بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، ڕێژەی هەژاری لە عێراق لەدوای ساڵی 2014 بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بەجۆرێک لە هەندێ ناوچە گەیشتوەتە 41%، بەڕێوەبەری ئاماری هەرێمیش ئاماژەبەوەدەکات، لەڕووی هەژارییەوە هێشتا هەرێم نەگەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، کێشەکانی عێراق لە ساڵی 2018دا بەردەوامدەبێت و دابینکردنی ئاسایش هێشتا ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم ئەو وڵاتەیە و بەپێی ڕێکخراوەکە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەبەر نەبوونی ئاسایش لە عێراق 16 هەزار و 360 کەس بوونەتە قوربانی و لەماوەی چوار ساڵی ڕابردووشدا قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لەو وڵاتە دروستبووە کە کاریگەری کردووەتەسەر خراپبوونی ڕەوشی ژیانی 10 ملیۆن هاووڵاتی.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی بانکی جیهانی، لە 22.5%ی هاووڵاتیان لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام لەو ناوچانەی کە لەلایەن داعشەوە لە پێشووتر هێرشیانکرابووە سەر، ڕێژەی هەژاری دوو هێندەی ناوچەکانی دیکەیە و بەڕێژەیەک بەرزبووەتەوە بۆ لە 41.2%.
بانکی جیهانی دەڵێت ستانداردەکانی خۆشگوزەرانی ژیان لە عێراق بەرەو خراپتر چوون، ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتیان ڕویشتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و ڕێژەیەکی بەرچاوی دیکەش نزیکبوونەتەوە لە هێڵی هەژاری.
بانکی جیهانی ڕاشیگەیاندوە ڕێژەی بێکاری لە عێراق 14.8%، بەڵام 18%ی گەنجانی تەمەن نێوان 15 بۆ 24 ساڵ لە عێراق بێکارن و لە 23%ی هاووڵاتیانیش داهاتیان کەمترە لە دوو دۆلاری ڕۆژانە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم و وەزارەتی پلاندانان ڕێژەی هەژاریی لە هەرێم لە ساڵی 2007، 4.7 بووە، لە ساڵی 2012 بوەتە 3.5%، لە سەرەتای ساڵی 2014 بۆ ساڵی 2017 بوەتە 12.5، لە سەرەتای ساڵی 2018 بوەتە 13.2.
وەزارەتی پلاندانان لەبارەی ڕێژەی بێکاریی لەهەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، تاوەکو ساڵەکانی 2012، 2013، 2014 و 2015 ڕێژەی بێکاریی 6.53% بووە، لە کۆتایی ساڵی 2017 بەرزبوەتەوە بۆ 13.53% واتە ڕێژەکە لە 90% زیادیکردووە.
سیروان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی دەستەی ئاماری هەرێم بۆ دواڕۆژ ئەوەدەخاتەڕوو، لەم دوو ساڵەی کۆتاییدا ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی تاوەکو ئێستا بە تەواوی نەتوانراوە لە ڕوپێوێکدا ئه و ڕێژەیە بە وردی دەربهێنن و بریاڕیشە بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی ڕووپێوێک ئەنجامبدەن لە بارەی ڕێژەی بێکاری.
وتیشی ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق باشترە و نەگەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار.[1]
#26-04-2018#