ناونیشانی بابەت: سەرۆکى بەشى شوێنەوار لە زانکۆى سلێمانى: خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانی... زێڕی ناو زبڵ
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
بیناسازیی شارەکانی کوردستان لە دوو بەشی جیاواز پێکهاتووە کە یەکێکیان دەرخەری پێشکەوتن و گۆڕانی سەلیقەی خەڵکە و بەشی مۆدێرن و تازە دروست کراوە، بەڵام بەشێکی دیکەی شار هەیە کە بێجگەلەوەی بیرەوەری و رابردووی بەشێک لە خەڵکی شارەکەیە، بگرە بووەتە شوناس و ناسنامەی شارەکە.
گەڕەکە کەلەپوورییەکانی شارەکانی وەک #هەولێر#، #سلێمانی#، #کۆیە#...هتد، بەشێکی دانەبڕاوی شارەکەن کە بەهۆی نزیکییان لە بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەکانی شارەکە بوونەتە شوێنێک کە رۆژانە دەبیندرێن و خەڵک پیایاندا تێدەپەڕن، بەڵام ئاخۆ ئەم نزیکییە لە جەرگەی بازاڕ و گەڕەکە سەرەکییەکان کە خەڵک رۆژانە بە ئەوێدا تێدەپەڕێت، بووەتە هۆی پاراستنی ئەم خانووانە، یان بە پێچەوانەوە، بووەتە هۆی زیاتر تێکچوون و بگرە رووخانی خانووەکان؟
هەندێ جار هەر خەڵکی سڤیلی شارەکە (بە زانین یان نەزانانە) دەست بە تێکدانی خانووەکان و شێواندنی شێوەی کەلەپووری شارەکە دەکەن، وەک رووخاندنی خانووەکان بە مەبەستی دروستکردنی گەراج و مینی مارکێت، یان بە مەبەستی دیکە، بۆیە لێرە دەبێ بگەڕێینەوە سەر بابەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کەلەپووریی ناو خەڵک، بەڵام ئایا خانووە کەلەپوورییەکان (بەتایبەت سلێمانی کە مژاری سەرەکیی ئەم راپۆرتەیە)، بەرگەی ئەوەیان ماوە؟
لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار بە خانووە کەلەپوورییەکان کەرتی حکوومەتە کە دەبێت زۆر بەخێرایی فریای دۆخی وێرانی ئەم بەشە گرنگەی شار و مێژووی کوردستان بکەوێت.
ماوەی چەند هەفتەیەکە وێنە و قسەی زۆر لەسەر رەوشی خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانی بڵاودەکرێتەوە کە بووتە جێی نیگەرانیی کەسانی پسپۆر و خەمخۆری ئەم بوارە.
لەدوایین پۆستی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا، دکتۆر زریان حاجی، سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە #زانکۆی سلێمانی#، لەسەر خانووە کەلەپوورییەکاندا دەڵێ:
« بەڕێزان... پاراستنی کەلەپوور واتە پاراستنی ژێرخانی میللەتان، سەرخانی میللەتان لایەنی ئابووری و بیناسازی و کاری نوێی تەلارسازییە، بەڵام بە نەمانی کەلەپوور و زیندووڕانەگرتنی ئەم شوێنانە و بایەخ پێنەدانیان، ژێرخانی ئەو وڵات و میللەتانە دەکەوێتە مەترسی.
خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانی هەناسەی ژیانی ئەو شارەن، هەناسەی ئەو ڕابردووەن کە ئەمڕۆمان پیشان دەدەن و شانازیی ڕابردووە بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
ناسنامەی شار و میللەتێکن، ئاخر لە دونیادا نەبووە و نەکراوە بەئاشکرا کەلەپوور و ناسنامەی شارێک وێران بکرێت، کەسیش باکی نەبێت.
دکتۆر زریان حاجی زیاتر دەڵێت: بەڕێزان لە دونیا ساڵانە بودجەی تایبەتی میللەتان هەیە بۆ پاراستنی ئەو کەلەپوورە و زیندووڕاگرتنی و لەناونەچوونی، کەچی ئێستا لای ئێمە وا وێران دەکرێن، بەبیانووی نەبوونی بودجە یان ڕووخان و دروستکردنی (گەراج یان بینای نوێ)، بەبێ مەرجی شوێنەواری و تێکدانی ناسنامەی شوێنەواری و کەلەپووریی شارەکە تێکدەدرێن و وێران دەکرێن و دەسڕدرێنەوە .
خانوو و بینا کەلەپوورییەکانی سلێمانی کە ئێستا بەشێکیان بوونەتە (شوێنەوار)، پڕن لە یادەوەریی ئەم شارە، پڕن لە مۆرکی کوردەواری و بیناسازیی کوردی، پڕن لە جۆش و خرۆشی جوانی ناسینەوەی ئەم شارستارستانییەتە، ئاخر ئەو (تاق و تاج و کەوان و پەنجەرە و بالکۆن و مشربیە و گوێسوان و سووچ و پەنجەرە و ژێرخان و سەرخان و هەیوان و سەرپەنجەرە و دەرگا و نەخشی سەردیوار و نەخشی سەرسەقف و بنمیچ و کۆڵەکە و نەچشەی بیناسازی و بەرحەوشە و باخچانەی) لەو بیناسازییانەی کۆنی سلێمانی هەن، لە هیچ شوێنی دیکەدا نین، بڕواننە خانووەکۆنەکانی (گۆیژە و سەرشەقام و شێخان و بەرخانەقا و سابوونکەران و گاوران و جوولەکان و کانی ئاسکان) بزانن چی دەبینن؟!، هەریەکەو بۆخۆی مێژووی شار دەگێڕێتەوە.»
پێشتر کاری ناسنامە و تەنانەت ناساندن و ڕێگریکردن بەزانستی بۆ کراوە، بە هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی و زانکۆی سلێمانی لە کۆلێجی ئەندازیاری و بەشی شوێنەواری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان وەک دۆکیۆمێنتکردن و ڕزگارکردن و توێژینەوەی زانستی، بەڵام ئێستا وا لەسەر ئەرزی واقع خەریکە ئەم زێڕ و گەوهەرە پڕ بایەخەی مێژوومان نامێنێت، بەتایبەتی دوای ئەم بارانی ڕەحمەت و چۆڵبوونی ئەو بینایانە و تەنانەت دەستی مرۆیی زۆر بە ڕووخاندنیان و بە گۆڕانیان بۆ گەراج و مارکێت و کۆشک و تەلار بە نەخشەی بێگانە و دوور لە بیناسازیی کوردی بەناوی پاراستنی کەلەپوور .
دکتۆر زریان وەک چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە خراپەی خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانیدا دەڵێ:
تکایە با هەوڵەکانمان کۆبکەینەوە و فەرموون لایەنی پەیوەندیدار ئەوەی ماوە زیاتر با لەناو نەچێت و بیپارێزین. دەستی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوور بکەنەوە بە یارمەتیی بەشی شوێنەواری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، تاوەکوو بتوانین ئەوەی ماوە ڕزگاری بکەین و بیانپارێزین و نۆژەنیان بکەینەوە.
- تێبینی: لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی وەرگیراوە، بە دەستکارییەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=