ئورارتوییەکان لە مێژووی کوردستاندا
#کەیوان ئازاد ئەنوەر#
(ئورارتوییەکان) کۆمەڵێکی تری دانيشتووانی کۆنی کوردستان بوون و لە بەشێکی ئەو خاکەدا نیشتەجێ بوون. ڕیشەی نەژاد و مێژووی نیشتەجێبوونیان لە کوردستان ڕوون نییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە، بە یەکێک لە دانیشتووانی کۆنی کوردستان ئەژمار کراون و نیشتەجێی باکووری کوردستان بوون. کێشەی گەورەش لەبەردەم ئەم کۆمەڵە و سەرجەم کۆمەڵەکانی پێشوودا ئەوەيە، لە لایەک خۆیان تۆماری مێژوووەکەیان نەنووسیوەتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو شوێنەوار و کەرەستە دەستکردانەشی لێیان بەجێ ماوە، تا ئێستا کەمترین کنینە و پشکنینیان بۆ کراوە.
هەربۆیە، بێ گەڕانەوە بۆ تۆماری سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووری و بابلییەکان، ئەستەمە بە سەرەداوی مێژووەکەیان بگەین. بەو تۆمارانەیشی لەو کۆمەڵانەوە دەست پسپۆڕانی شوێنەوار و مێژوونووسان کەوتووە، مەڵبەندی نییشتەجێبوونی ئەوان نزیک بووە لە ئیمپراتۆریی ئاشووری، بۆیە تۆماری ئاشوورییەکان باشترین بەڵگەی مێژوویین، بۆ ئەوەی چەند زانیارییەکمان لەسەر ئەو کۆمەڵە بدەنێت.
بەپێی تۆماری مێژووی ئاشوورییەکانیش، ئورارتوییەکان ئەو کۆمەڵە بوون لە دەوروبەری دەریاچەی وان نیشتەجێ بوون. دواتر سنووری دەسەڵاتیان گەیاندە ناوچەی ئەرمەنستان لە بەری باکووری خۆرهەڵات و دەریاچەی ورمێ لە بەری باشوور و باشووری خۆرهەڵات. بە بڕوای ئێمەش، ئەوان دانیشتوانی باکووری کوردستان بوون، هەمان ئەو کۆمەڵە بوون لە قۆناغی دواتردا لەلایەن (کەسنفۆن)ی سەرکردەی دیاری یۆنانییەکان لە ساڵی (401پ.ز) بە ناوی (کاردۆخی) ناویان هێنرا. تەنانەت وەک ئازا و بوێر ناویان چووە تۆماری ئەو سەرکردە مێژوونووسە یۆنانییەوە.
ناوی (ئورارتو)، کە ناوی ئەم کۆمەڵەی لێ وەرگیراوە، لە تابلۆیەکی ئاشووریدا هاتووە و بۆ سەدەی سێزدەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. بەپێی ئەو تۆمارەش بێت، ئەوان لە نیوەی یەکەمی هەزارەی یەکەمی پێش زایین، یەکێک بوون لە کۆمەڵە دیارەکانی کوردستان لەو سەردەمەدا. لە چەند تۆمارێکی تریشدا هاتووە، کە ئەوان بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخەوە سەرقاڵ بوون و ئاسن و برۆنزیان بۆ پیشەسازیی سووک بەکار هێناوە.
خاڵێکی گرنگی دیکە لە مێژووی ئەو کۆمەڵەيەدا ئەوەیە کە ئەوان خاوەنی دەسەڵاتێکی سیاسی بوون و بەو دەسەڵاتەشەوە بەرامبەر نەیارەکانیان وەستاون. ئەو دەسەڵاتەش بە (میرنشینی وان) و لە هەندێک تۆماری مێژوویشدا بە (دەوڵەتی ئورارتو) هاتووە. زۆریش پێ دەچێت ناوی (دەریاچەی وان) لە ناوی ئەو میرنشینەوە وەرگیرابێت، يان پێچەوانەکەی ڕاست بێت، تا ئێستاش ئەوە بۆچوونی جیا جیای لەسەره. ناوی (ئورارتو)ش لە ناوی (ئۆرا) یان (ئاهوورا)وە هاتووە، بە مانای (خودای گەورە)، دواتر پاشگری (تو)ی چووەتە سەر، بەو پێیەش بێت، ئەوان کۆمەڵێکی خوداپەرست بوون و هەمان باوەڕی کۆمەڵانی (سووئی، لولوبی، گوتی، کاشی، میتانی)يان بووە. ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە هەموو ئەو کۆمەڵانە یەک ڕیشەی ئایینی و تەنانەت نەژادییشیان هەبووە. بەڵگەش بۆ ئەوە، جیاوازیی باوەڕی ئەوان و کۆمەڵەکانی تر بووە لەگەڵ ئایین و باوەڕی کۆمەڵانی (سۆمەری، ئەکەدی، ئاشووری، بابلی) و تەنانەت (میسری کۆن).
سەبارەت بە ناوی میر و پادشاکانیان و شێوازی سیستەمی سیاسییان، ئەوەندە زانراوە کە (ساردوری یەکەم/ 832– 825پ.ز) یەکێک بووە لە دەسەڵاتدارەکانیان و هاوچەرخی ئیمپراتۆری ئاشووری (شەلمانسەری سێیەم/ 858-824پ.ز) بووە. دوای ئەویش کوڕەکەی (ئاشبوینی/ 824- 806پ.ز) فەرمانڕەوایەتیی کردووە و لە دەربەندی (کێلەشین)ی نزیک شارۆچکەی (شنۆ) لە خۆرهەڵاتی کوردستان، چەند بەڵگەنامەیەکی بۆ بەجێ هێشتووین. بەو تۆمارانەش بێت، زمانی ئەم کۆمەڵە (خالدی) و ڕێنووسی نووسینیان بسماری بووە.
ئەوەش تاکە تۆماری دەگمەنی ئورارتوییەکان و ئەو پادشایەیە کە سەرباری مێژووی سەردەمەکەی، زمان و شێوەی نووسینەکەیانی بۆ بەجێ هێشتووین. دوای ئەویش کوڕەکەی (مینەوا/ 806- 780پ.ز) شوێنی گرتووەتەوە. دوای (مینەوا)ش کوڕەکەی (ساردوری دووەم/ 780—765پ.ز) و بەدوایدا (ساردوری سێیەم/ 765- 733پ.ز) شوێنی گرتووەتەوە.
لە سەردەمی (ساردوری سێیەم)، بەهۆی ئەو شاڵاوانەی بۆ بەری باشووری خۆرئاوای میرنشینەکەیان دەستی پێ کرد، کە هاوسنووری ئیمپراتۆریی ئاشووری بوو، وەک (دەوڵەتی ئورارتو) ناسران. ئەوەش بەهۆی ئەوەی، سنووری دەسەڵاتەکەیان فراوانتر بوو، هەروەها کێبڕکێیان لەگەڵ ئیمپراتۆڕیی ئاشووری کرد و پەلاماری چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیان دا و داگیریان کرد. وەک ئەوەی توانییان شاری (مەڵاتیە)، کە لای ئاشوورییەکان بە (کۆمۆخۆ) ناسراوە، بگرن و مەترسی بۆ سەر شاری (نەینەوا)ی پایتەختی ئاشوورییەکان دروست بکەن.
هەر ئەوەش وای لە ئیپمراتۆرەکانی ئاشووریی کرد، سنوور بۆ دەسەڵاتی فراوانخوازیی ئورارتوییەکان دابنێن. هەربۆیە (سەرجۆنی دووەمی ئاشووری/ 722- 705پ.ز) شاڵاوێکی گەورەی کردە سەریان و دوای ئەوەی توانیی دوایەمین پادشایان بە ناوی (سارۆی یەکەم/ 730- 714پ.ز) بکوژێت، پایتەختەکەشیان بە ناوی (مینەوا خینیلی) داگیر کرا.
دوای ئەو ڕووداوەش، ئەو بەشەی لەو دەوڵەتە ڕزگار بوو و نەکەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆڕیی ئاشووری، درێژەی بە دەسەڵات دا. ئەو بەشەش کەوتبووە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و هەرێمی موکریانی ئێستا لە خۆرهەڵاتی کوردستان، کە بە (هەرێمی ماننا) ناسرابوو. ئەو هەرێمەش بەناوبانگترین هەرێمی نێو قەڵمڕەوی (دەوڵەتی ئورارتو) بوو. لەم قۆناغەشدا کوڕ و نەوەکانی (سارۆی یەکەم) درێژەیان بە دەسەڵات دا،
لەوانە (ئاخشیری) و دوای خۆیشی (ئاولیلی)، بەڵام خاڵی نەرێنی لەم قۆناغەی دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتەدا ئەوە بوو، کە بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە، دووچاری کێشە هاتن و کۆتایی بە دەسەڵاتیان هات. وەک ئەوەی (ئاخشیری) بەهۆی زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ڕووبەڕووی ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکەی بووەوە، تا دواجار لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریدا کۆتایی بە ژیان هات و کوڕەکەی (ئاولێلی) ناچار بوو پەنا بۆ ئاشوورییەکانی نەیاری بنەماڵەکەیان ببات، بەڵام ئەو ڕووداوە ئەوی بۆ دەسەڵات نەگێڕایەوە، چونکە لەبری ئەوەی ئاشوورییەکان درێژە بە شاڵاوەکانیان بدەن بۆ سەر قەڵمڕەوی دەوڵەتی ماد، مادەکان درێژەیان بەو شاڵاوانە دا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆڕیی ئاشووری.
هەربۆیە دواجار نەک هەر ناوچەکانی دەوڵەتی ئورارتو، بەڵکوو بەشێکی ناوچەکانی سنووری دەسەڵات ئاشوورییەکانیش کەوتنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ماد.
لایەنێکی تری ژیانی سیاسی و شارستانیی ئەو کۆمەڵە ئەوە بوو، کە سەرباری ناوی (ئورارتو)، بە ناوی (نائیری)ش ناسران. هەردوو ناوەکەش مانای بەرز و گەورەیان بەخشی، کە هەمان واتای (خۆر، ئاهورا، ئورا)ی گەیاند. مەبەست لەو ناوانە (خودای گەورە) بوو، وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا. هەروەها مەبەست لەو ناوانە، باوەڕ و ناسرانی ئەوان بوو بە کۆمەڵێکی خوداپەرست. بەهۆی ئەوەشەوە لە دەسەڵاتدا کوڕ شوێنی باوکی گرتەوە، هەربۆیە سیستەمی سیاسی لای ئەوان وەک کۆمەڵەکانی پێشوو، جگە لە کۆمەڵی گوتی، پشتاوپشت بوو.[1]