#پیرانشار# شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ڕۆژئاوای ئێران). پیرانشار لە ڕووی دابەشکارییە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە، شارستانێکە کە لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا هەڵکەوتووە. لە ڕوانگەی دیمۆگرافییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی زمانی-فەرهەنگیی کوردستان هەڵکەوتووە. لە ڕووی دابەشکارییەکانی هەرێمە کوردنشینەکان و تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی، پیرانشار بەشێکە لە هەرێمی موکریان.
شاری پیرانشار بە پێوانەیی 1600 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەوتووەتە 45 پلە و 36 خولەکی درێژایی ڕۆژهەڵاتی و 37 پلە و 16 خولەکی پانایی باکوور. لە باکووری ڕۆژاوا لەگەڵ شاری #شنۆ# بە 47 کیلۆمەتر، لە باکوور شاری #نەغەدە# بە 47 کیلۆمەتر، لە باکووری ڕۆژهەڵات شاری #مەهاباد# بە 75 کیلۆمەتر، لە باشووری شاری میراوە بە دووری 45 کیلۆمەتر و هەروەها شاری #سەردەشت# بە 95 کیلۆمەتر و لە ڕۆژاوا لەگەڵ باشووری کوردستان سنووری هەیە.
ژمارەیی ماڵ و دانیشتوان بە پیەی سەرژمێری ساڵی 1395 ی هەتاوی: خانەوار: 27617 دانیشتوان: 138، 864 ژن: 68274 پیاو: 68403 خوێندەوار: ژن 27516، پیاو 37939. نەخوێندەوار: ژن 19107، پیاو 9343.
لێکۆڵینەوە کۆنینەناسییەکان نیشان دەدەن کە مێژووی شارنشینی لە دەشتی پیرانشار کە شاری پیرانشار بەشێکە لە ئەو، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی برۆنز و سەردەمی ئاسنی پێشامێژوو. شارستانی پیرانشار هەشت هەزار ساڵ مێژووی شارنشینی هەیە.
لە شارە مێژووییەکانی شارستانی پیرانشار، شاری کۆنەلاجانە. مێژووی کۆنەلاجان بۆ پێش ئیسلام و دەورانی ساسانی دەگەڕێتەوە. ئاسەواری دۆزراوە لە کۆنەلاجان دا لە مۆزەی ئازەربایجان لە شاری #ورمێ# دا نماییش دراوە. ئەم ئاسەوارانە پێوەندیدار بە دوودمانی ساسانین و چەندین کتێبییان لە ئاستی ناونەتەوەیی دا لە سەەر نووسراوە. هەر وەها لە گوندی دەڵاوان دا کەتیبەی کاجین دۆزراوەتەوە کە ئەویش پێوەندی هەیە بە دوودمانی ساسانیەوە.
$وشەڕەتناسی ئیتیمۆلۆجی:$
ناوی پیرانشار لە یەکێک لە شەخسیەتەکانی شاهنامەی فیردەوسی وەرگیراوە. پیران شەخسیەتێکی تو#ڕانیە# لە شاهنامەی فیردەوسی، حەماسەنامەی نەتەوەییی ئێران دا. هەروەها پیران لە سەرچاوەگەلی دیکە وەک تەبەری و سەعالیبی دا ناوی براوە. بە پێی تەبەری، پیران پادشای خۆتەن و سپەهبۆدی ئەفراسیابی توران بوە. ئەو وەک کەسێکی ژیر و هۆشمەند ناوی براوە کە هەول و کۆشیشی هێنانی ئاشتی بۆ نێوان ئێران و توران بوە. لە سەرچاوە کۆنەکانی ئێرانناسی دا، پیران و ئەغریرەت تەنیا کەسانێکن لە ناو تورانیان دا کە بە خۆشنێوی ناویان هاتوە. پیران دەورێکی سەرەکی لە داستانی سیاوەش، لە داستانی کەیخوسرەو و داستانی بیژەن و مەنیژە دا دەگێڕێ.
ساڵی 1315 هەتاوی (لە کاتی حکوومەتی ڕەزاشا) بە پیشنیاری سەعید نەفیسی نێوی ئەو شارە گۆڕدرا و بوو بە پیرانشار. ئەساسی ناوگوزاری ئەو شارە بە پیرانشار لە لایەن دەوڵاتی ئێران و سەعیدی نەفیسی ەوە، پیران ی شاهنامەی فیردەوسی بوو کە لە شاهنامەی فیردەوسی دا وەک فەرماندە و سپەهبۆدێکی هۆشمەند و لێهاتوو دەور دەگێڕێ و تا ببێت بە ئۆلگۆ بۆ پیرانشار وەک شارێکی نیزامی.
هاوکات لەگەڵ گۆڕینی ناوی پیرانشار، شاری سولتان ئاباد بوو بە ئەراک، دوزداب بو بە زاهدان، ئێستەر ئاباد بوو بە گورگان، دێهکورد بو بە شەهری کورد و ساوجبولاغی موکری بوو بە مەهاباد.
$مێژووی پیرانشار:$
لە ناوچەی موکریان و بە تایبەت دەشتی پڕ پیت و بەرەکەتی لاجان و پیران، لێرەوار و لەوەڕگە و کانگا و سەرچاوەی ئاوی زۆر و هەروەها کەون بوونی ناوچەکە، بۆتە هۆی هەڵدان و پەرەئەستاندنی زیاتری ژیانی مادی و مەعنەوی دانیشتوان و بەم جۆرە گەنجینەیەکی پڕ بایەخیان پێشکەش بە شارەستانیەتی مرۆڤ کردووە
هەروەها لە سەرەتاوە دەوڵەتەکان، خاوەن دەسەڵاتانی ناوچە و دەرودراوسێکان چاویان برێبووە ئەم خاکە و بە دەیان جار گوندەکانی کاول کران و خوێنی جوتیار و وەرزێران زەوی پێ دێرا.
ئەمجار پاش دامرکاندنی ئاوری ڕق و کینی داگیرکەران، چەرخی پێشکەوتن و شارستانیەتی وەگەڕ کەوتووەتەوە، برینی بەرەی میراتگر سارێژ بۆتەوە و سەر لە نوێ فەرهەنگ و زانست بایەخی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا کردۆتەوە.
شوێنەواری بەجێ ماو لە ناوچەی پیرانشار، یادگاری سەردەمی شەڕ و گیانبەخت کردن، پاراستنی کولتوور و فەرهەنگ و مەزەب و هەروەها خۆڕاگرتن لە بەرانبەر هێرشی داگیرکەران دایە.
پیرانشار بەشێک لە موکریانی ئێستایە. ئەم وڵاتە لە ڕۆژگارانی مێژووییدا ناوەکانی مادیبچووک و مێد و مەیدیا ناو بانگی دەرکردبوو. ئێستاش ئاسەواری قەڵاکانی پەسوێ، جەڵدیان، گردی مەرقەدی لاوێن، قۆڵی ئاسنگەران لە قەڵاتەڕەشێ و دەیان شوێنی تر یادگاری ئەو سەردەمەیە، هەروەها گردەکانی گردئاشەوان، قەرەخدر، قەڵاتی شیناوێ یادگاری دەورانی ئۆرارتوویییان پێوە دیارە.
$هەندێک لە گوندەکانی مێژوویی شارستانی پیرانشار بریتین لە:$
پەسوێ، جەڵدیان، قوبە، زێوکە، ماشکان، سێڵوێ، گردی کاولان، توان، ئەندێزێ، خورینج، کوندرێ، گردگ سپیان، شنۆزەنگ، لاوێن، گردئاشەوان، لک بن، حوجران، شارستێن، شەختان، باستان بەگ، سەڵۆس، گولەک، کەوپەڕ، سێوی گەدە، ترکەشی بەرەوە، هەنگەوێ، قەڵاتی مەنگوڕان، قەڵاتی موتاوێ، جەڕان، شیناوێ، قەڵاتەرەش، زێوە، کۆنەلاجان و دێڵزێ.
قەڵات و قەڵاتگە نیشاندەری ئاوایی گەورە و گرینگلە ڕابردودایە. هەروەک دەزانین قەڵات و قەڵاتگە جێگای بەرز و بڵیندن کە بۆ ئەرکی پاسەوانی و پارێزگاری لە دانیشتوانی قەڵا یان خەڵکی ئاوایی و شار تەرخان کراون و یادگاری مێژوویی هەر ناوچەیەکن. قەڵاتی جەڵدیان (5000 ساڵ بەر لە زایین)، قەڵاتی مووتاوێ (2500 ساڵ بەر لە زایین)، قەڵاتی شار (900 ساڵ بەر لە زایین) و قەڵای پەسوێ گرینگترینی ئەم شوێنەوارانەی ناوچەی پیرانشەهرن. قەڵات و قەڵاتگە لە دیاردەکانی سروشتی پێک هاتوون یان بە دەستی مرۆڤ دروست کراون کە بە ناوی تورەکەرێژ دەناسرێن.
بەرزایی قەڵاتگە بە مام ناوەندی دەگاتە 30 تا 40 میتر و لێکۆڵینەوەکانی کۆنینەناسی پێشانی داوە کە ئەم. شوێنەوارانە پتر لە جارێک کەڵکیان لێ وەرگیراوە و چەندین سەردەمی ژیانی مرۆڤیان بە خۆوە بینیوە
ئەوەی کە ئێستا لە تەنیشت هەر گوندێک و ئاوایەک قەڵات و قەڵاتگە دەبیندرێ، بەڵگەی زیندووی کۆن بوونی ناوچەی پیرانشارە.
با ئەمجارە باسێکمان هەبێ لە مەڕ تەپک و گردەکانی ناوچە، لەم جێگایانەی ئاسەواری خۆڵەمێش، شت و مەک و ئامرازی شەڕ یان خواردنیان تێدا دۆزراوەتەوە. هەندێک لەم تەپک و گردە کۆنینانەی ناوجەی بە ناو گوڵ تەپە ناسراون. وشەێ کوڵ یان گوڵ لە شێوەی پەهلەوی و ئازەری دا هەرکام مانایەکیان هەیە لە فارسیدا بە مانای ئاور و گڕی ئاگرە و لە زمانی ئازەریش دا بە مانای خۆڵەمێش و دە زمانی کوردیکۆنیش دا مانایئاگر ئەدات.
هەر بەم شێوەیە کولحان سۆبە و موغارییە وشەی گوڵ پاشان ئاڵ وگۆڕی بە سەردا هات و وەک کوڵ بە کاریان هێنا.
کوڵ تەپە نیشانێک لە ئاوری دە خۆیێدا نیهان کردووە و ئاورگەی سەردەمی کۆنی ئەم ئاو و خاکەیە. یادگاری سەردەمێکە کە ئاتەشگایەکی زۆر لەم ناوچەیەدا سەریان بەرەو ئاسمان بەرز کردبۆوە و ئاگر لە لایەن ئاگر پەرەستانی زەرتوشتی جێگای ڕێز و قەدر بووە.
بێ هۆ نیە ناوچەکانی لێواری گۆلی ورمێ بە مەڵبەندی ژیان و لە دایک بوونی زەرتوشت پێغەمبەری کوردی ئێرانی دەزانن و بە یەک واتە سەردەشتی ئەمڕۆ بەم شوێنە دائەنێن. کول تەپە ئاورگەیەکی بچووک لە سەردەمی خۆیدا بووە و ئاوربانان (ئاتۆربان) ئەرکی پارێزگاری لە ئاگریان وەک هێزی خاوەن تین و گەرما بە ئەستۆوە بووە. خۆڵەمێشی جێماو لە کول تەپە بە درێژایی زەمان لە سەر یەک کۆ بۆتەوە و یەپکێکی دێوست کردووە کە ئێستا بە شێوەی کوڵ تەپە دەیبینین. کول تەپە لە تەواری ناوچەکانی دراوسێش دەبیندرێ و مەڵبەندی ئێمەش یەکێک لەم شوێنەوارانەیە.
بەر لەوەی کە زەرتوشت بێتە دونیا، گەلانی ئێران و بە تایبەتی دانیشتوانی دەور وپشتی گۆلی ورمێ ئایینی مەزداپەرەستییان لە نێودا باو بووە و وەک ئامۆزایانی هیندی، مردوویان لە جێگایەکی تایبەتی دەسووتاند، کە وابوو خۆڵەمێشی نێو کول تەپە بەرهەمی سووتانی دار و دەوەن و تەرمی مردۆکانە.
کول تەپەی گوندی سەروکانێ لە ناوچەی لاجانی پیرانشار، یەکێک لەم شوێنە باس کراوانەیە کە بیری پیرانی بە ساڵاچوودا دێت کە زەمانێک جێگایەکی یەکجار ئاستەم بۆ هات وچۆ بووە و قامیشەڵێنیکی زۆری لە دەوروپشت دا بووە لەم شوێنەدا ئاسەواری کۆنینەی زۆر بە نرخ دۆزراوەتەوە.
دوکتۆر بەهمەن کەریمی ساڵی 13311ی هەتاوی هاتۆتە لاجان و باسی کول تەپەی سەروکانێ دەکات و بە گولی. تەپەی سەروکانێ ناوی دەبا
بەڵام سەبارەت بە ئاورگەکانی ناوچە وا باشە باسی ئاتەشکەدەی سەری کوورەی ناوچەی مەنگورایەتی پیرانشەهر بکەین کە بەرانبەر بە گوندەکانی سەڵۆس و وەرمیشان و لەم لاوە گوندی گولەک هەڵکەوتووە. بەرزایی دوندی کێوی ئاورگەی سەری کورە دەگاتە 3600 میتر لە ڕێکی دەریاوە و سەرنجی هەر ڕێبوار و بینەرێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بە داخەوە فۆڕمی سەرەکی و ڕاستەقینەی ئاتەشکەدەکە نەماوە و کاتی خۆی وەک تەندوور و کوورەی ڕەژی ساز کردن چووە. ئێستاش لە بەزایی ئەم جێگایە بەردی سووتاو هەر ماوە. بە گوێرەی وتەی تێکەڵاو بە ئەفسانە لە لایەن خ ڵکەوە، هاوکات دەگەڵ لە دایک بوونی حەزرەتی موحەممەد (دخ) و شکانی تاقی کەسرا، ئاوری ئەم ئاتەشکەدەیەش خامۆش بۆتەوە. سەری کوورب جێگای عیبادەت و ڕاز و نیازی گەورەکانی زەرتوشتی بووەکە کات و ساتی تایبەتی لە ساڵ بۆ بە جێ هێنانی ئایینی مەزهەبی و قوربانی کردن کۆ دەبونەوە. یەکێک لە کەسایەتییە مەزنەکانی دەورانی ساسانی بە ناویکریتر لە سەر تاشە بەردێک باسی تەواوی ئاورگەکانی ناوچە دەکات و دەڵێت: من لە سەرانسەری موڵکی ساسانیدا ئاوری ئاتەشکەدەکانی ئاتۆرپاتکان، میشان و.. م گەشاوە ڕاگرت. ئایا ئەم ئاورگەیەی کە کریتر بە ناوی میشان باسی دەکات هەمان سەری کوورەی خۆمان نیە کە. لە نیزیک گوندی وەرمیشان هەڵکەوتووە.
$لەمەر گۆڕستانەکانی کەونی ناوچەکە:$
سەبارەت بە شێوەی ناشتنی مردوو لە ڕۆژگارانی مێژووییدا، دەبێ بڵێین لە هەر سەر دەمێک دا ڕێ و ڕەسمی تایبەتی خۆی هەبوە. سەردەمێک کە زەرتوشتی، بیر و باوەڕی مەزهەبی خەڵک بووە، گۆڕێکمان وەبەر چاو ناکەوێ، هۆی ئەوەیە کە زەرتوشتییەکان مردوویان بە خاک نەدەسپارد بەڵکوو دەیانسووتاند. کە وابوو گۆڕێکی زەرتوشتیمان نیە. دەستەیەک لە گۆڕەکانی ناوچە وەک سەردەمی ئێستا دەچن و کێلی قەبر بۆ نیشانە کردنی قەبر دیاری کراون.
لە نێو هەندێک لەم گۆڕانە کە بە هۆی باو باران یان کێشانی ڕیگا و بان لە ناخی گڵ دا هاتونەتە دبر، ئامرازی شەڕ و نەرەکان یان کەرەسەی خواردن دۆزراوەتەوە. ئەم دەستە گۆڕستانە کۆنینانەی ناوچە هی سەدەی یەکەمی زایینین. لە نیوەی هەوەڵی سەدەی یەکەمی زایینیدا ڕێ و شوێنی ناشتنی مردوو لە نێو کووپەڵە گڵ دا بۆتە باو، سەری کووپە پاشان بە تاشە بەرد داپۆشراون و پیورێز کراون. هەندێک لەو کووپە گۆڕانە هی سەردەمی دووەمی زایینیە و جاری وایە لە نێویان دا قاپ و قاچاخ و..... بیندراوەتەوە.
دەستەیەک لە گۆڕستانەکانی ناو چەی پیرانشەهر لە کۆنەوە بە ناوێکی تایبەتی ناسراون و فۆڕمی قەبرەکان نیشاندەری ئەم ڕاستیەن کە سەردەمێک گەلانی تر وەک غەیری کورد و موسوڵمان لەم شوێنەدا نیشتەجێ بوونە، وەک کێلە کونتی و قەبرە قۆچ لە گوندی زێوکەی لاجان، قەبرە قەلە لە گوندی سێڵوێ، کێلە سپی لە گوندی دەڵاوان، گردی قەبران لە کوندرێ، گۆڕستانی نوزەڵێ لە گوندی پەسوێ و گوندی قوبە.....
ئینجا با باڵی بەرزەفڕی خۆمان بەرەو سەردەمێک لێک بدەین کە لەم ناوچەیە بە ناوی پارسوا ناسرا بوو. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ: قەومی پارس لە ڕەوتی هاتنیان بۆ ئاسیای نێو ڕاست و میروپوتما (بین النهرین) و کوێستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی پارسوادا نیشتەجێ بوون. مینورسکی ڕۆژهەلات ناسی بە ناوبانگ دەنووسێ: بە بیر و ڕای من پارسوا دەبێ هەر ئەو جێگایە بێت کە ئێستا پێی دەڵێن پەسوە یان پەسوێ.
پەسوێ ناوی گوندێکی گەورەی ناوچەی لاجانەو وێدەچێ ئەم گوندەش لە پارسوا ڕا هاتبێ، بە تایبەت کە شوێنی پەسوێ و وڵاتی پارسوا یەک دەگرنەوە.
کاک مەحموود پێدڕام سەبارەت بە ناوی ئەم گوندە بیر و ڕایەکی جیاوازی هەیە و دەڵێ دە زمانی کوردیدا دەتوانین (س) بە جێگای (ش) بە کار بهێنین و بڵێین پەسوێ یان پاشوێ بە مانای پاش لەوێ قەڵاتی شایە و دەگەڵ مانای پارسوا کە تەنیشت و کەنار دە مێشک دا زیندو ئەکاتەوە، یەک دەگرنەوە. ئەڵبەتە ئەوە بیر و بۆ چوونی کاک مەحموود پێدڕامە و بەڵگەی مێژوویی لە دەست دا نیە، ئەگینا گوندی پەسوێ و قەڵاتی سا ئێستاش لێک دوورن و بە تایبەت ئەودەم وەسیلەی هات و چۆ وەک ماشێن نەبووە.....
بەڵگەکانی مێژوویی لە بوونی وڵاتەکانی مێهری و کاراڵا لە سەر چاوەی چۆمی زێدا ئاگادارمان دەکا کە دەکەوێتە لاجانی ئێستا و بە تایبەتی ناوچەی بەربنەی لاجان. ئەم دوو وڵاتە بچووکە لە گەڵ پارسوا هاو سنوور بوونە.
ئاشور بانیپال لە پێنجەمین هێرشی خۆیدا بۆ ولاتانی پارسوا باسی داگیر کردنی چەندین قەڵا و شار لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی مانایی دەکا و دەڵێت: من بەردەوام هەشت شار و ناوچە لە وانە قەڵای بوشتۆم داگیر کرد پاشان شاری شوردیرام سەر لە نوێ لە چەنگ نەیاران دەرهێنایەوە.
کاک مەحموود پێدڕام قەڵای بوشتۆ بە قەڵاتی شا لە ناوچەی سەرشاخانی لاجان دەزانێ و شاری شوردیرا بە گوتەی ئەو شارێک بووە لە سەرچاوەی چومی زێی بچووک دا.
بەڵگەکانی مێژوویی باسی پەلاماری سارگۆنی دووهەم سای دەوڵەتی ئاشوری بۆ ئەم ناوچەیە دەکات. سارگۆن لە نێوان ساڵەکانی 722 تا 450ی بەر لە زایین دا حکومەتی بە دەستەوە بووە. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ سارگۆن لە #موسڵ# ڕا بەرەو ئێران هات و لەشکری کێشایە ئەم خاکە. لە ڕەوتی ئەم لەشکر کێشانەدا خەڵکی وڵاتی مانایی ئارد و شەڕاب و کەل و پەلی تری پێداویستی ئەوانیان دابین دەکرد. سارگۆن لە سولەیمانی کوردستانی ئێراق تێپەڕی و گەیشتە چۆمی زێ یە، لەم چۆمە پەریەوە و ئەمجار لە شوێنێکی کە ئێستا بە ناوی پەسوێ و لک بن و مەیدان ناسراوە، چل و دوو کەس لە سەرکردەکانی عێل و وڵاتەکانی بچووکی ناوچەی بە خزمەت گەیشت و سەرجەم سارگۆنی دوهەمیان بە مەزن و سەرکردەی خۆیان قەبوڵ کرد و هەروەها خەڵات و زێر و ئەسپ و کەرەسەیەکی زۆریان پێشکەش کرد. سارگۆن فەرمانی دا لە سەر دیواری قەڵا و قەڵاتگەکان ئاڵی سەر کەووتن بچەقێنن و ههروەها لە کەنار شاری لاتاش کە دەکەوێتە نێوان پەسوێ و مەهابادی ئێستا و لە تەنیشت قەڵای سپی واتە. قەڵاتی پەسوێ ئۆللۆسونۆ سای دەوڵەتی. $مانایی بەخشی:$
ئۆللۆسونۆ لە لایەن سارگۆنی دووهەمەوە کرابوو بە شای مانایی، بەڵام پاشان لە ئەمر و فەرمانی ئەو دەرچوو تا ئەوەی کە لەم هێرشەدا سەرلەنوێ هاتەوە ژێر فەرمانی سارگۆن.
بەڵام لە سەردەمی هاتنی سپای ئیسلام، ناوچەی ئێستای پیرانشەهر بە ناوی سەڵڵەق دەناسرا و لەم شوێنەدا کوردەکانی هەربانی نیشتەجێ بوون کە پاشان بە ناوی ڕاوەندی و ڕەوادی هاتنە ئارا. پاش ئەوەی کە وڵاتی کوردستان و ئازربایجان لە دەست خەلیفەکانی عەباسی هاتنەدەر و هاروونەڕەشید هاتە سەرکار، ئیبراهیم ناوێکی کردە وەزیر، ئیبراهیم لە پاشان هاتە لاجانی ئێستا و دە گەڵ کچی حاکمی ئەودەمی گوندی قەڵاتی مووتاوێ زەماوەندی کرد و کورێکیان بوو بە ناوی دەیسیم.
دەیسیم تەواوی ئازەربایجان و کوردستانی خستە ژێر چاوەدێری و پاشان دەگەڵ دەیلەمی و لاهیجانییەکانەوە ئێستای باشووری ئێران، تێکەوت بەڵام بە هۆی خەیانەتی سەرکردەکان، نەیتوانی سەرکەوێ و ناوچەی ئێستای لاجان کەوتە دەستی ئەوان.
وێدەچێ ناوی لاجان یان لاهجان لە لایەن ڵ دەیلەمی و لاهیجانییەکانەوە داندرابێ ئەویش بە هۆی زەنوێر و سەرسەوز بوونی ناوچە، ئەگینا لاجان و لاهجان بە مانای شوێن و جێگای پەروەردە کردنی کرمی ئاوریشمە و دەگەڵ تایبەتمەندێکانی ئەمڕۆ و ئەودەمی لاجان یەک ناگرێتەوە.
حوسێن حوزنی موکریانی دەنووسێ: ساڵی 429ی کۆچی ئۆغۆرەکانی پێشڕەوی سەلجووقییەکان هێرشیان هێنایە سەر عەشایری هەزیانی بەڵام سەرنەکەوتن. ئۆغۆزەکان دەیان دەست درێژی تریشیان بۆ هەزیانییەکان هێنا و ئێستاش ناوی گوندەکانی گردی مرادبەگی، قوبادبەگیان، بەستام بەگ و ئوغەن و.... یادگاری ئەو سەردەمە هەر ماون.
ئۆغۆز لە لایەن خەلکی ناوچەوە بە تورکە ڕەشە ناسراون و هەروەک دەزانین سلجووقییەکانیش تورک زمان بوون.
لاپەرەکانی مێژووی پیرانشار یادگاری سەردەمی ئیسلام و سوپای عەڕەبەکانیشی پێوە دیارە. پتر لە 300 چاک و پیر وشەخس و نەزەرگەی ناوچە شاهیدی زیندووی ئەم ئیدیعایەی ئێمەن. بەڵگەی مێژوویی سەبارەت بە هێرشی سپای ئیسلام بە سەر کردایەتی خالیدی کوری وەلید بۆ ناوچەی پیرانشار و گوندی شارستێن لە ناوچەی مەنگورایەتی ئاگادارمان ئەکا و هەروەها لە بوونی قەڵای پتەوی ئەم گوندە و شای وڵاتی مەنگورایەتی:مەنجوڕات دەدوێت. بە یەک وتە گوندەکانی گردڕەحمەت و گردشەیتان شاهیدی شەڕی نێوان سپای ئیسلام و کوردەکانی هەزبانی لە لایەکی ترەوە بووە.
پەریخان زۆر بە زیبک و زاکوون بووە لە هەمان حاڵیش دا زۆر کەیفی لە پیاوان هاتووە تا ئەو ڕادەیەی کە ڕێبواران و کەسانێکی خۆشی لێیان دەهات، بانگی دەکردنە دیوەخان داوای دەست تێکەڵ کردنی لێ دەکردن، ئەگەر کابرا ڕازی بایە ئەوە هیچ، ئەگەر بەرهەڵستی کردبوایە، فەرمانی دەدا لە نێو چیغ دا بیسووتێنن. سەرئەنجام پەریخان دەگاتە مەحمەڵ ناوێک کە بۆ فرۆشتنی مەڕ و مالات دێتە شار پەریخان خۆشی لێ دێت و لە دواییدا ڕەگەڵی دەکەوێ.....
ئێمە لێرەدا مەبەستمان لێکدانەوەی فۆلکلۆری نیە. هەر بۆیە سرنجی خوێنەرانی تامەزرۆ بۆ شریتەکانی تۆمار کراو یان کتێبی توحفەی موزەففەرییە نوسراوی ئۆسکارمان ڕادەکێشین.
ئێستاش لە بەربنە ئاسەواری شاری قەرە چەلیان و قەڵای میر زۆرابخان و ئاشکەوتی بێژ و بەرانان (بێشوێ) هەرماوە. کە وابوو وا باشە هەڵەی خوا لێ خۆش بوو کاک عەلی حەسەنیانیش ڕاست بکەینەوە کە شوێنی ڕوودانی ئەم بەیتە بە بێ بەڵگەیەک و تەنیا بە بیر و بۆچوونی خۆی بە ناوچەی شاروێران و گوندی دەریاز دادەنێ.
$سەرەڕای ئەوانە زۆر بەیتی تری کوردیمان هەیە کە ناوچەی پیرانشەهر دەگرنەوە وەک:$
کانەبی، خەج و سیامەند، هەمزەئاغای مەنگوڕ، کاک باپیری مەنگوڕ، شێخ ڕەش و شێخ مەند، سوارۆ، پایزە، ئازیزە و چەندت تر.
مێژووی ناوچەی پیرانشەهر لە گەڵ ناوی بڵباسیش تێکەڵاوە. بڵباس مەبەست ناوی پێشووی عەشایری پیران، مەنگوڕ و مامەش لە ئەم دیو و ئەم دیوی کوردستان لە ناوچەی پیرانشاردا بووە. شەڕەفنامە سەبارەت بە بڵباس دەنووسێ: عەشیرەی ڕۆژەکی بریتین لە 24 تایفە لە ناوچەی خۆیت کۆبوونەوە و دوازدەیان بڵباس و دوازدەی تریان بە ناوی قوالیس جیا بوونەوە. ئەم سەرچاوەیە ئیتر باسی ئەوە ناکات کە ناوی بڵباس لە کوێ ڕا هاتووە و بە چ مانایەکە.
یەکەم سەرچاوە کە ناوی بڵباسی تێدا هاتووە قوڕئانێکی دەس نووسە کە ئاماژەی بە ناوی مەنسوور کوڕی سادقی. بڵباسی کردووە
بڵباسەکان هەردوو دیوی سنوور پەیمانی هاوکاری ناوچەیان بە یەکەوە بەستبوو، ئەم هاوکارییە ساڵی 1209ی هەتاوی لە لایەن میر محەممەد، میری گەورەی #سۆران# لە ڕەواندز هەڵوەشایەوە. بڵباسەکان بە دەیان جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ناوەندی ئێران و عوسمانی و میرانی بابان و ئەردەڵان و سۆران و موکری پەلامار دراون، بەڵام هەرکات. وەک هێزێکی بەرگری، خۆیان نواندووە
لە بەردەنوسی ئاگۆنی دووهەم – شای کاسی– لە هەزارەی دووهەمی پێش زایین دا، هاتووە کە پەیکەری خودایانی ئەو سەردەمەیان لە ‹خانا›ڕا گەڕاندۆتەوە بۆ بابل کە پێشتر لەوانەیە لە لایەن هیتییەکانەوە دوای تێکڕووخاندنی بابل پاش گەڕانەوە لە وێیان بەجێ هێشتبێت. لێکۆڵینەوەی شوێنەوارەکانی قەڵاتی شا کە کەوتووەتە سەر کێوی لەندی شێخان – لە کێوە بەرزەکانی پیرانشەهر – ئاشکرا دەکات کە یەکەم بەردی بناغەی ئەو قەڵا گەورە و سەرسوڕهێنەرە لە سەرەتاکانی هەزارەی یەکەمی پێش زایین دا لە لایەن هۆزەکانی دانیشتووی ئەو ناوچەیەدا دامەزراوە و دوایە لە سەردەمی مادەکان دا پەرەی پێدراوە. لە سەدەی 9ی پێش زایین دا ناوچەی شارستانیپیرانشاری ئێستا کەوتبۆ ناو سنوری حکومەتی مانناییەکان. وڵاتی ماننا بە هۆی باری نیزامی و هاوسێیەتی لەگەڵ حکومەتە گەورەکانی ئۆرارتۆ و ئاشوور زۆر جاران لە تێکهەڵچوونی نێوان ئەو دوو هیزەدا دەست بە دەست گەڕا. سارگۆنی دووهەم (723-705 پێش زایین) لە هێرشی هەشتەمی خۆیدا بۆ ماننا و ئۆرارتۆ بە ناوچەکانی ئێستای پیرانشەهر و پەسوێ دا گەیشتە قەڵای ماننایی ‹سینی هینۆ› کە وێدەچێ هەر قەڵای پەسوێ بێت. هەر لەو دەمەدا ئۆللۆسۆنۆ، گەورەی ماننایی ئەو ناوچەیە، لە نزیک پەسوێ لەسەر ڕێگای مەهاباد گەیشتە خزمەت سارگۆن و هاوکاری خۆی بەوی ڕاگەیاند.
زۆر لێکۆڵەر وەک مینۆرسکی ناوی پەسوێی ئێستا وەرگیراو لە ‹پارسۆئا› دەزانن کە لە بەشی ڕۆژاوای وڵاتی ماددا بووە. ئەو ناوچەیە پاش دامەزرانی یەکگرتوویی ماد و پاشایەتی هەخامەنشی، ئەشکانی، و ساسانی بەشێک بووە لە وڵاتی ئەوان. بە دەست پێکردنی هێرشی عارەبە موسڵمانەکان، خەڵکی ناوچەی پیرانشەهر بەرەنگاریان کردوون و لەئارادا بوونی چەند گۆڕستانی ئەسحابانی سەرەتاکانی ئیسلام لەو ناوچەیەدا وەک ‹چل شەهیدان› و ‹دایە شێخی› شادەی ئەو وتەیە. لەوانەیە شارۆچکەی ‹بەسوی› کە یاقوتی حەمەوی لە سەدەی 7ی مانگیدا لە نزیک ‹خانی خاس بەگ›دا ناوی بردووە هەر ئەو ‹پەسوێ›ی ئەوڕۆ بێت و لە ڕاپۆرتەکەیدا ‹بەسوی› بە شارێکی چووکە ناساندووە کە مووچەی دیوانی 25 هەزار دیناری هەبووە و لەوێ دا دەغڵ و دان و ترێ و هێندێک میوە بەرهەم هاتووە.
$جوگرافیا$
پیرانشار یەکێکە لە حەڤدە شارستانەکانی پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژاوا. شارستانی پیرانشار بە ڕووبەری 2402 کیلۆمەتری چوارگۆشە کەوتووەتە 45 پلە و 8 خولەکی درێژایی ڕۆژهەڵات و 36 پلە و 42 خولەکی پانایی باکوور لە نێوان بەشێک لە زنجیرەکێوەکانی زاگرۆس. بەرزایی لە ڕێکی دەریاوە 1840 میترە و مامناوەندی بارینی ساڵانەی 352 میلیلیترە. نێوانی پلەی گەرمای 35-4 پلە و پلەی تەڕایی 51% ڕاگەیێندراوە.
دراوسێیەکان: لە باکووری ڕۆژاوا لەگەڵ شاری شنۆ بە 47 کیلۆمەتر، لە باکوور شاری نەغەدە بە 47 کیلۆمەتر، لە باکووری ڕۆژهەڵات شاری مەهاباد بە 70 کیلۆمەتر، هەروەها شاری سەردەشت بە 95 کیلۆمەتر و لە ڕۆژاوا لەگەڵ باشووری کوردستان هاوسنورە. مەودای ئەو شارە لەگەڵ ناوەندی پارێزگا (شاری ورمێ) 120 کیلۆمەتر و لەگەڵ پێتەختی ئێران (شاری تاران) 700 کێلۆمیتر لە ڕێگاوەیە.
شارستانی پیرانشار لە ناوچەیێکی کوێستانیدا هەڵکەوتووە و هەرچەندی بۆ لای ڕۆژاواوە بڕۆین بڵندایی زیاتر دەبێت. کێوەکانی #قەندیل# (3578 میتر)، حاجی برایم (3550 میتر)، سوورەداڵ (3503 میتر)، چل بزنە (3226 میتر)، لە بەرزترین چیاکانی ئەو شارستانەن.
لە کوێستانەکانی پیرانشارەوە چۆمی هەمیشەیی و پڕ ئاو سەرچاوە دەگرن و چۆمەکانی سێڵوێ، لاوێن، بادیناوێ و گەدە تێکەڵاو دەبن و چۆمی بە ناوبانگی زێی بچووک سازدەکەن کە دوای تێپەڕبوون بە ناوچەی میراوە و سەردەشت دا، دەچێتە ناو باشووری کوردستان و دەڕژێتە ناو بەنداوی دووکان.
$کەش و هەوا:$
کەش و هەوای پیرانشار لە هاوین و بەهار دا دڵخواز و خۆشە. مامناونجی دەما لە بەهار دا 15٫20، لە هاوین دا 25٫20، لە پاییز دا 10٫40 و لە زستان دا 1٫60 پلەی سێلێسیوسە. لە لێکۆڵینەوەیەکی 30 ساڵە کە لە سەر کەش و هوای پیرانشەهر ئەنجام دراوە، زۆرینەی دەمای موتڵەق 44 پلەی سێلێسیوس، کەمینەی دەمای موتڵەق 31- پلەی سێلێسیوس، و هەروەها مامناونجی دەمای ساڵانە 13٫10 پلەی سێلێسیوس بووە. مامناونجی تەڕایی نیسبی لە 06:30 کاتژمێر دا 69% و لە 12:30 کاتژمێر دا 38% بووە. مامناونجی بارانبارینی ساڵانە 497٫3 میلیمیتر و زۆرینەی ڕۆژانە 66 میلیمیتر بووە. مامناونجی ژمارەی ڕۆژگەلی سەهۆڵبەندان 111٫4 ڕۆژ بووە و زۆرینەی کاتژمێرگەلی خۆرهەتاوی لە گشت ساڵ دا 2، 786٫2 بووە.
$چنینەی شار و گەڕەکەکان:$
لە ڕوانگەی خانوو و بیناوە شار پێکهاتووە لە دوو چینی کۆن و نوێ. چینی کۆن کەوتووەتە لای دامێنی کێو و زیاتری ماڵەکان بە خشتی کاڵ و سواغ سازکراون و چینی نوێ لە لای دەشتەوە هەڵکەوتووە و بە کەلوپەلی ئەوڕۆیی سازکراون. دوو گەڕەکی کۆنەخانێ و زەرگەتەن کە لە گەڕەکە کۆنەکانی پیرانشەهرن، سەردەمێک دوو گوند بوون. گەڕەکەکان: خەیام، کۆنەخانێ، هەوراز، باڵاشار، کاسەکەران، قەپان، دۆڵی قیزقەپان، دۆڵی گراو، زەرگەتەن، جامیعای قەدیم، ئازادی، شارەداری، قودس، ئازادەگان، ئیسارگەران، شارەکی مەنگوڕ، نوختەی A، نوختەی B، نوختەی C، فەرهەنگیانی 1 و 2 و 3 و 4، پاداش، هەواشناسی، هێمن، هەژار، نالی، جێژنی، تەهازادە.
$چنینەی دانیشتووان:$
ژماری دانیشتووان: ژماری بنەماڵە و دانیشتوانی شارستانی پیرانشار بە پێی سەرژمێری ساڵی 1395ی هەتاوی: 20617 بنەماڵە، 107677 کەس دانیشتوو کە لەوان 53274 کەس ژن و 54403 کەس پیاون. ژماری خوێندەوار: ژن 27516 و پیاو 37939 نەخوێندەوار: ژن 19107 و پیاو 9343. دانیشتوانی شار: 57692 کەس.
ژماری دانیشتووانی گوندە گەورەکان:
کۆنە لاجان (کۆهنە لاهیجان): 7931
دڵاوان (دلاوەران): 5679
پەسوێ: 4772
جەڵدیان: 4461
گردکشانە: 3161
زێوە: 2811
سەروکانێ: 2501
$زمان:$
زمانی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە زۆرتر کوردی بە زاراوەی سۆرانی بن زاراوەی موکریانییە. تاق تاق زمانی تورکیشی تێدایە. لە ئیدارە فەرمییەکان دا وە هەروەها لە قووتابخانە و زانکۆکان دا لە زمانی فارسی کەڵک وەردەگیرێ. بەڵام بۆ لێکدانەوەی وانەکان لە قوتابخانەکان دا لە زمانی کوردی کەڵک وەردەگیرێ ئەگەرچی نوسراوەی پەرتووک و وانەکان بە زمانی فارسیە.
#ئایین:#
تەنیا ئایینێک کە لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا پێش ئیسلام ناسراوە، پەرستنی ئەهورامەزدا بووە. پاش بەرگری لە بەرانبەر هێزەکانی سوپای ئیسلام، بە پاراستنی زۆربەی داب و نەریتەکانیان بوون بە موسڵمان. زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە ‹موسڵمانی سوننی شافعی›ن و تاق تاق موسڵمانی شیعە یان دینەکانی دیکە تێیدا هەن.
$داب و نەریت:$
لێرەدا زۆرتر باسی هێندێک لە دابەکان کە گرینگی مێژووییان هەیە، دەکەین. چونکە دابە سەرەکییەکانی گەلان، پەیوەستە بە بیر و هەستی ئەندامەکانی، بە شێوەیێک کە سەرچاوەکانی لە ناخی ڕۆحی تۆرەمەکان دایە و لە تێپەڕی ساڵانی زۆردا، گرینگ ترین هۆی یەکگرتوویی بیر و ڕۆح لەناو توێژەکانی جۆراجۆری خەڵکی وڵاتێکە. لەو ناوچەیەدا ژیانی عاشیرەتی و چادر بڵاو بۆتەوە و خەڵکی شارەکان و گوندەکان تێکەڵاویان هەیە و بە هۆی کاریگەری لەسەر یەکتر، تایبەتمەندی عێلایەتییان لە دەست داوە، سەرەڕای ئەوە هێشتا زۆربەی داب و نەریت و جلک و کەلتووری خۆیان پاراستووە. لە پیرانشار دا وەک هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، ڕێز لە دەسپێکی سەری ساڵ و ڕۆژی نەورۆز دادەنرێت. جەژنی نەورۆز، بۆ هەموو گەلانی ئێرانی ناسراوە و ڕێزی تایبەتی لە کەلتووریان دا هەیە. ڕۆژانی جەژن کە سێزدە ڕۆژە، بۆ قوتابخانەکان پشوودانە و خەڵک دەچنە سەردانی یەکتر. منداڵانی و لاوان لە ڕۆژانی جەژن دا دەچنە ماڵە خزم و ناسیاوانیان و داوای جەژنانە دەکەن. ڕۆژی کۆتایی جەژنی نەورۆز، واتا سێزدەی خاکەلێوە، بە ڕۆژی سروشت و سێزدەبەدەر ناسراوە و خەڵک بە گشتی لە شار دەچنەدەر و ڕۆو دەکەنە کێو و سەیرانگەکان. جەژنەکانی دیکە سەرچاوەی لە بڕوای ئایینی خەڵک گرتووە وەک جەژنەکانی قوربان، بەرات، ڕەمەزان و مەولوود. لەو جەژنانەدا خەڵک بە دەبەرکردنی جلکی نوێ و جوان بە خۆشی دەچنە سەردانی یەکتر و جەژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن. جۆری جلکەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە وەک ناوچەکانی تری موکریانە. پیاوان ‹کەوا و پاتۆڵ› دەبەر دەکەن و ‹پشتێند› لە ناوقەدیان دەبەستن و بەساڵ داچووان ‹جەمەدانی›ش لەسەر دەنێن. ژنان کراسێکی سەرتاپێ دەبەردەکەن کە لە ناوقەدیڕا گنجی هەیە و پشتێند لە ناوقەدیان دەبەستن. لەبن کراسیش ئاواڵ کراس (دەرپێ) دەپێ دەکەن و ‹سیخمە› یان ‹کولێجە› لەسەر کراس دەبەر دەکەن و لێچکە لەسەر دەنێن و دەسماڵ بە شان دادەدەن.
$سروشت:$
شارستانی پیرانشار سروشتێکی سەرسەوز، چۆم گەلێکی پڕ ئاو و هەمیشەیی، لێڕەواری کوێستانی، کێوەکانی بەرز و پڕ بەفر، بازاڕچەی سەر سنوور، گوندەکانی سرنج ڕاکێش و شوێنەواری میژوویی و جوانی هەیە و بۆ گەڕان و سەیران خاوەنی جێگای خۆش و سەیرانگەی جۆراوجۆرە. ساڵانە لە وەرزەکانی بەهار و هاوین دا لە هەموو شوێنەکانی ئێران ڕا گەشتیاران بۆ دیتنی سروشتی جوان و سەرسەوزی ئەو ناوچەیە دێن و لە هەموو وەرزەکانیشدا بۆ سەردانی بازاڕچەکان و کڕینی کەلوپەلی پێویست دێنە ناو شاری پیرانشەهر. هەروەها سنووری فەڕمی حاجی ئۆمەران کە لە نێوان کوردستانی عێراق وپیرانشار دایە شوێنی ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی جۆراوجۆر لە نێوان دوو لای سنورە و شوێنێکی گرینگە بۆ بازرگانان. ناوچەی پیرانشەهر بە هەبوونی سروشتێکی سەوز و دانیشتووانی خوێن گەرم و میوان دۆست و بازاڕچەی سنوری وەک نەقیمەیێک لەسەر ئەنگوستیلەی پارێزگادا دەدرەوشێ. لە گرینگترین شوێنەکانی سروشتی و سەیرانگەکان دەتوانیین ئەوانە ناو ببەین: ئاوهەڵدێری خەرپاپ: کێو و دۆڵەکان و لێڕەوار و چۆمەکانی ناوچەی پیرانشار دەستیان وەیەک داوە هەتا بە کێشانەوەی تابڵۆگەلێکی جوان و بێ وێنە لە سروشت، سەرنجی هەر بینەر و ڕێبوارێک ڕاکێشن. یەکێک لەو دیمەنە جوانانە ئاوهەڵدێری خۆڕێن و پڕ ئاوی خەرپاپە کە لەناو لێڕەوارە سەرسەوزەکانی پردانان دایە.
سەیرانگەی پردانان هاوینە هەوارێکی سەرسەوز و خۆش، ئاو هەوای پردانان لە 22 کیلۆمەتری باشووری پیرانشەهر و لەسەر ڕێگای پیرانشەهر بۆ میراوە دا هەڵکەوتوون و چۆمی پڕ ئاو و خوڕێنی پردانان کە یەکێک لە سەرچاوەکانی چۆمی زێی بچووکە، جوانییەکەی دووهێندە کردووە. ئەو هاوینە هەوارە کە هەتا بەفرە هەمیشەییەکانی سنووری نێوانڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان درێژەیان هەیە، سەرنجی هەر گەشتیارێکی بۆ خۆ ڕادەکێشن.
$چیای قەندیل:$
ئەو چیا بەرز و پڕ بەفرە هەموو ساڵی لە وەرزەکانی بەهار و هاوین دا گەشتیاران و شاخەوانان و وەرزشوانان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. سروشتی سەوز و فێنک: ناوچەکانی وەک قەراخ چۆمەکانی زێ و بادیناوێ و لاوێن، لێڕەوارەکان، لەندی شێخان، دۆڵەنێ، بادیناوێ، گەڵی حاجی برایم، ئاوخواردە، دەڵاوان، قەڵاتی شای، کانێ زەرد، زێوکە و... ساڵانە دەکەوێتە ژێر پێی دۆستان سروشت و شاخەوانان. شاخە بەردینەکانی خورینج: زۆربەی گوندەکانی پیرانشەهر سروشتێکی بێ وێنە و جوانیان هەیە و بوونەتە سەیرانگە. یەکێک لەوان، وڵاتی بەردە سێحراوی و جۆراوجۆرەکانی خورینجە کە کەوتووەتە 20 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی پیرانشار و لەسەر ڕێگای پیرانشار بۆ مەهاباددایە. لە قەراغ ئەو گوندە، تەپۆڵکەگەلێکی داپۆشراو بە گابەرد هەیە کە بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر لەسەریەک دانراون، بە جۆرێک کە سەرنجی هەر ڕێبوارێک بۆ لای خۆ ڕادەکێشن و دەڵێی دەستی بەتوانای وەستایێک ئەو بەردانەی ئاوا جوان و ڕێک وپێک تاشیوە هەتا پەیکەری جۆراوجۆری لێ سازبکات.
جگە لە وانە بازاڕچەکانی ناوشار بۆ کەلوپەلی ناوماڵ، دەنگ و ڕەنگ، جلکی دەرەکی و کەرەسەی ڕازاندنەوە بە نرخی هەرزان هەموو ڕۆژی خانەخوێی مسافیران و کڕیارانێکە کە لە تەواوی ناوچەکانی ئێران ڕا دێن.
شوێنە مێژووییەکان
لە ناوچەی پیرانشاردا 113 تەپۆڵکەی مێژوویی لە لایەن کارناسانی نوێنەرایەتی میراتی کولتووری ئەو شارستانە ناسراوە و تۆمار کراوە کە پێشان دەری مێژوویی بوونی ناوچە و پێکهاتن و لەئارادابوونی شارستانیەتیگەلێکی بەهێز و پڕشنگ دارە وەک شارستانیەتی ماننایی، پارسوایی، ئۆرارتۆ، ماد، زاموا و ئیسلام. لەوناوەدا هێندێک تەپۆڵکە هەن کە بە هەبوونی شوێنەواری مێژوویی زۆر دەبنە جێگای سەردانی لایەنگرانی مێژوو و کولتووری ئەو ناوچەیە کە دەتوانین ئەوانە ناو ببەین: قەڵای شیناوێ (هەزارەی یەکەمی پێش زایین)، قەڵاتی موتاوێ (2500 ساڵ پێش زایین)، قەڵاتی شای (1500 هەتا 2500 ساڵ پێش زایین)، قەڵای جەڵدیان (5000 هەتا 5500 ساڵ پێش زایین)، قەڵای پەسوێ (پێش مێژوو)، بەردەنوسی بەردەمافوورە (گوندی لکبن)، داشان قەڵا (2000 هەتا 3500 ساڵ پێش زایین)، تەپکی گرداشەوان و گۆڕستانی زەرگەتەن. دیارە شوێنی مێژوویی زۆر لەو ناوچەیەدا هەن بەڵام بە هۆی کار لەسەر نەکردن بێ ناو ماون و نەناسراون.
ناوەندەکانی کەلتوور و ئەدەب و هونەر
پەڕتووک خانەی شارەوانی لە پارکی خەیام، پەڕتووک خانە و ناوەندی فەرهەنگی و هونەری ئیرشاد لە شەقامی سەعدی، زانستگەکان: زانستگەی پەیامی نوور و زانستگەی ئازادی ئیسلامی، ناوەندی بارهێنانی بیری منداڵان و لاوان لە شەقامی بەهەشتی، ئەنجومەنی ئەدەبی چرا لە هیلالی ئەحمەر.[1]