یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
شەڕی گەورەی کەلکی قەیوان 1985
من سەرپەرشتیی هەموو بەرەکانی شەڕەکەم دەکرد حکومەت هەموو ڕۆژێک لە قولەکانی لای خۆمەوه هێرشی دەهێنا. پێشمەرگەش باشترین بەرگریی دەکرد. بڕوا بکەن لە مێژووی کورددا وێنەی نەبوو. ڕۆژێک هێزێکی گەورەی حکومەت لە دۆڵەڕووتەوە بە هەموو توانای خۆیەوە، هەر لە تەیارەی پیلاتوز و دەبابە هەتا جاش و جەیشەکەی هێرشی هێنا بۆ کەلکی قەیوان، مەیدانەکەش زۆر گەورە نەبوو، تیپی 31ی لێبوو. هەڤاڵ هەڵۆی ئەحمەد کوردە سەرتیپیان بوو. لەکاتی هێرشەکەدا ئەم پێشمەرگانە لە سەنگەرەکەدا بوون:
1- هەڵۆی ئەحمەد کورده، سەرتیپ
2- عەبە ڕەق، فەرماندەی کەرت
3- ئازاد سابیر، جێگری فەرماندەی کەرت
4- مەلا عەتار، فەرماندەی کەرتی 1
5- شەهاب، فەرماندەی کەرتی 1
6- وەستا کەمال، فەرماندەی کەرتی 3
7- جەمال حەمە کەریم، فەرماندەی کەرتی 4، شەهید بوو
8- حەمەزیاد، فەرماندەی کەرتی 5
9- مامە سەعە، فەرماندەی کەرتی 6
10- وەستا لەتیف، فەرماندەی کەرتی تیپ، دووەم ڕۆژ شەهید بوو
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکەدا بێسیمێکی هۆکی تۆکیم پێبوو، هەڵۆش لە خوارەوە بوو. هەڵۆ هات و هەرووکمان سەرکەوتین بۆ لای پێشمەرگەکان. ئه و پێش من چووە لای پێشمەرگەکان. ڕێک کەوتین من لە خوار ئەوانەوە بم. شەڕ گەرم بوو. هەتاکو ئەو کاتە شەڕم زۆر بینی بوو و بەشدارییم تێدا کردبوو، بەڵام شەڕی وەک ئەوەی کەلکی قەیوانم نەبینیبوو. کەلکی قەیوان چەند سەد مەترێکە و زیاتر نییە، ئه و جێگەیەی شەڕەکەی تێدا بوو، هێرش لەسەر هێرشیان بۆ دەکرد، بەڵام دەشکان. وا ڕێک کەوت بێسیمەکەم کردەوە. لەگەڵ ئەفسەرێک ڕەبت بوو، گوێم لە قسەکانی ئەفسەرەکە بوو، قسەی بۆ پلەدارێکی لە خۆی گەورەتر دەکرد. ئەفسەرەکە بۆ ئەوەی خۆی بکات بە پاڵەوان، دەیوت سەیدی وا نزیک بووینەوه و شکاندمانن، کە گوێم لەم قسانەی بوو چوومە سەر خەتەکەی و وتم درۆ دەکەیت. ئەگەر ڕاست دەکەیت، سەرت بەرز بکەرەوە، ئێمە لە جێگەی خۆمانین و هیچ شوێنێکتان نەگرتووە. وام لێکرد ڕووخاندم، هەرواش بوو و درۆی دەکرد. کۆتایی شەڕەکە ئێوارە سەرباز و جاش شکان، بەره و خوارەوەی دۆڵەڕووت هەڵاتن و شۆڕ بوونەوە.
من ئێوارە شتێکم نووسی بۆ ڕادیۆی گەلی کوردستان. لەبیرمە چیم نووسی، ئێوارەش ڕادیۆکە بڵاوی کردەوە و هێز و توانایەکی تری بە خەڵکی و پێشمەرگه دا. بەم شێوەیە بوو:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، جارێکی تر پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پەیمانیان تازە کردەوە لە شاخی قەیوان، کە نەهێڵن دوژمن وڵاتەکەمان داگیر بکات، پێشمەرگەکانی قەیوان بڕیاریان داوە ئەگەر شاخی قەیوان بگوێزیتەوە، ئەمان لەجێگەی خۆیان بمێننەوە و شەهید بن و سەنگەرەکان چۆڵ نەکەن. پەیمان به خوێنی شەهیدان دەدەن بەردەوام بن و دوژمن بشکێنن.
دوای ئەوەش ڕۆژانی تر چەند جارێک هێرشیان هێنا و بە شکاوی گەڕانەوە. دیارە لە بەرەکانی تریش شەڕ هەر بەردەوام بوو. من ماوەی مانگێک لەوێ بووم. تاکو لەوێش بووم، بڕوا بکەن تاقە سەنگەرێکمان نەگیرا. جگە له و کەسانەی لە پێشەوە ناوم هێنان، ئەم هەڤاڵانەش لەوێ بوون هەرکەس بە پلەی خۆی.
1- جەمال ئەبو شوارب، جێگری کەرت
2- تایەر چاوشین دەرمیانەیی، جێگری کەرت
3- فایەق چاوشین، جێگری کەرتی 5
4- تایەری حاجی سەعید، جێگری کەرتی 6
5- عەلی چەلەبی، جێگری کەرتی تیپ
6- ڕۆستەم قولەرەیسی، فەرماندەی مەفرەزە
7- دلاوەری حاجی عوسمان پێنجوینی، فەرماندەی مەفرەزە
8- ئیبراهیم، فەرماندەی مەفرەزە، شەهید بوو
9- کەمال مالیە، فەرماندەی مەفرەزە
10- مەحموود بناوەسوتەیی، فەرماندەی مەفرەزە
12- جەلال، فەرماندەی مەفرەزە
کادێرەکانیش ئەمانە بوون:
1- سەیوانی حەمە زڕگوێزی، بەرپرسی ڕێکخستنی تیپ بوو
2- شێخ جەمیل، بەرپرسی پۆل بوو، شەهید بوو
3- سالار عوسمان، کادێری ڕێکخستن
4- شێخ کامل، کادێری ڕێکخستن
5- شێخ سالار، کادێری ڕێکخستن
6- جەزا ئەحمەد کورده، ڕابەری سیاسی بوو
7- بەرزان ئەحمەد کوردە، کادێری ڕێکخستن بوو
لە جەبهەکان شەڕ هەر بەردەوام بوو، تیپەکانی 63ی جوتیاران و 43ی ئاسۆسمان لەگەڵ بوو. دواتر عەبدولڕەحیم میرزا ڕۆستەم، کە سەرتیپ بوو، هاتە جێگەکەم. ئەم شەڕە سێ مانگ درێژەی کێشا. ئەم تیپانەش بەشداربوون لە قوڵەکەی لای منەوە:
1- تیپی 93ی کۆیه: ڕەهبەری سەید ئیبراهیم سەرتیپ بوو، شەهید محەمەد شینە جێگری سەرتیپ بوو، مەولود فەرماندەی کەرت بوو.
2- تیپی 43: عوسمان شارستێنی جێگری تیپ بوو، سەرپەرشتیی دەکرد. شەهید مەحموود سێدەری فەرماندەی کەرت بوو.
3- تیپی 23ی سوورداش: جوامێر براخاس سەرتیپ بوو. حەمەی تەییب جێگری تیپ بوو.
لە گەڕەدێوە ڕۆشتین بە هانای پێشمەرگەکانەوە بۆ شاخی گۆجار. فریا نەکەوتین و پێشمەرگە شکان و هاتنە خوارەوه، شەهید و برینداریان هەبوو. یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکان شەهید عەلی مەسیفی بوو، کە ئامرکەرتی تیپی مەڵبەندی سێ بوو لای کاک کۆسرەت. تاکو دێی کانی مێو شەهید و بریندارەکانمان هەر بە ڕاکێشان هێنایە خوارەوە بۆ ئەوەی دەستی دوژمن نەکەون.
بۆ مێژوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یارمەتییەکی زۆریان داین لە هەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەت ڕۆژی کشانەوەمان پاش ئەوەی جێگەکانمان بەجێ هێشت. هێزەکانمان ئیزن دان و بڵاوەیان کرد، ئێمەش به و هیلاکییە زۆرەوە یەکمان گرتەوە، چووین بۆ لای مام جەلال، بارەگاکەی لە دێی یاخسەمەر بوو. من و کاک کۆسرەت و ڕائید جەلال ڕۆیشتین بۆ لای. کە گەیشتینە ئەوێ، چووینە ژێرزەمینێکی بچوکەوە. دانیشتین و قسەی بۆ کردین، بۆ بەرزکردنەوەی ورەمان وتی ئەم شۆڕشە سەرکەوتن و کشانەوەشی تێدا دەبێ. دیارە زۆریشی پێناخۆش بوو. بەڵام وتی ئێوە هەر کە دەڵێن سەنگەرەکان، دەگرین، بەڵام مانەوە و بەرگری و شەڕی بەرامبەر زەحمەتە، دەبێ زۆر باش بزانن شۆڕش هەم هێرشە و هەم بەرگریکردن، زۆری قسە بۆ کردین لەسەر گرنگیی سەنگەرلێدان بۆ خۆپاراستن لە تۆپبارانی ڕژێم. دوایین قسەی ڕووی تێکردین و وتی هەڤاڵینە ئێمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەموو ڕووداوێک. وامان دانابوو پاش کشانەوەمان لە گۆجار و جەبهەکانی تر لە نزیکی بارەگای مام جەلال لە یاخسەمەر بمێنینەوە. وتمان ڕەنگە سوپای عێراق هێرشی بەردەوام بێ بۆ سەر بارەگای مام جەلال بە حوکمی ئەوەی بارەگەکەی نزیک بوو. وتی ئێستا ئێوە چیتان پێباشە، من ئامادەم، تەنانەت ئەگەر شکانیش هەبێ. دەستم سوتاوە، جارێکی تر ناچمەوە بۆ ئێران، لام باشە بچم بۆ مەڵبەندی سێ بۆ لای کاک کۆسرەت. ئێمەش ڕەئیەکەیمان هەر زۆر پێباش بوو، لە قسەکانیدا هێز و توانای داینێ. دوای کۆبوونەوەکە، هەریەکەمان گەڕاینەوە بۆ شوێنەکانی خۆمان. من لەگەڵ هێزەکەمدا گەڕامەوە بۆ ناوچەی مەرگە. هەڤاڵەکانی تریش لەگەڵ هێزەکانیان بڵاوەیان لێکرد.
کە گەڕاینەوە، هێزەکانمان ڕێک خستەوه و کارەکانمان دابەش کرد بەسەر تیپەکانی ئەوێدا. بەهار بوو و هێشتا شوێنە کوێستانییەکان بەفری پێوە مابوو. پاش ماوەیەک لە سەرکردایەتییەوه بروسکەیان بۆ کردین بۆ ئەوەی بەرنامەی گرتنی هەندێ جێگە دابنێن. ئەوەی کە پێی ئەوترێ داستانی ڕزگاری.