ناوی ئیبراهیم محەمەد مستەفایە لە ساڵی 1931 لە خێزانێکی هەژاری شاری #سلێمانی# لە دایکبووه، تەمەن یەک ساڵان بووه، کە باوکی کۆچی دوای کردووه، لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەچێتە قوتابخانه، لەبەر هەژاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لای وەستا تۆفیقی برای دەبێت بە شاگردی خەیات. ئیبراهیم خەیات لە ساڵی 1956 خێزان پێک دەهێنی و دەبێتە باوکی چوار کوڕ و پێنچ کچ.
لە سەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرهەمی لەگەڵدا ئامادەکردوون، لە شۆڕش چواردەی تەمموزدا سروودی نیشتمانی وتووه، هەروها گۆرانی بۆ خۆشەویستی و تووه، لە ساڵی 1958 بانگهێشت کراوە بۆ ڤیینا، کە هەموو تیپە لاوەکانی جیهان بانگهێشت کرابوون و ئەمانیش بەشداریان کردبوو، کە سروودی نیشتمانیان وتووه.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/301/0005.JPG=KTML_Photo_Alt=ئیبراهیم خەیات=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/301/0005.JPG=KTML_Photo_End=
دواتر بووە بە ئەندامی تیپی موزیکی سلێمانی و هەموو تیپە موزیکییەکانی بەتیپی خۆی زانیوه، هە ڕوە ها لە ساڵەکانی 1960دا لە ڕادیۆی بەغدا چەندین گۆرانی تۆمارکردووە لەوانەش: بۆ ڕەنجەڕۆت کردم، ئیستعماری گەڕ، حیلفی بەغدا، تۆ جوانتری لە گوڵ و خۆشم ئەوی وڵاتەکە م.
ئیبراهیمی خەیات دەستی بۆ هەر هەڵبەستێک بردبێ و کردبێتی بەگۆرانی، ئەوەندەی دیکە بووە بەهۆی ناساندنی هەڵبەستووانەکە، بۆ وێنە کە دەچینە نێو گوڵزاری گۆرانییەکانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا بەگی گۆراندا دەستمان دەگرێت و بەگشت کوردستاندا دەمانگێڕێ، دۆڵاو دۆڵی وڵات، شار ودێ و هەموو قەدپاڵ وجوانییەکی نیشتمانمان پیشان دەدات، جارێکی دیکە ژیان بەبەر گۆرانیا دەکات و دەیهێنێتەوە ئەم جیهانە و لەگەڵ کوڕان و کیژانی ئەم نەوەیەو نەوەکانی داهاتوودا ئاشنای دەکات، تەنیا بەوە هەدا نادا، بەڵکوو بارگەو بنەی سەفەری لە #سۆران#ەوە بەرەو ناوچەی گۆران لەکوڵ دەکات و تا دەگاتە ئەوێ، بۆ ساتێکیش ڕاناوەستێ، لەوێش دوای پشوویەکی کوورت، لایەک لە ست فاتیمەی هەردی دەکاتەوە و دەیدا بەگوێی سابڵاخدا، هەر ئەو ئاوازە ڕەسەنەی ئەمیشە دەبێت بەهۆی ناساندنی خەلیل سدیقی و دەیباتە ڕیزی نەمرانەوە.
بەدەگمەن دەستی بۆ وتنی سروود بردووە، بەڵام بەتەنیا سروودێک و بەهەڵبەستێکی پڕ لەهەستی کاکەی فەللاح وای لێکردووین، پڕ بە دڵ بڵێین: خۆشمان دەوێی مامە برایم، چونکە بەوتنەوەی ئەو سروودە جارێکی تر فێرت کردین کوردستانمان خۆش بوێت و کاکەی فەللاح بەرز بنرخێنین.
خاڵێکی دیکەی جێگای باسی هونەری ئەم نەمرە، شێوازی گۆرانی وتنی بووە، ئەو وەک چۆن لەهەڵبژاردنی هۆنراوەدا توانیویەتی زانایانە هەنگاو بنێت، ئاواش لەدەربڕینی دەنگدا وەستایانە جوڵاوەتەوە، لەگەڵ کێشی هۆنراوەدا، دەنگ و سۆزێکی ئەوتۆی داوە بەگوێی بیسەراندا کە دەستبەجێ بۆی لەمل بداو بڵێ: بەڕاستی کاڵا بەقەد باڵایە.
گۆرانییەکانی ئیبراهیمی خەیات تەنیا شوێنی لەسەر خەڵک دانەناوە، بەڵکوو بووە بەهەوێنی خوڵقاندنی گەلێک بەهرەی دیکە لەنێو خێزانەکەیدا، بۆ وێنە گۆران ئیبراهیم هەر کە ڤیۆلینەکەی دەست دەداتی و ئاوازێک دەژەنێ، بیسەر دەبا بۆ جیهانییەکی ئەفسوناوی.
سەیری سەکۆی شانۆ دەکەی، ژیان ئیبراهیم دەبینی، کە ئەکتەرێکی بەتوانایە و فێری کوردایەتی و بەرخۆدانت دەکا.
لە گۆرانیدا جیهان ئیبراهیم و کیژان ئیبراهیم دوو دەنگی جیاواز و دەگمەنی ئەو بنەماڵە هونەرییەن.
ئاوڕ لە سۆران دەدەیتەوە، قوتابییەکی باشی گۆران ئیبراهیم و پەنجەیەکی شیرینی هەیە، ئەمە بەڵگەی ئەو ڕاستییەن، کە مامۆستا ئیبراهیم هەم وەک باوک و هەم وەک هونەرمەند کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بنەماڵەی هەبووە و لەگەڵ ئەوەدا دەرەتانی داون خۆیان تاقی بکەنەوە.
لەناوەرڕاستی هەشتاکاندا کە گۆرانی (ئێمەن گیانێکین) ی تۆمار کرد لە تەلەڤزیۆنی #کەرکووک#دا بڵاوکرایەوە، سۆلۆژەنی گۆرانییەکە گۆرانی کوڕیەتی.
ئیبراهم خەیات زیاتر لە 100 گۆرانی پێشکەشی گەلی کورد کردووه، کە دوایەمین بەرهەم بە ناوی سەرنج بوو، ئەوەی لە ساڵی 2000دا پێشکەش بەئەنجامی گەیاند، هەروەها دوو مەقام و گۆرانییەکی پێشوویی نوێکردەوه، ئەوانەش ست فاتمە و دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە و بەهار.
هونەرمەند ئیبراهیمی خەیات خاوەن بەهرەیەکی دڵپاک و کوردێکی خودان هەڵوێستیش بووە، کۆچی یەکجاری ئەو هونەرمەندە نەمرە کە بەبێدەنگی لە شەوی 3 لەسەر #04-05-2005# بەجێی هێشتین.[1]