=KTML_Bold=ئەو خاڵە گرنگەی لە کۆبوونەوەی ترەمپ و ئەردۆغان کەس باسی نەکرد=KTML_End=
#کارزان گلی#
یەکەم:
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، دەنگدانەوەی زۆری لە تورکیا و جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لە تورکیا ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا. کۆبونەوەکە گرنگییەکی زۆری بۆ هەردوو وڵات هەبوو، بەڵام ئەوەندەی بازرگانی بوو سیاسی نەبوو.
ترەمپ، لەبارەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاماژەی دا، چوار ساڵ منیان دوور خستەوە، لەوماوەیەی کە دوورخرابوومەوە، ئێمە لەگەڵ ئەردۆغاندا هەر هاوڕێ بووین و پەیوەندیمان باش بووە.
زیاتر گوتی: ”کاتێک نەکرامەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کرابوو، ئەردۆغان لە هەموو کەس زیاتر دەزانێت هەڵبژاردنی ساختەکاری چۆنە.“
ئەم گوتەیەی ترەمپ دەنگدانەوەی گەورەی لە تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەڵێن، ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە، تۆ لە هەڵبژاردندا باش ساختەکاری دەکەیت، بۆیە لێی تێدەگەیت، هەروەها باس لەوەش دەکەن، ترەمپ ویستویەتی لەبەردەم هەموو دونیا بە ئەردۆغان بڵێت سەرۆکێکی بە ساختەکاری هاتوویتەتە سەر کورسی.
دەبێت بزانین ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2023، ساختەکاری نەکرد و بەدەنگی ئاکەپە و مەهەپە و کورد لەسەر کورسی سەرۆکایەتی دانیشت، ڕەنگە مەبەستی ترەمپ، دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بێت، کە ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەردۆغانە و ئێستا خراوەتە زیندان، واتە ترەمپ مەبەستی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیایە، نەک پێشووتر.
دووەم:
کەس باسی نەکرد و زۆریش گرنگە، یۆنان ئەو وڵاتە بوو لە نزیکەوە چاودێری کۆبوونەوەکەی دەکرد، تیمێکی گەورە وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە ئەمریکا بوونە و چاودێری کۆبوونەوەکەیان کردووە، چونکە نایانەوێت تورکیا لەڕووی سەربازییەوە بگاتە ئاستێکی باڵا.
ئەمریکا و یۆنان، بەرژەوەندی زۆریان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، تەنانەت وڵاتانی ئەورووپا، بەردەوام پشتگیری یۆنان بوونە دژی تورکیا، بۆیە کاتێک باس لەوە دەکرێت 300 فڕۆکەی جەنگی بفرۆشرێتە تورکیا، بەبێ یۆنان و بەرژەوەندی ئاساییشی یۆنان ئەو کارە ناکرێت، واتە هەرگیز ئەمریکا ڕێککەوتنی زەبەڵاحی سەربازی لەگەڵ تورکیادا ناکات، چونکە یۆنان قبوڵی ناکات و بەردەوام تورکیا بەمەترسی بۆ سەر خاکەکەی دەزانێت.
هەر بۆ زانیاریتان، ئەمریکا ڕێگەی داوە یۆنان ببێتە خاوەنی مووشەکی بەرگری ئێس 400، بەڵام ڕیگە بە تورکیا نادات ئەو سیستەمەی هەبێت، ئەگەرچی بە چوار ملیار دۆلار لە ڕووسیاشی کڕیوە، بەڵام ناتوانێت بەکاری بهێنێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=