=KTML_Bold=ڤاتیکانی دووەم لە تورکیا دەکرێتەوە=KTML_End=
#کارزان گلی#
لە لۆزاندا گفتوگۆی زۆری لەسەر کراوە و تورکیا ڕازی بووە.
لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڕەجەب تەییب ئەردۆغاندا لە کۆشکی سپی، باس لە قوتابخانەی هەیبێلیادەی ڕوحانی کرا لە ئیستانبۆڵ، ترەمپ ئامادەیی نیشاندا بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە ئایینییە.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا بە ئەرێنی باسی لەو قوتابخانەیە کرد و بەڵێنیدا هەموو کارێک دەکات تا ئەو قوتابخانەیە بکرێتەوە و پاڵپشتی تەواوی دەکات.
قوتابخانەی هەیبێلیادەی ڕوحانی، کە قوتابخانەیەکە کەسایەتی سەر بە ئایینی کریستیان دروست دەکات و پاشان بڕوانامە وەردەگرن و دەبن بە قەشە، نیو سەدەیە ئەو قوتابخانەیە لە یەکێک لە دوورگەکانی ئیستانبۆڵ داخراوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی.
قوتابخانەی هەیبێلیادەی ڕوحانی چییە؟
ئاژانسی (BBC) تورکی لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر ئەو قوتابخانەیە کردووە، دەڵێت پیاوی ئایینی کریستیان دروست دەکات و لە 1844ەوە سەر بە پاتریارکی ڕومەکان بووە. لە سەردەمی عوسمانییەکان و کۆماری تورکیادا گرنگی بەو قوتابخانەیە دراوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردووە.
لە سەروبەندی ڕێککەوتنی لۆزاندا، هەیبێلیادەی ڕوحانی یەکێک بووە لەو مادانەی قسەی زۆری لەسەر کراوە لە لایەن تورکیا و ئەو وڵاتانەی لە لۆزاندا ڕۆڵیان هەبووە، واتە لە لۆزاندا جێگیر کراوە دەبێت ئەو قوتابخانەیە گرنگی پێ بدرێت و دانەخرێت، بەڵام لە 1971 بەهۆی ڕیفۆرمی پەروەردەیی لە تورکیا ئەو قوتابخانەیە داخراوە.
ئەم قوتابخانەیە بەردەوام بابەتی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا بووە، تەنانەت لە 1990، یەکێک بووە لەو پرسانەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کردبویانە مەرج بۆ تورکیا کە ئەو قوتابخانەیە بکاتەوە ئەوکات گفتوگۆ لەبارەی ئەندامبوونی تورکیا لەو یەکێتییەدا دەکەن.
ئەم قوتابخانەیە بەر فەرمانی سوڵتان عەبدوڵمەجید کراوەتەوە، بۆیە لاکی ڤینگاس، کەسایەتی ئایینی ئاماژە دەدات، هەموو کات بیریان دەچێت ئەمە قوتابخانە بووە، هەموو کات وەکوو کەرەستەیەکی سیاسی بەکاریان هێناوە.
لە 2024 کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە لە تورکیا هاتە بەرباس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لێدوانی بۆ میدیاکانی یۆناندا و گوتی بۆ بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە کاری باش کراوە. هەروەها لە 28ی 5ی 2024، یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا سەردانی ئەو قوتابخانەیەی کرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە.
لە ئەیلوولی 2024، پاتریارک بارتۆلۆمیۆ، پیاوی ڕوحانی کریستیانیەکان لە تورکیا گوتی: ”ئیدی ئێمە دڵنیاین قوتابخانەکەمان سەرلەنوێ دەکرێتەوە و خوێندنی تێدا دەبێت.“
پاتریارک لە لە 26ی 12ی 2024 لە پێشتەپە سەردانی ئەردۆغانی کرد و باسیان لەو قوتابخانەیە کرد و پاشان سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ کردنەوەی هەیبێلیادەی ڕوحانی و هەروەها کارەکانی خێرا کردووە بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە.
ڕەخنە لە کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە دەگیرێت
کردنەوەی قوتابخانەی هەیبێلیادەی ڕوحانی، بووەتە بابەتێکی گەرمی پارتە سیاسییەکانی تورکیا، بەشێک لە سیاسییەکان ڕەخنە دەگرن و دەڵێن نابێت بکرێتەوە. بەشێکیان دەڵێن فشاری ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایە و تورکیایان ناچار بەکردنەوەی کردووە.
ئومید ئۆزاغ، سەرۆکی پارتی زەفەر لە تورکیا، لە مانگی هەشتی 2024 ڕەخنەی لە کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە گرت و گوتی ”ئەگەر ئەردۆغان هەنگاوی لەو شێوەیە بهاوێت، لە ناوەڕاستی ئیستانبۆڵ ڤاتیکانی دووەم دروست دەکات.“
محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە، بەهەمان شێوە دژی کردنەوەی ئەو قوتابخانەیەیە و پێیوایە لە لۆزاندا ئاماژەی پێکراوە، دەبێت یۆنان ڕێز لە مافی موسڵمانە تورکەکان بگرێت و نەیکردووە، بۆیە کردنەوەی هەیبێلیادەی ڕوحانی بە باش نازانم و هەڵەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ماوەی ساڵێک دەبێت کاری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە دەستپێکردووە و لە 2026 ئامادە دەبێت بۆ کردنەوەی، بەڵام کاری یاسایی و چۆنییەتی کردنەوەی و بەستنەوەی بە وەزارەتی پەروەردە کاتی پێویستە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=