خەندان دەروون ڕەشید
بەپێی ڕاپۆرتێکی لیژنەی بەدواداچونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی قایمقامیەتی سلێمانی، زۆربەی کارگەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندن به و مەرج و ڕێنماییانەی کە بۆیان دەستنیشان کراوە، هەروەها ئه و کەرەستە بیناسازیانەشی کە بەرهەم دەهێنرێت لە ڕووی کوالێتییەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە ڕاگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە و تیایدا ڕەئوف محەمەد، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی لە لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێککەوتی دەستبەکاربوونی لیژنەکەیانەوە، هەزارو 169 سەردانیان بۆ 384 کارگە ئەنجامداوە و ڕێنمایی پێویستیان پێداوان بۆ ئەوەی باشترین جۆری کەرەستەی بیناسازی بە کوالێتیەکی بەرز لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەرهەم بهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "لەسەرەتای دروستبەکاربوونی لیژنەکەیانەوە تا ئێستا بەشێکی کەم لە کارگەکان پابەندنەبوون بە مەرجەکانەوە، ئەوانیش 96 کارگەن کە دەکاتە ڕێژەی %25، له و ڕێژەیەش پسوڵەی سەرپێچی بۆ 51 کارگەیان کراوە".
رەئووف محەمەد وتیشی: "پاش خستنەگەڕی هەوڵەکانیان و پێدانی زانیاری، %75 کارگەکان پابەندن بە ڕێنماییەکانەوە کە دەکاتە 288 شوێن، ئه و مەوادانەشی کە بەرهەمی دەهێنن کوالێتییەکەی لە ئاستێکی باشدایە".
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی لە لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی باسی لەوەشکرد: "مەبەست لە سەردان و بەدواداچوونەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جۆر و کوالێتی ئه و مەوادانەیە کە لە کارگەکانی کەرەستەی بیناسازیدا بەرهەم دەهێندرێن، هەر کارگەیەکیش گومان لە جۆر و کوالێتییەکەی بکرێت، بەرهەمەکەی ڕەوانەی تاقیگەی بیناسازی دەکرێت و پاش دەرچوونی ئەنجامکەی ڕێنمایی پێویستیان پێدەرێت".
رەئوف محەمەد ئەوەشی خستەروو: "بەهۆی ئه و قەیرانی داراییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کارگەکان دروست کردووە و هەندێک لە کارگەکان کارکردن تیایاندا ڕاوەستاوە".
جێی ئاماژەیە بەرێوەبەرایەتی پیشەسازی سلێمانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین 936 کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەستەی بیناسازی بوونیان هەیە".
- 16-06-2015