رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ئیدانەی تۆپباران کردنی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی تۆپبارانەکانەوە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان لەناوچوون.
بۆردومان و تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان لەلایەن هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، زیانی زۆر بە ژینگەی باشور گەیاندووە، لەو بارەیەشەوە ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنداروەکەدا هاتووە:"چەند ساڵێکە دوژمنانی ژینگەی کوردستان تۆبباران کردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەست پێکردووە، کە بۆتە هۆی لە ناوچوونی هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و ڕەزو باغ لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان".
هەروەها هاتووە: بەداخەوە پاش سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران جارێکی تر لە لایەن هەردوو وڵاتی کۆماری ئێران و تورکیا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەست پێکردۆتەوه، کە بووەتەهۆی ئاوارە بوونی سەدان خیزان و لە ناوچوونی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و لەناوچوونی سەدان دۆنم لە زەوی دارستانی سروشتی، کە ژینگەیەکی لە باری بۆ ناوجەکە دروستکردبوو.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە: ئێمە وەکو ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە ئیدانەی تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکان دەکەین، لەلایەن هەردوو وڵاتی کۆماری تورکیا و ئێران، کە دەبنە هۆی تێکچوون و شێواندنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، وە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین زیاتر گرنگی بەم پرسە بدات لە بیناو زامن بوونی ژینگەیەکی لەبار وە هەوڵ و ماندبوونی ژینگەپارێزانی ناوچەکە بەفیڕۆ نەچێت، کە چەندین ساڵە بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی سەوزکردنی ناوچەکە دەدرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە:" داوا لە هەردوو کۆماری تورکیا و ئێران دەکەین قەرەبووی ژینگەی ناوچەکە بکاتەوە بەتایبەتی لە ڕووی ژینگەییەوە".