بەنداوی سەیمەرە لە شاری بەدرەی پارێزگای ئیلام یەکێک لە 10 گەورە بەنداوی ئێرانە.
ئەم بەنداوە 25 ساڵ پێش بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو بۆ کشتوکاڵ و کارەبا بەردی بناخەی دانراوە؛ گەورەترین بەنداوی پارێزگای ئیلامە کە قووڵاییەکەی 180 مەترە.
820 میلیون مەتری چوار گۆشە ئاو لەم بەنداوەدا کۆ بوەتەوە بەڵام بۆ ئەوەی کارەبای لێبەرهەم بهێنرێت، پێویستی بە پڕبوونەوەی هەزار و 600 میتری چوار گۆشە ئاو هەیە.
محەمەد ڕەزا مروارید پارێزگاری ئیلام دەڵێت؛ لە قۆناخی یەکەمی دروستکردنی ئەم بەنداوەوە کە تا ئێستا 93 لە سەدی ئەنجام دراوە، 100 میلیار تمەن تێچووی بووە.
بە وتەی پارێزگاری ئیلام، بڕیارە 70 میلیار تمەن لە بەشە بوجەی ئێران بۆ ئەم بەنداوە تەرخان بکرێت.
ئاوی زەویە کشتووکاڵیەکانی ئەم ناوچەیە پێشتر بە ڕووبار و کانیاوەکان دابین دەکرا. ساڵانێکە کە جووتیاران و چاویان بڕیوەتە بەرهەمی ئەم بەنداوە، بەڵام تا ئێستا کەڵکێکی ئەوتۆیان لێوەرنەگرتووە.
پارێزگاری ئیلام دەڵێت؛ ئەگەر ئەم بەنداوە بگاتە قۆناخی کۆتایی و تەواو بکرێت، جیا لە دابینکردنی کارەبا، هەلی کار بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەڕەخسێت و کشتووکاڵ پەرە دەستێنێت.
مروارید لە بارەی دابین نەبوونی 600 میلیون دۆلار کە بڕیار بووە بۆ ئەو بەنداوە تەرخان بکرێت و تا ئێستا نەکراوە، هۆکارەکەی بۆ کاریگەریی گەمارۆکانی سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە. دەشڵێت؛ لە گەڵ بەرپرسانی کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکیەکانی ئێران دانیشتنمان کردووە و چاوەڕێ ئەنجامەکانیانین.
بەنداوی سەیمەرە، دەفرایەتی دابینکردنی 800 هێکتاری زەوی هەیە بەڵام بە وتەی پارێزگار هەوڵدراوە بۆ ئەوەی پشکی دابینکردنی ئاو بۆ زەویە کشتوکاڵیەکان، زیاتر بکرێت.
دوای تێپەڕ بوونی 25 ساڵ لە دەسبەکار بوونی بەنداوی سەیمەرە و گلدانەوەی سەرچاوە ئاویەکانی ئەم ناوچەیە، بەنداوەکە نەگەییشتۆتە ئاستێک کە قازانجی بۆ هاونیشتمانیانی پارێزگای ئیلام هەبێت.
هێشتاکە شارۆچکەی بەدرە لە بوونی کارگە و پیشە بێ بەشە و ئەگەر بێت ئەم پرۆژەیە بگاتە قۆناخی بەرهەمهێنان، بە پێی ئەو پێشبینیانەی کە کراوە، هەلی کار بۆ 4 هەزار کەس دەڕەخسێت. لە لایەکی دیکەوە، موراد یەگانە قایمقامی شاری سیروان دەڵێت؛ زیاتر لە هەزار هێکتار لە زەویە بە پیتەکانی کشتوکاڵ و 300 هێکتار لە باخی هەنار، دەبنە قوربانیی ئەو بەنداوە.
قایمقامی سیراون دەشڵێت؛ بە گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوە 6 گوندی سەربەو شارەش لە ناو دەبات و ئەگەرچی ئەو بەنداوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت بەڵام خەساری بە 500 بنەماڵەی ئەو گوندانە گەیاندووەو تا ئێستاش خەسارەکەیان بۆ قەرەبوو نەکراوەتەوە.
- 19-02-2015