دەروێشێ سەعدۆ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#-تورکیا دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیلەهی باکووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.
دەروێش سەعدۆ، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لە باکووری کوردستان، لە 12-09-2020 تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتیی شاری ئیلەه لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.
دەروێشێ سەعدۆ دوای هەشت ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، تەندرووستی بەرەو جێگیربوون ڕۆیشت و پزیشک ڕێگەی پێدا بچێتەوە بۆ ماڵ، بەڵام دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە ماڵەوە جارێکی دیکە تەندرووستی تێکچووەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرایەوە، دوای شەش ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.
ئازاد ئاکگول، کوڕی دەروێشێ سەعدۆ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، تەرمی باوکی لە ئیلەهەوە دەبەنەوە بۆ گوندەکەیان بێکەندا و لە تەنیشت سەعدۆ چەکن-ی باپیرییەوە بەخاکی دەسپێرن. وتیشی: کورد و کورستان سەلامەتبن.
ساڵی 1934 لە ناوچەی مسرجە (گوردیلان) ی سەربە شاری #سێرت#-ی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی گەنجێتیدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراندووە.
لە ساڵی 1975ەوە لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە. لە ژیانیدا پاڵپشتییەکەی زۆری ئەو حیزبەی کردووە و زۆرجار ماڵی خۆی کردووەتە بنکە بۆی.
لە ساڵی 2010دا لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن #مەسعود بارزانی#یەوە مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە و بووە یەکەم کەس لە #باکووری کوردستان# ئەو خەڵاتەی پێبدرێ.
دەروێش سەعدۆ باوکی 4 کچ و 3 کوڕبوو، لە تەمەنی 86 ساڵیدا ڕۆژی 02-10-2020 بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە کۆچی دوایی کرد.[1]