ئەو دوو شەهیدەی لەبەردەم دەرگای بارەگای ئەمن و بنکەی پۆلیسی #مەخموور# شەهیدبوون (رەفیقەسۆر- 1914-1969)و (تاهیر ئیبراهیم یوسف- 1950-1969)بوو کە لە گرتنی بارەگای ئەمن و بنکەی پۆلیسی مەخموور بەخوێنی گەشی خۆیان وەک پێشمەرگەی دلێرو قارەمان داستانێکی پڕ لەسەروەریان تۆمارکرد. دوای کۆتایی هاتنی شەرێکی دەستەو یەخەو پێکدانێکی سەخت توانرا تەرمی ڕەفیقەسۆر لەبەر دەرگای بنکەکە بکێشنەوەو (تەرمی تاهیر)یش کەوتە بن دەستی جەلادەکانی ڕژێم.
ئاشکرایە کە پلانی سەربازی هەر شۆڕشێک ئەوەبووە کە گورج بوەشێننە هێزی داگیرکارو ڕژێمە داپڵۆسینەرەکەی کە خەڵکیان چەوساندۆتەوە, ئەمەش وەک بەرنامەی شۆرشی چەکدارییەکەی بووە، تا بتوانن سەر لە دوژمن بشێوێنن و ئاڵۆزی بخەنە ڕیز هێزەکانی دوژمنەوە، کەواتە لە درێژەی چالاکیەکانی شۆڕشی ئەیلول لە لێدانی ڕەبایەو سەنگەرەکانی سوپای ڕژێم ئامانج و پلانی سەرەتایی و پێویست بووە تا سوپاکەیان ورەیان داببەزێ و پاشەکشە بکەن لە خاڵی جێگیری خۆیان, ئیدی هەر ئەو شۆڕشە کەوتەبەر دانانی پلانێکی تری تۆکمەو پتر کاریگەرتر و بەدەسکەوت تۆماربکات، کە لەبەرژەوەندی ڕێزی پێشمەرگە بێت، نمونەی گەیاندنی هێز بۆ ناوچە دوورە دەستی بارەگاو سەنگەری پێشمەرگە وەک مراوەغەیەک کە دوژمن پتر ورەی داببەزێ، لەلایەک وجەماوەری پاڵپشتی شۆڕشیش ورەو متمانەیان بەشۆڕشەکەیان بەرزببێتەوە لەلایەکی ترەوە, چونکە زۆرێک لەرۆڵەکانی خەڵکی ناوچەکانی مەخموورو کەندێناوەو قەراج و گوێڕ چووبوونە ڕیز شۆڕشی (ئەیلول-1961).
ئەوەبوو هێزی دەشتی #هەولێر#ی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە شەوی سەری ساڵی 1969دا کە شەوێکی تاریکی ئەنگوست لەچاوو سەرمای زستانێکی سەخت و دژواربوو پێشمەرگەش بەوورەیەکی پۆلاین و بەدەم سرودی ئەی ڕەقیب و یان کوردستان یان نەمان وورەی دوژمنیان دادەرووخاند, ئەو هێزە بەسەرکردایەتی (خوالێخۆشبو فارس باوە)و بەشداریکردنی زۆرێک لە پێشمەرگە شێرەکانی دەشتی هەولێربوون، نموونەی (عەریف عوسمان و سەید کاکەو عەبدولرەحمان حاجی عەلی و محەمەد ڕۆستەم و مستەفا غەفوورو...هتد)بوون.
بۆ نووسینەوەی ئەو بابەتە بەپێویستمزانی پەیوەندی بەکاک (عەلی حەمکۆ بندیان) بکەم کە بۆ ماوەیەک بەرپرسی یەکێتی قوتابیان و لاوانی مەخموور بووە لەساڵانی (1970-1974), ئەویش بەسوپاسەوە کاک (سمکۆ)ی کوڕی شەهید ڕەفیقەسۆری پێناساندم، ئەوەبوو سمکۆ بۆی باسکردم کە پێشمەرگەکان بەر لەوەی بێنە مەخموور لەرێگایاندا بەماڵی خوالێخۆشبوو (کاک مەلای مشاری)دا دەڕۆن و خزمەت دەکرێن لەگوندی مشار، چونکە ئەو زاتە بەوە ناسرابوو کە پشتگیری لەپێشمەرگەو شۆرشی کردووە، دوای مانەوەیان لەوێداو دواتر بەرەوە مەخموور دێن ئیدی پەلامارەکە لەشەوێکدا ئەنجامدەدرێت کە بەداستانەکەی قشڵەی مەخموور دەناسرێت، ئەو شوێنە (دائیرەی ئەمن و بنکەی سەرەکی پۆلیسی قەزاو دادگای مەخموور)ی لەخۆدەگرت.
کاک سمکۆ چونکە کوڕی شەهید ڕەفیقەسۆرەو درێژەی بەپەیوەندیکردنی بەپێشمەرگەکان دواتر هەبووە ئەوانەی هەڤاڵی باوکیان بووینە, ئاماژەی بەوەکرد کە کەسێک بەناوی (تاهیر ئیبراهیم یوسف) لەگەڵ باوکم لەو شەڕەدا شەهید دەبێت، ئەمەو پێشمەرگەیەک بەناوی (محەمەد سلێمان)ناوێک بریندار دەبێت.
هەر سەبارەت بەم داستانە، کاک (عەبدوڵڵای مام عوسمان) کە خاوەن چایخانەیەک بوو لەنزیک قشڵەو پۆلیسەکان شەوانە لەگەڵ خەڵکی ڕوویان دەکردە ئەوێ. کاک عەبدوڵڵا دەگێرێتەوە: کە لەناکاو ژمارەیەک پێشمەرگە کە نزیکەی (15) کەس دەبوون خۆیانکردە ناو چایخانەکەی ئەوو ئیدی پۆلیس وچەند قوتابیەکی عەرەب کە لە دواناوەندی مەخموور دەیانخوێند زراویان ڕژاوو حەپەسان، بەڵام پێشمەرگەیەکی پۆشتەو بەشان و شەوکەوت بەهێمنی و دەم بەخەندەو بەگفتەوە بەسڵاوکردنەوە ڕووی تێکردن و گوتی: مەترسن هیچ بۆ ئێوە نابێت, ئەوکەسە لەلای پێشمەرگەکانەوە بە (عەریف ئەبوزید) بانگ دەکرا، دواتر هەرخۆی وەک کەسی بەرپرس بۆ شەڕەکە لەسەر ئەژنۆ دانیشت و پێشمەرگەکانی ڕێنمایی دەکردن و بڕنۆکەی سوارکرد. ئیدی پێشمەرگەیەک بەئامێری بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی مەخموور بانگی ڕاهێنا بۆ قشڵەو تا خۆیان بدەنە دەستەوە بێ ڕژانی خوێن و ڕوودانی شەڕ، بەڵام قشڵە تەقەی لە پێشمەرگەکان کردو بەو شێوەیە دەستڕیژی گوللە دابارییە سەریان کە ئەوانەی لە چایخانەکاندا بوون زانیان کە قشڵە گەمارۆ دراوەو شتێک هەیە بەرەو شوێنی تر ڕۆیشتن ئەوەی زۆر بەلامەو جوان و ڕەوشتی کوردانەی پێشمەرگایەتی بوو زۆر بەهێمنانە پۆلیس و قوتابیە عەرەباکانی دووردەخستەوە بەبێ توندوتیژییەوە بۆ شوێنێکی ئارامترو دوور لەمەترسییەوە, منیش بۆ پتر دڵنیابوون لە سەلامەتیان لەسەر داوای پێشمەرگەیەک پێمباشبوو بیانبەم بۆ ماڵی مامۆستا (عەبدولفەتاح) کە ئیمامی مزگەوتی گەورەی مەخموور بوو، ئەویش لە ماڵەکەی خۆیدا خزمەتی کردن.
عەبدوڵڵای مام عوسمان دەگێڕێتەوە کە پۆلیسێکی عەرەب خەڵکی باشور بوو بەناوی (زغیەر) کوژرا کە لەسەر بانی قشڵە شەڕی پێشمەرگەی دەکرد. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە پێشمەرگەیەکی قارەمان شەهیدبوو یەکێکی تر کە ویستبووی بۆمبێک لە بەردەرگای قشڵە بچێنێ بەئامانجی تێکشکاندنی دەرگا قایمەکەی قشڵە تا بچنە ژوورەوەو هێنانەدی ئامانج و پلانەکەیان بووە, بەڵام لەسەرەوە زەفەریان پێبردو شەهیدیان کرد. لەوبارەیەوە (سمکۆ ڕەفیق) بۆ ڕۆژنامەی (دەنگی مەخموور) باسی لەو ڕووداوەکردو گوتی ئەو پێشمەرگەیە باوکم بووەو ڕاشیگەیاند کە پێشمەرگە گوللەی (ئارپیچی)یان بەبەشی سەرەوەی قشڵە نا، چونکە ئەو شوێنە زۆر قایم بوو گوللەکە نەتەقیەوەو لەدیواردا چەقیبوو. لەلایەن خۆشییەوە کاک عەبدوڵلا عوسمان ئەو ڕووداوەی بۆ پشتڕاستکردمەوە کە بۆ ڕۆژی دواتر بەرەو نیوەڕۆ هێزێکی سەربازی لە هەولێرەوە هاتن و بەوایەرو ئامێری تر سەرمان لێوە دەرنەدەچوو گوللە چەقیوەکەیان تەقاندەوە.
هەر سەبارەت بەم داستانە، بەرێز (مامەند تاهیر) کە شایەدحالێکی ئەم ڕووداوە بوو دەگێرێتەوە من خۆم ئەو شەوە لە چایخانەکەی خوالێخۆشبوو (یاسین ئەحمەد پیرداود) بووم ئەو دیمەنەم لە بیرناچێت کە موفەوەزێکی ئەمن خەڵکی بەغدا بوو تۆقیبوو خۆی لە نێو گونیەی ڕەژووی چایخانەکە شاردەوەو ئیتر ئێمە بەجێمان هێشت.
جێگەی باسە ئەوەی لەم داستانەدا دەیخۆنینەوە کە هێزەکە پتر مەبەستی ئەوە بووە نەک کوشتن و ئاژاوەنانەوە، بەڵکو پلانیان داتەکاندن و دەست بەسەرداگرتنی چەک و جبەخانەو هێزو دارودەستەی دوژمن و گرتنی ئەمنەکان بووە، لەوانەیە وەک بارمتەو یان وەشاندنی گورزێکی قورس بەرێزی ڕژێم بوو, هەروەک عەبدوڵڵای مام عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە لێدانی قشڵە ئامانج تیایدا وەشاندنی زەبرێک بوو بەو هێزەی کە ڕژێم هێنابوویە مەخموور کە بە (قوەی سەیار) ناسرابوو، کە پتر خەڵکی ناوەڕاستی عێراق بوون، خەڵکی مەخمووری پێ هەراسان ببوون.
پەرواوێزەکان:
ڕەفیق تۆفیق ئەمین: لەساڵی 1914 لەگوندی پونگینە لەدایکبووە, لەشەڕی داستانی قشڵە شەهید دەبێت و کەسێکی ئازاو چاونەترس بووە لە ڕۆژانی خەباتی پێشمەرگایەتی و لەگەڵ هەڤاڵەکانی زۆر ڕوح سوک وقسەخۆش بووە, کەسێک بووە کە هەردەم لە چالاکی و نەبەردی لە ڕیز پێشمەرگەکان پێشەنگبووە, لەو چالاکیەکەش زۆر بەئازایەتی و فیداکارانە بەشدار دەبێت وخوێنی خۆی دەبەخشێ.
قشڵە: پاشماوەکەی تائێستا ماوەتەوە لە مەخموور کە شوێنەوارێکی سەردەمی عوسمانەکانە دەکەوێتە ناو جەرگەی بازاری مەخموور.
عەبدوڵڵای مام عوسمان شاناز: خاوەن چایخانەیەک بووەو کەسایەتیەکی ڕۆشنبیری مەخموورە، بۆ دیاری کردنی ڕێکەوتی ئەنجامدانی داستانی قشڵە هەرخۆی پەیوەندی بە (خدری ئەحمەدی مام قادر) کردووە.