بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری کرد و هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەو دۆخە نەخوازراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستیی هاووڵاتیاندا هەموو تواناکانی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە خستووەتەگەڕ و هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە پاراستنی گیانیان و دابینکردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەرکەکانیدایە.
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابینکرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەڕێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، ڕاستەوخۆ دەست دەکەین بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.
سەرجەمی مووچەی مووچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویلدەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 51% کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستییە و ڕاگیرانی دەوامەوە لە بەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ #وەزارەتی دارایی# حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.
حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان.
سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەین کە تاوەکو ئێستا بە سەبربوونە لەگەڵمان. ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە هاوکاری یەکتربین تاوەکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقیعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم ڕەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەڕەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نییە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.
د. جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#26-03-2020#