خاش، خاشک، خەشخاش، خاش خاش، ڕەبەنۆک، گورز ڕۆسەم، ڕووەکێکە لاسکە لاسک باریک و گەڵاکانی درێژ و زل و ددانەدار و نووک تیژ. خاشخاشی چەرمووش هەیە کە گوڵەکانی چەرموون و خاشخاشی ڕەش، گوڵەکانی سوور یان بەنەوشن و پەڵەپەڵە ڕەش لە بنی گوڵەکانەوە بەرچاو دەکەون. ئەم ڕووەکە ڵە تیرەی "کوکنارییەکان "Papaveracées"ە. بەرزیی خاشخاش دەگاتە یەک میتر، بەرەکەی وەک جامۆڵکەیە و دوای وەرینی گەڵاکەی گوڵەکانی دەردەکەون، لە دیوی نێوەوە ماڵ ماڵە و لە نێو ئەو ماڵانەدا تۆمی وردوردی ڕەنگ چەرموو هەن کە دەیخۆن یان ڕۆنەکەی دەگرن. تۆکڵی خاشخاش کاتێک گەورە بوو بە هۆی ئامێرێکی تایبەتییەوە دەیڕووکێنن (برینداری دەکەن) و شیرەیەکی سپی لێ دێتە دەرێ کە پاش ویشک بوونەوە ڕەنگی دەگۆڕێ و دەبێتە قاوەیی، کە هەمان شیرەی تریاکە کە دوای کۆکردنەوە و شێلاندن بەکاری دەبەن. کوڵێندراوی تۆکڵی وشکی خاشخاش بۆ دەرمانی کەم کردنەوەی ژان و دەرمانی سکچوونی ئاسایی و سکچوونی خوێنی بەکەڵکە. لە هەر هکتار (1000 میتری چوارگۆشە) زەویدا نزیکەی 18 تاکو 22 کیلوگرەم شیلەی تریاک دەست دەکەوێ. تریاکیش مەوادێکی گێژکەری بەهێزە و هۆیەکەشی مەوادی شیمیایی مکونین Meconin و ئالکالوئیدەکانییەتی. لە تریاکدا بێجگە لە ئکسالیک ئەسید نزیکەی 25 جۆر ئالکالوئید هەیە کە بەناوبانگەکانیان ئەمانەن: مورفین Morphin، کودئین Codein، تبائین Thebaine (ئەمەیان زۆر ژەهراوییە)، نارکۆتین Narcotin، نارسئین Narceine و پاپاورین Papaverine، کە ناوی گوڵەکەوە بە هۆی ئەمەیانەوە نراوە. لە هۆز و تیرەی خاشخاشدا زۆر گوڵی دیکە جیا دەبێتەوە کە من بۆ زایاری هاوزوانەکانم ناوی نۆدانەیان لێرەدا دەنووسم:
1- Papaver rhoeas، ئەمەیان لاسکێکی تووکنی هەیە و پەڕەی گوڵەکانی لە 70 تاکوو 100 میلم پانن، ڕەنگی سوورێکی تۆخە و لە نێوەڕاستەوە ڕەشە. 2- P. argemone، ئەمەیان ڕەنگێکی تۆزێک لەوەی یەکەم کاڵتری هەیە و لەوەی چوارەمیش چووکەترە و پەڕەی گوڵەکانیشی 20 تاکوو 60 میلم دەبن و هێندەش دەوان ناهێنێ و زوو هەڵدەوەڕێ.
3- P. hybridum، ئەم جۆرە خاشخاشە وەک گوڵیی دووهەم دەچێ، بەڵام خونچەکەی خڕترە و پەڕەی گوڵەکانیشی خڕترە.
4- P.dubium، ئەمەیان بە دەوامترە و ڕەنگی لەوانیتر کاڵترە و لاسکی هەر وەک ئەونیتر تووکنە و پەڕەی گوڵەکانیشی لەوانیتر پانترە و لە 30،1 تاکوو 60 میلم دەبێ و لە نێوەڕاستەوە وەک ئەوانیتر ڕەش نییە، ئەگەر بیبڕین شیلەیەکی چەرمووی لێدێ.
5- P. somniferum، ئەم خاشخاشە گوڵەکانی تۆزێک زللە و ئەگەر بیچێنن تاکوو چەند ساڵان دەڕوێتەوە و باڵاشی بەرزە، گەڵاکەشی سەوزێکی بۆرە و پەڕەی گوڵەکانیشی لە سەرەوە بەنەوشن و بەرەو نێوەڕاستی گوڵەکە ڕەشتر دەبن، دوایەش مەیلەو چەرموون، پەڕەکانی تاکوو 180میلم پان دەبن.
6- P. radicatum، ئەمە وەک ئەوانیتر تووکنە و باڵای کورت و ڕەنگی گوڵەکانی زەردن، دوای بڕین شیرەیەکی زەرد یان چەرموویی لێدێ، پەڕەکانیشی 20 تاکوو 40 میلم پانن، خونچەکەی نەرم و بووکنە و درێژییەکەی دووجار لە پانیەکەی درێژترە. ئەمەیان زۆرتر لە چیا دەڕوێ.
7- Glaucium flavum، گوڵەکەی زەرد و زلە و باڵاشی بەرزە، گوڵێکی چەند ساڵەیە و پەڕەکانی لە 60 تاکوو 90 میلم پانن.
8- Meconopsis cambrica، ئەم جۆرە خاشخاشە گوڵەکانی زەردە و پەڕەکانی لە 50 میلم پانترن و زۆرتر لە شوێنی نمدار و سێبەردا دەڕوێ.
9- Chelidonium majus، گوڵەی ئەم جۆرەیان نە زل و نە چووکەیە و ڕەنگیشی زەردە و باڵای بەرزە و لاسکەکەی زۆر تەرچکە و زوو دەشکێ، پەڕەی گوڵەکانیشی لە 20 تاکوو 25 میلم پان دەبن.
ئەمەش چەند جۆر خاشخاشە بە کوردی: خاشخاشە کچە، ئەمەیان گوڵەکانی سوورە. خاشخاشکە کوڕە، ئەمە ڕەنگی گوڵەکانی چەرموون، خاشخاشکە مارە، گوڵی ئەمەیان گەورەترە، گوڵپەڕی ئەستوورترە و خونچە و ساقەتی خونچەکەی پێش پشکووتن وەک سەر و ملی مار دەچێ. ڕەنگی گوڵاکانی سەوزێکی مەیلەو کەوگن (شین)، لە قەراخ جادە و لە سەر دیواری تەلان و کەندەڵانەوە دەڕوێ. بە فەرانسەیی Pavot somnifere و بە ئینگلیزیش بێجگە لەم ناوەی سەرەوە White poppy، opium plant و Poppy پێدەڵێن. بۆ نووسینی ئەم بەشە لە ف.م. و م.گ. و ف.ن.گ.ا. کەڵکم وەرگرتووە. (گوڵی خاشخاش و گوڵی کوهکەن/ گوڵی پاتۆنیا، ڕەونەقی چەم) "پیرەمێرد".