ئەو هونەرمەندەیە ماوەی 32 ساڵە کاری هونەری دەکاتو کاری بۆ هەریەک لەهونەرمەندان نەجمەدینی غوڵامیو کەمال محەمەدو سالار مەحمودو کاروان عوسمانو چەندین هونەرمەندی دیکە کردوە، ئەو ئێستا ڕۆژانە بازارو شەقامەکانی شاری سلێمانی دەگەڕێت، ناوبەناو لەهەر جێگایەک بیەوێت دادەنیشێت، بەئۆرگەکەی ئاوازی گۆرانیەکانی حەسەن زیرەکو محەمەدی ماملێو عەلی مەردانو کەریم کابانو هونەرمەندەکانی دیکە دەچڕێت، تا ئێوارەکی درەنگ گەنجانی شار لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە.
ئەو دەڵێت “نامەوێت لەپایتەختی ڕۆشنبیریدا هونەر لەناوبچێتو نەمێنێت ئەو کەسەی هونەری خۆشدەوێت دەبێت هەوڵی لەگەڵ بدات، ئەو تەمەنەی ماومە لەهونەردا سەرفی دەکەم"
لەمنداڵیەوە خولیای بۆ مۆسیقا هەبووە، لەتەمەنی نۆساڵیدا ئاشقی ئامێری کۆرگ دەبێت، ئەویش لەرێی ماڵێکی دراوسێیانەوە بووە، کە هونەرمەندێکی ژەنیار ئەو ئامێرەی ژەنیوە، عوسمان زۆری داوا لە دایکی کردووە ئەو ئامێرەی بۆبکڕێت داواکەی ڕەتدەکرێتەوە، پاشان دایکی دەیباتە لای مامۆستا ولیام یوحەنا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەسلێمانی”.
لەپەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشی مۆسیقا وەرگیراوە درێژەی بەخوێندن دا بەسەرکەوتویی لەساڵانی حەفتاکاندا بەشی مۆسیقای تەواوکردووە، لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی کاری هونەری بووە،لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و بەغدادب ەشداری ئاهەنگەکانی کردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی بەئەزمون لەساڵی 1984 تیپی هونەری (دەریا)یان دامەزراند، لەماوەی چەند ساڵێکدا کۆمەڵێک کاری باشیان پێشکەش بەهونەری کوردی کردووە”.
ئەو لەسەر قسەکانی بەردەوام بو باسی ئەوەی کرد “کەس هاندەری نەبوە لەکارە هونەریەکانیدا، بەڵکو خۆی بڕیاریداوە بێتە سەرشەقام و بازاڕەکان، هونەرەکەی پێشکەش بکات و گەنجانی شارەکەی ئاشتکاتەوە لەگەڵ هونەردا، باخەڵک لەبەری ئەوەی گوێیان لەدەنگی تفەنگو تۆپو تەیارەبێت، بەتایبەتی گەنجەکانمان باگوێیان لەمۆسیقا بێت”.
ئەو چەندجارێک لەشوێنە جیاوازەکانی سلێمانی خۆبەخشانە کاری کردوە دەڵێت” لەیادی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا سێ ڕۆژ لەپێش نەخۆشخانەی منداڵاندا ئامێری ئۆرگم ژەند، دواتر کۆی پارەکۆکراوەکانی ئەو چەند ڕۆژەم بەخشی بەمنداڵانی بێسەرپەرشت.