نێرگزەجاڕ

نێرگزەجاڕ

نێرگزەجاڕ
گوندێکە سەر بە شارەدێی #سیروان# لە شاری #هەڵەبجە#.

پێگەی جوگرافی نێرگزەجاڕ وبارودۆخی گوزەرانی دانیشتوانەکەی:ْْ...

گوندی نێرگزەجار دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی نزیکەی شەست کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، لەکەناری ڕووباری سیروان کەلەدوولاوە دەوری داوە و وەک نیمچە دوورگەیەک خۆی نمایان دەکات، وەبەدامێنی شاخی سەیشوجاعەوە لەنگەری گرتووە، لەباشورەوە بەگوندەکانی شەمێران وناوچەی تاوگۆزی ولەڕۆژاواوە بەگوندەکانی وارماوە ودەشتی شارەزوور ولە باکوریشەوە گوندە وسەراوو هەڵەبجەی شەهید ولەڕۆژهەلاتیشەوە گوندەکانی نەورۆڵی دەوریان داوە، هەڵکەوتەی جوگرافی نێرگزەجاڕ لە ناوچەکەدا گرنگە وڕێڕەوێکی بایەخداری گەشتیاران وڕێبوارانی ناوچەکەیە بە تایبەتی لەڕێگەی ڕووباری سیروانەوە کە درێژ دەبێتەوە بۆ بەنداوی دەربەندیخان وڕووبارەکەش لەچۆم وسەرچاوەکانی نەوسود و هەورامانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەقوڵێ ودێتەوە بەرەو لاوران ونێرگزەجاڕ ودەشتی بەپیتی شارەزوور، کەخەڵکی ناوچەکە بازرگانی بە ڕووبارەکە دا دەکەن بەپێی دەرفەت وتوانایان هاوردەو هەناردەی شمەک دەکەن بۆ ئێران.
ئەم گوندە سروشتێکی دڵگیرو ڕازاوەی هەیەو دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی پڕ هەورازو نشێو ومێرگ وسەوزایی، بەزنجیرە چیا سەرکشەکانی زمناکۆو زەواڵی وسێبڕ وهەوامان دەورەدراوە، .ڕووباری سیروان بووە بەسەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوییان، بەڕاوە ماسی ودروستکردنی حەوزی تایبەت لەڕووبارەکەدا بۆ پەروەردە کردنی ماسی و فرۆشتنیان بەگەشتیاران وخەڵکی ناوچەکە.
سەرچاوەی دووەمی بژێویان ئاژەڵداییە، کێوودۆڵەکانی دەوری گوندەکە لەوەڕگایەکی شیاوە بۆ ئاژەڵداران و تەنانەت ئاژەڵدارانی کۆچەری ودەوارنشینی ناوچەکانی تریش دێنە دەوروبەری نێرگزەجاڕ بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان،
جگە لەهەندێ باخی کەم کە ئەویش بەهۆی شاڵاوی ڕاگواستنی دێهاتەکانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەگۆڕنراو بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، وە نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزازییەک لەئێستادا ئەوانیش لەناوچوون تەنها شوێنەوارەاکانیان ماوە، ،
بەهۆی سەختی ناوچەکەشەوە کەمترین کشتوکاڵی تێدا دەکرێت.
شایانی باسەبەهۆی سەختی ودوورییەوەلەدەسەڵاتەکانی ڕژێم وجوامێری ونیشتمان وئایین پەروەری دانیشتوانەکەیەوە هەمیشە قەڵای بەرەنگاربونەوەی ڕژێمە داگیرکەرەکان بووەو بەسەربڵندی وسەربەستی دوورلە ژێردەستەیی چەپۆکی دوژمنان ژیانی سادەو شکۆمەندانەی خۆیان بەسەربردوەو بەڕەنج وتەقەلاو ئارەقی نێوچاوانیان بژێوی حەڵاڵی خۆیان پەیداکردووەو هاوکاری شۆڕشەکانی کورد بوون و
داڵدەی هاووڵاتیانی ڕاکردووی دەستی ڕژێمیان داوە، . هەمیشە ناوچەیەکی ڕزگارو ئازادکراوبووە، ، چەند ساڵێکی کەم نەبێ دوای هەرەسی شۆڕشی1975ز دەستی ڕژێمی پێ گەیشت ولەساڵی 1978ز هاوشانی هەموو گوندەکانی کوردستان دانیشتوانە سەربەرزەکەی نێرگزەجاڕ وەکو ئەسیری جەنگی دۆڕاو لە ئۆردوگای زەمەقی خوارووی هەڵەبجەی شەهید قەتیس وبەندکران وهەندێک لەدانیشتوانەکەشی لەساڵی 1988ز بەر بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە کەوتن وچەند شەهید وبریندارێکیان بەخشی بۆ بەرز ڕاگرتنی گیانی بەرگری وشکۆی نیشتمان، ،
وەک ئەدگارێکی پڕلە غەم وناسۆر خوالێخۆشبوو(شێخ ڕووف کوڕەزای شێخ مارفی نێرگزەجاڕ) لەگوندی ئەحمەدبڕندەوە بەرامبەر چۆڵی و وێرانی نێرگزەجاڕ ڕادەمێنێ و بەهۆنراوەکی غەمگین ناخی سوتاو وبرینداری خۆی ساڕێژ ئەکات، کەئێمە هەردوو دێڕی یەکەمی بڵاوئەکەینەوە وەک نموونەیەک ودڵۆپێک لەدەریای کارەسات وڕووداوە دڵتەزێنەکانی کەبەسەرگەلەکەماندا گوزەرا:

هۆ...نێرگزەجاڕ وا ڕووم لەتۆیە
دڵ بەچۆڵی تۆ زامی بەسۆیە

گوندە جوانەکەی جێگەی ئەجدادم
غەم وخەیاڵی دڵەی ناشادم

بەداخەوە پاش زیاتر لە 27 ساڵ حوکمی خۆماڵی لەجیاتی ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان وپێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان، تازە لەنێرگزەجاڕ لەمانگی سێی ساڵی 2017وە بەهەوڵی چەند دڵسۆزێک لەوانە شێخ ئەنوەر نێرگسەری بەڕێوەبەری کارەبای عەربەت کارەبای نیشتمانی گەیشته ئەوگوندەو شەوانی ئەنگوستەچاوی بۆ ڕووناک کردەوە...[1]

سەرچاوەکان
[1] تۆڕی کۆمەڵایەتی | کوردیی ناوەڕاست | شێخانی نێرگزەجاڕ حەیدەر ئیبراهیم محەممەد

ئەم بابەتە لەلایەن: (Naliya Ibrahim)ەوە لە: Mar 22 2018 9:55PM تۆمارکراوە


Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.015 چرکە!