=KTML_Bold=کۆمەڵکووژی چییە؟ چۆن لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەناسێنرێت؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
شەڕی غەززە و بۆردومانکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، هانی چەندین وڵاتی دا تا داوای یاسایی لە دادگای سزای نێودەوڵەتی تۆمار بکەن و داوا بکەن ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات وەکوو کۆمەڵکووژی بناسرێنێت و کارەساتێکی مرۆییە. بەڵام دەستنیشانکردنی کۆمەڵکووژی و ناساندنی، پڕۆسەیەکی ئەوەندە ئاسان نییە و لەڕووی مێژوویشەوە چەندین کۆمەڵکووژی بەکردار بوونیان هەبووە، کەچی نەناسێنراوە، نموونە کیمیابانکردنی #هەڵەبجە# و کارەساتی ئەنفال، کە ڕژێمی سەدام حوسێن دژی کورد ئەنجامیدا و سەدان هەزار مرۆڤی بێتاوانی کردە قوربانی.
لە 15ی ئەیلوول، لیژنەیەکی نەتەوەیەکگرتوەکان، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی غەززە بڵاوکردەوە، لەوێدا دەستنیشانیان کردووە لە غەززە کۆمەڵکووژی ئەنجامدراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە 2023ەوە کە ئیسرائیل پەلاماری غەززەی داوە، پێنج کۆمەڵکووژی ئەنجامدراوە، چواریان بەڵگەیان لەگەڵدایە و پێنجەم بەبێ بەڵگەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەوەتەی شەڕ لە غەززە دروست بووە لە ماوەی سێ ساڵدا 64 هەزار و 905 کەس کوژراوە، ئەمەش لەوکاتەدا ڕوویدا کە لە 7ی 10ی 2023، حەماس پەلاماری ئیسرائیلیدا و 1200 کەسی کوشت و 251 کەسیشی بەدیل گرت و وەکوو بارمتە لایان ماوەتەوە.
بەرازیل و تورکیا و چەند وڵاتێکی تر، بەفەرمی لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای یاساییان تۆمار کردووە و دەڵێن ئیسرائیل کۆمەڵکووژی ئەنجامداوە. لە مانگی 12ی 2023، باشووری ئەفریقیا، لە دیوانی عەدالەتی نێودەوڵەتی داوای یاسایی لەسەر ئیسرائیل تۆمار کرد و گوتی، پێشێلی ڕێککەوتنی 1948ی کردووە، کە تایبەتە بە کۆمەڵکووژی.
دادوەرەکان داوایان لە باشووری ئەفریقیا کرد، بەڵگەکان بخەنە ڕوو و ئەگەر ئەو بەڵگانە بخەنە ڕوو، ئەوکات یاساییە و دەکرێت بڵێین ئیسرائیل پێشێلی ڕێککەوتنەکەی کردووە. بەڵام بەریتانیا و ئەڵمانیا، خۆیان لەوە دزیوەتەوە کە دان بەوەدا بنێن ئیسرائیل کۆمەڵکووژی کردووە.
ئیسرائیل، ڕەتی دەکاتەوە کۆمەڵکووژی ئەنجام دابێت و هەموو دەنگۆ و بەڵگەکان ڕەتدەکاتەوە و بە پروپاگندە و بوختان ناوی دەبات.
=KTML_Bold=چەمکی کۆمەڵکووژیی چییە و لەکوێوە هاتووە؟=KTML_End=
لە 1943، پارێزەرێکی یەهودی بەناوی ڕافیال لێمکین، وشەی کۆمەڵکووژی هێناوەتە بەرباس، ئەویش سوودی لە وشەی نەژاد و قەبیلەی یۆنانی وەرگرتووە و لەگەڵ وشەی کوشتن لەیەکیداوە و کردویەتی بە کۆمەڵکووژی. ڕافیال، جگە لە برایەکی هەموو خانەوادەکەی لە هۆلۆکۆست لەناوچوون و کوژران، بۆیە کەمپینێکی دروست کرد تا ئەو تاوانە وەکوو کۆمەڵکووژی لە دادگای نێودەوڵەتی بناسرێت و هەوڵی ئەو وای کرد، لە مانگی یەکی 1951 لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بناسرێت. لە 2022دا، 153 وڵات ئەو کۆمەڵکووژیان قبوڵ کردووە و ناساندویانە.
لەرێککەوتنەکەدا لە مادەی دووەمدا هاتووە ”ئەگەر نەتەوەیەک، نەژادێک، یاخود گروپێکی ئایینی، بەتەواوی یان بەشێکی لەناو ببەیت، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی کۆمەڵکووژییەوە.“ هەروەها هاتووە:
ئەگەر ئەندامانی گروپێک لەناو ببەیت.
ئەگەر ئەندامانی گروپێک، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار بدەیت و جا بەدەنی بێت یان ئازاری ڕوحی.
بەشێوەیەکی مەبەست، لەڕووی فیزیکییەوە گروپێک یان بەشێکی گروپەکە لەناو ببەیت.
یاخود لەناو گروپێکدا ڕێگە لەوە بگریت منداڵیان ببێت، ئەمەش بەمەبەستی لەناوچوونیان.
بەشێوەیەکی ناچاری، منداڵانی گروپێک بۆ گروپێکی تر بگوازیتەوە.
ئەگەر ئەمانەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە ڕوو بدات، دەچێتە چوارچێوەی کۆمەڵکووژی و دەبێت وڵاتانی ئەندام دانی پێدا بنێن.
=KTML_Bold=کێ بڕیار لەبارەی کۆمەڵکووژییەوە دەدات؟=KTML_End=
نەتەوەیەکگرتوەکان ئەو لایەنە نییە بتوانێت بڕیار لەبارەی کۆمەڵکووژییەوە بدات، ئەوەی بڕیار دەدات دادگای نێودەوڵەتییە و ئەو دادگایە تاکە ئۆرگانە بڕیار بدات ئەوەی ڕوویداوە کۆمەڵکووژییە یان نەخێر. تاوەکوو ئێستاش، تەنیا چەند ڕووداوێک وەکوو کۆمەڵکووژی ناسێنراوە، ئەوانیش کۆمەڵکووژی جولەکەکان بەدەستی هیتلەر، هەروەها کۆمەڵکووژی ڕواندا لە 1994 و کۆمەڵکووژی بۆسناش لە 1995 و چەند کۆمەڵکووژییەکی تر.
دادگا نێودەوڵەتییەکانیش ئەمانەن (دادگای سزای نێودەوڵەتی، دادگای دیوانی نێودەوڵەتی)، ئەو دوو ئۆرگانە سەرەکیترین ئۆرگانن بۆ ناساندنی هەر کۆمەڵکووژیەک، یان ڕەتی بکەنەوە. دەبێت ئەوەش باس بکرێت، چەندین کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵکووژی بەکردار ڕوویانداوە، بەڵام ئەو دوو دادگایە بریاریان لەبارەوە نەداوە، بەبەهانەی نەبوونی بەڵگەی پێویست، بۆ نموونە کۆمەڵکووژی موسڵمانەکان لە میانمار و ئەو کۆمەڵکووژییە گەورەیەی لە 1932_1933 ستالین لە ئۆکڕاینا ئەنجامیدا، کە بە ملیۆنان مرۆڤی لە برسان کوشت، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەکوو کۆمەڵکووژی لەلایەن ئەو دوو دادگایەوە نەناسێنراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=