دواڕۆژ، #نەزیر عەلی#
ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان (#هەدەپە#) ڕایگەیاند، ڕێژەی دەنگدەرانی پارتەکەیان ڕوو لە زیادبوونە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 24ی حوزەیرانی ئەمساڵدا نزیکەی 100 کورسی پەرلەمان بەدەستدێنن.
لەزگین بوتان، پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری وانی باکوری کوردستان، بۆ دواڕۆژ وتی هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگەکانی هەدەپە لە تورکیا و باکوری کوردستان زیاددەبن و نزیکەی 15%ی دەنگەکان بۆ هەدەپە دەبن.
وتیشی شکستی سیاسەتی ئاکەپە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەتایبەتی بەرامبەر پرسی تیرۆر لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو پارتە دەست بۆ هاوکاری پارتی نەژادپەرستی مەهەپە ببات، بۆیە زۆرێک لە خەڵکی تورکیا بەتایبەتی کوردەکان بڕوایان بە ئاکەپە نەماوە و دەنگدەدەنە هەدەپە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان له و بڕوایەدان هەڵبژاردنی 24ی حوزیرانی ئەمساڵ پاک و بێگەرد نابێت، چونکە دەوڵەتی تورکیا باکوری کوردستانی وەک سەربازگەیەک لێکردووە کە ئەوروپا و ئەمریکاش تێبینییان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە هەیە، بەڵام ئەوان وەک پارتی دیموکراتی گەلان بە هەموو شێوەیەک بۆ ئه و هەڵبژاردنە خۆیان ئامادەدەکەن.
ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا بڕیاریداوە 10 پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئه و وڵاتەدا بکەن.[1]
#26-04-2018#