لە بواری بازرگانیکردندا کاری پێ کرا و هەناردەی دەرەوەی حکوومەتەکە کرا. لە بواری پیشەی دەست و پیشەسازیشدا لە شاری ''میافارقین'' پیشەسازیی کاغەز و لە شاری ''نوسەیبین'' دەرمانسازی کەوتە کار، سەرەڕای دەیان پیشەی دەست و لەوانەش کاری ڕستن و چنین.
لە ڕووی داراییشەوە بۆ ئەوەی حکوومەتەکە خاوەن دارایی سەربەخۆیی خۆی بێت، سکەی پارە لەلایەن هەر یەک لە(ئەحمەد کوڕی مەروان) و (ئەبو عەلی کوڕی مەروان و ئەبو سەعید ئەحمەدی کوری مەروان) لێ درا، تا ئاسانکاری لە بواری مامەڵەی بازاڕ و کاری بازرگانیدا بکات.
لە بواری فەرهەنگییشدا ''ئەبو نەسر ئەحمەد کوڕی یوسف ئەلمەنازی'' وەک نووسەرێکی بەتوانا و هۆنەر و ئەدیبێکی سەردەمەکەی، سیمایەکی گەشی به ناوبانگی حکوومەتەکە بەخشیبوو.
له لایەکی دیکەوە، فەرمانڕەوایانی ئەم حکوومەتە یەکەمین کەسانێک بوون بایەخی تایبەتیان بە بواری تەندروستی و لایەنی کۆمەڵایەتی دا. وەک ئەوەی ''ئەحمەدی کوڕی مەروان'' لە ساڵی 1023ز نەخۆشخانەیەکی لە شاری ''میافارقین'' دروست کرد و لە پزیشکە ناودارەکانیشی ''ئەبو عیسا جوبرئیل کوڕی عەبدڵای کوڕی بەختشیوع'' و ''ئەبو سەعید عەبدوڵا''ی برای بوون، کە بە دیارترین پزیشکەکانی سەردەمەکە ناسرابوون. لە بواری ئاوەدانکردنەوەشدا هەمان میر شاری ''نەسریه''ی لەسەر ڕووباری ''باتمان'' و شوورای شاری میافارقین و ''بنکام الساعە''ی لە مزگەوتی گەورەی شارەکە دروست کرد.
کۆتایی ئەم دەسەڵاتەش دوای زنجیرەیەک ڕووداو هات، کە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئه و سەردەمە دروستیان کرد. سەرەکیترین هۆکاریش لاوازی و کەمئەزموونیی ئه و میرانە بوون، کە دوای ''ئەحمەدی کوڕی مەروان''، گەیشتنە پایەی دەسەڵات. ئەوەش ئەوانی خستە چەندین هەڵەی سیاسییەوە وەک ئەوەی ''نیزامەددین ئەبولقاسم نەسر'' لە کردەیەکیدا ''ئەلئەنباری''، وەزیری کاروباری دەوڵەتی دوور خستەوە و لە شوێنی ئە و ''ئەبی سالم''ی دانا. واتە وەزیرێکی سەرکەوتووی بە وەزیرێکی لاواز ئاڵوگۆڕ کرد کە ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئەدای حکوومەتەکە دروست کرد. له لایەکی دیکەوە پیسکەیی و دنیاپەرستیی ''ئەبو موزەفەر مەنسوور'' وایان لێ کرد ئاگای لە کاروباری حکوومەت و بژێویی دانیشتوانی سنووری دەسەڵاتەکەی نەمێنێت. بەوەش ناڕەزایی خەڵکی لەسەر زیاد کرد و باوەڕیان بە دەسەڵاتەکەی نەما. له سەروبەندی ئەوانەشدا شاڵاوی سەلجووقییەکان گەیشتە ناوچەکانی ''ئامەد و میافارقین'' و له نێوان ساڵانی 1084-1086دا ئه و ناوچانەیان بەتەواوی داگیر کرد. بەوەش هێز لەبەر حکوومەتەکە بڕا و ناوچەکانی بوونە بەشێک لە قەڵمڕەوی دەسەڵاتی سەلجووقی و دواتر دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی.[1]
#سەرچاوەکان:#
أبن الاثير: الکامل فی التاریخ.
الفارقي: تاریخ الفارقي.
عبدالرقیب یوسف: الدولة الدوستکیة، جزئان.