کەیفی عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا شێخانی
کەسایەتی: یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینی 1991 (سەرپەرشتیاری یەکەمی دامەزراندنی لقی #هەولێر#ی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان).
ناوی تەواوی: کەیفی عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا کاوێس.
ساڵی 1967 لە گوندی (#ئیلنجاغی گەورە#)ی ناوچەی #کۆیە# لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی ئیلنجاغ تەواوکردووە و خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری کۆیە تەواو کردووە. ساڵی 1986 بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی #زانکۆی سەڵاحەدین# وەرگیرا بەڵام هەر هەمان ساڵ لەم بەشە دەرکرا لەبەر ئەوەی ڕازی نەبوو ببێت بە #بەعس#ی و چونکە لەم ساڵەدا بڕیارێک دەرچوو ئەوەی نەبێت بە بەعسی نابێت لەبەشی کوردی بخوێنێت دواجار بەبێ ویستی خۆی و بەزۆر بۆ بەشی جوگرافیا لەهەمان کۆلێژ گواسترایەوە. کادیری دێرینی یەکیتی خوێندکارانی کوردستان بووە بەڵام لە دوای ئەنفالەکان و بارودۆخی کوردستان لەدوای ساڵی 1988 شتێک بەناوی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان وەک ڕێکخستن نەمابوو ئیدی بەهەوڵی مامۆستا کەیفی و چەند خوێندکارێکی تر لەدوای ساڵی 1991کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیان دامەزراند کەلەسەرەتادا ناوی ڕێکخراوەکە (کۆمەلەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان) بوو بەڵام دواتر لاوان جیاکرانەوە و بوو بە (کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان) بۆیەش دەتوانین مامۆستا کەیفی بە یەکێک لە داینەمۆ گرنگ و سەرەکیەکانی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دابنێین لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991. هەروەها ناتوانرێت باسی چالاکی و بزووتنەوەی خوێندکاری کۆلێژی ئادابی ساڵانی 1988 بۆ 1991 بکەی و باسی مامۆستا کەیفی نەکرێت چونکە بەئاشکرا بەرهەڵستی دام و دەزگاکانی بەعسی دەکرد و بەردەوام خەریکی چالاکی شۆڕشگێڕی و بزووتنەوەی خوێندکاری بوو. بۆیەش بە بەردەوامی لەلایەن دام و دەزگا ئەمنیەکاندا لەژێر چاودێری تووندا بوو هەر بەهۆی ئەمەشەوە ساڵێک خوێندنی لە کیس چووە. هەروەها مامۆستا کەیفی دامەزرێنەری ئەو لێژنانە بوو لە لەدوای ڕاپەڕین پێکهێنران بۆ پاراستنی زانکۆی سەڵاحەدین لە دزی و تاڵان کردن. دەستەی دامەزرێنەری لێژنەی باڵای خوێندکاران و قوتابیانی کوردستان بووە لەدوای ڕاپەڕین. لەساڵانی خوێندکاریدا گەلێک ئازار و ئەشکەنجەی لەسەر کاری سیاسی و بزووتنەوەی خوێندکاری بینیوە وە ئەگەر ڕاپەڕین نەبوایە بێگومان لە سێدارە دەدرا چونکە دەستگیرکرابوو لە ئەمنی هەولێر. زۆر هەوڵی دا کۆمەڵەی خوێندکاران سەربەخۆ بێت و نەچێتە ژێرباری حزبە سیاسیەکان و سەر بە حزبەکان نەبێت بەڵام دەستێوەردانی حزب نەیانهێشت خەونی سەربەخۆیی خوێندکاران سەربگرێت و هەر زوو لەناو حزبدا تواندیانەوە. بەڵام ئیدی لەدوای ساڵی 1996 بەیەکجاری وازی لە کاری سیاسی هێناوە و لەساڵی 1997 وەک مامۆستا لە شاری کۆیە دامەزراوە ئێستاش لە شاری کۆیە دادەنیشێت.
نامیلکەیەکی نووسیوە لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاران بەناوی (کورتەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاران)