جەیلان برجس نایف، کچە ئێزدیی خەڵکی کۆمەڵگەی (گرعزێر)، لەدایکبووی 1995 و قوتابی پۆلی پێنجی ئامادەیی بەشی زانستی بوو، کاتێک لە 20/8/2014 چەکدارانی #داعش# پێیانووت بڕۆ لە گەرماو خۆت بشۆ، چونکە تۆمان بە چەکدارێک فرۆشتووە و دەبێت بچیتە لای، لێرە جەیلان هەموو بیری دەچێتە لای ناموس و سەنگی کۆمەڵگەی ئێزدیاتی و دایک و باوکی، ئیتر بڕیاردەدات بەهیچ شێوەیەک ڕازیی نەبێت دەستدرێژیی بکرێتەسەر، لەبەرئەوە لەناو گەرماوێکدا لە شارۆچکەی بەعاج و بە شفرەی ڕیشتاشین کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت و مێژوویەک بۆ خۆی و هەموو ژنانی ئێزدی تۆمار دەکات.
جەیلان ڕازی نەبووە چارەنووسی بە چەکدارێکی داعش-وە ببەسترێت
داود موراد، لێکۆڵەری کۆمەڵگەی ئێزدیاتی، لەسەر چیرۆکی ئەم کچە کە بووتە هێمای پاکیی، بە دواڕۆژی وت: چەکدارانی داعش بە هەموو توندی و بێڕەوەشتی خۆیان ویستیان کچانی ئێزدی لە هەموو شتێک کۆتایی بێنن و بۆ مەرامی پیسی خۆیان بەکاریان بهێنن، هیچکاتێک گوێیان بە داواکاری و پاکیی و تەمەنی بچووکیان نەداوە، تەنیا لاشەی کچی ئێزدی بۆیان گرنگ بووه، لەبەر ئەوە هەموو جوانییەکیان تێکدا، ژیانیان بۆ ئه و گوڵانە کرد بە دۆزەخ، بەڵام جەیلان-ی تەمەن 19 ساڵان بەرامبەر ئەوان شکستی نەهێنا و خۆی چارەنووسی خۆی دیاریکرد و جیهانی ئاسمانی هەڵبژارد.
داوا لە 15 کچی ئێزدی کرا کە بڕۆنە گەرماو، چونکە ئەمڕۆ هەمووتان دەبنە بووک
جەیلان و هاورێکانی چیرۆکێکی ناخهەژێنیان هەبووە بڕیارێک لە سەرکردایەتی داعش لە #موسڵ# هات کە هەر چەکدارێک سێ کچی جوان لە زیندانی بادۆش بۆ خۆی دەستنیشان بکات و کچانی تر بۆ ناوچەکانی تری موسڵ بهنێرێن و دواتر بەشێکی دیکەیان بۆ بەعاج و سوریا نێردران، لە بەعاج 15 کچی ئێزدی لە ناو خانوویەکی گەورە له نزیک قوتابخانەیەک هەڵگیران و داوایان لێکرا جلی خۆیان دەربێنن و بچنە گەرماو خۆیان پاک بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەسەر چەکدارانی داعشدا بیانبەخشنەوە.
جەیلان: کێ مۆڵەتی پێداون ئێمە بکەنە موڵکی خۆتان؟!
لێرە ناڕەزایەتی کچانی ئێزدی دەستپێدەکات، سەرەتا جەیلان بە بەرپرسی چەکدارانی داعش کە ناوی ئەبوموسا خەڵکی بەعاج بووه، دەڵێت: کێ مۆڵەتی پێداون ئێمە بکەنە موڵکی خۆتان؟، ئەبو موسا دەڵێت: تۆ و هەموو هاوڕێکانت موڵک و سەبایای چەکدارانی داعشی خەلافەتن، جەیلانیش وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت کەسوکاری ئێمە شەڕیان لەگەڵتان نەکرد، چونکە ئاشتیمان ویستووە، ئیتر چۆن دەتوانن ئێمە وەک سەبایەی شەڕ وەربگرن؟، چەکدارە داعشەکە پێیوتووە ئێمە لە #03-08-2014# #شنگال#-مان داگیرکرد و ڕێژەیەکی زۆر پارە و زێر و کچ و ژنمان دەستکەوت.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:20%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/369513/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=شەنگال=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=شەنگال=KTML_ImageCaption_End=
جەیلان ڕازیی نەبووە جلەکانی دابکەنێت و بچێتە گەرماو، بە بەرپرسی چەکدارەکان دەڵێت: من ناچمە گەرماو، دوای کاتژمێرێک کە سەرەی جەیلان دێت و ناچێتە ژوورەوە، چەکدارەکە پێی دەڵێت: ئەی چۆن بەم جلانەوە دەبێتە بووکی چەکدارێکی ئێمە؟، جەیلان وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت بەهیچ شێوەیەک نابمە بووکی چەکدارێکی پیسی داعش.
بە زۆرەملێ جەیلان-یان بردە ناو گەرماو
جەیلان بەردەوام بەرگری دەکات و پێیان دەڵێت: هەموو ڕێگایەک دەگرمەبەر بۆ ئەوەی نەبمە بووکی چەکداری ئێوه، بەڵام بە زۆرەملێ و ڕاکێشان بردیانە ناو گەرماوەکەو دەرگاکەیان لێداخست، دوای چارەکە کاتژمێرێک پاسەوانی گەرماوەکە پێیدەزانێت کە جەیلان بە شفرەی ڕیشتاشین ڕەگی دەستی خۆی بڕیوه و خۆی کوشتووە.
ریگەنادەن جەیلان لە گوڕدا بنێژرێت
خوشکێکی بچووکی جەیلان، بە ناوی (جیهان) کە تەمەنی 10 ساڵ بووه، بە گریانەوە و لە تەنشت تەرمی خوشکەکەی دەڵێت: خوشکەکەم چۆن منت بە تەنیا لەدەست ئەم چەکدارانە جێهێڵا؟ چۆن دەتوانم لە ژیان بەردەوام بم؟. جیهان داوا دەکات تەرمی خوشکەکەی لە ناو گۆڕێک و لە شوێنێکی دیار بنێژرێت، بەڵام ئەبو عەبدوڵڵا کە یەکێک بوو لە بەرپرسانی داعش، ڕازیی نابێت و دەڵێت: ئەم کچە شایانی ناشتن نییە، دەبێت گیانەوەران لاشەکەی بخۆن.
جەیلان برجس، ڕێگەی نەدا ناموسی بشکێنن و پاکیی خۆی پاراست، ئێستا بووەتە هێمای ئازایەتی و پاکیی کچی کوردی ئێزدی.