مەتامۆرفۆز (مەسروور کرمی کردە پەپوولە)
#کارزان گلی#
ناونیشانی ئەم وتارە ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت و سەرەتا ئاڵۆز بێت، بەڵام ئەگەر وتارەکە تا کۆتایی بخوێنیتەوە تۆش هەمان بۆچوونت دەبێت، کە ناونیشانی ئەم وتارە ڕێک لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا دەگونجێت.
بەگەشتێکی دوو ڕۆژی چوومە #زاخۆ#ی دەلال، ئەوەی بینیم بۆتانی باس دەکەم، ناکرێت بە زاخۆدا تێپەڕیت و نووسەر یان ڕۆژنامەنووس بیت، هیچی لەسەر نەنووسیت.
هەرکە لە تونێلی زاخۆ دێتە دەرەوە، شارێک دەبینیت جیاوازە لە شارەکانی تری عێراق، سروشتێک مێشکت ئارام دەکاتەوە، جوانییەک هەر حەز دەکەیت لێی بڕوانیت، ئەو خزمەتگوزارییەی لەوێ بینینم، مایەی دەستخۆشی و قسە لەسەر کردنە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر باسی دەکەم.
لە 2014 لە تورکیاوە بەڕێگەی وشکانی گەڕامەوە #هەولێر#، بەزاخۆدا تێپەڕیم و کەمێک لەسەر پردی دەلال مامەوە و هەر خەمم دەخوارد و ڕەخنەم دەگرت، دەمگوت چۆن دەبێت زاخۆ ئەو ڕووبارە جوانەی خابووری بەناودا تێپەڕێت، کەچی بەو شێوەیە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خرابێت، لەهەموو لایەکەوە پشتگوێ خرابوو، تەنیا کاریان لەسەر تونێلی زاخۆ دەکرد.
بەڵام ئەمجارەیان زاخۆیەکی جیاوازم بینی، بەجۆرێک جوان و پر خزمەتگوزاری بوو، دەبوایە لەگەڵ ئەو شارانەی جیاهاندا بەراوردی بکەیت کە لە زاخۆ دەچن و لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پێشەنگن، ئاخر لە هەموو لایەکی زاخۆوە کار کراوە و شارەکە لە وێرانەوە بووە بەو شوێنەی ئەوەی بیبینێت سەرسامی دەبێت، ئەوەی بیبینێت ناچارە قسەی لەسەر بکات و دڵخۆش بێت لە هەرێمی کوردستان شوێنێک هەیە مایەی شانازی بێت بۆ هەموو کوردێک.
مەتامۆرفۆز، ئەو پرۆسەیەی کە حەشەرەکان لە کاتی ژیانیاندا بەشێوەیەکی تەواو جیاواز دەگۆڕێن، قۆناغەکانی پرۆسەکە بەو شێوەیەیە:
سەرەتا هەسکە، هەڵکەوتنەوەی هێلکەیەک، واتە لە قۆناغی یەکەمدا حەشەرەکە هەسکییەک دەدات و لەنێو هێلکەدا دەژیت. پاشان قۆناغی لارڤا دەستپێدەکات، کە قۆناغی منداڵییە، دوای هەسک ئەوەی دەرکەوت لارڤایە، کە جۆرییەکەیە و بەشێوەیەکی زۆر جیاواز دەردەکەوێت، وەکوو ئێستای مێروو، ئەم قۆناغە زۆر دەخوات و زوو گەشە دەکات.
پاشان دەگاتە قۆناغی پوپا (قۆناغی پوپاوە)، لەم قۆناغەدا لارڤاکە دەچێت بۆ دۆخی پوپا. لەناو پوپادا جەستەی نێوەکی دەگۆڕێت و ئاڵۆز دەبێت، تا ئامادەبێت بۆ شێوەی کۆتایی و دەبێت بە باڵدار کە شێوەی تەواوە.
لەکۆتاییدا حەشەرەکە وەکوو پەپوولە یان مێروو بەشێوەی باڵدار دەردەکەوێت و لەوێوە دەتوانێت دەرفەت و ژیانێکی نوێ دەستپێبکات.
زاخۆ ڕێک وای لێهاتووە، لە کرمەوە بوو بە پەپوولە و فڕی تا ژیانێکی تازە دەستپێبکات، ئەوەیشی زاخۆی گەیاندە قۆناغی پووپاوە، کابینەکەی ڕێزدار مەسروور بارزانی بوو.
ئەم کابینەیە هەر ئەوە نییە، شەقام و ڕێگاوبان و کۆڕنیش و زیادکردنی سەوزایی کرابێت، یان دروستکردنی بەنداو و سایلۆ و ژێرخانی گەشتیاری دروست کرابێت، ئەوەی گرنگە هەموو ئەو پرۆژانەی دروست دەکرێت بە کوالێتییەکی بەرزەوە دروست دەکرێت، بەرزی کوالێتی دڵی خەڵکی خۆش کردووە و پرۆژەکانی زەق کردووەتەوە و وای لە خەڵک کردووە باسی بکات.
ئەم کابینەیە بیرۆکەی کرد بە کردار، وێرانەی کرد بە شوێنی ژیانەوە، تاریکی ڕووناک کردەوە، ڕێگاکانی لە ڕێگەی مەرگەوە گۆڕی بۆ ڕێگەی ژیان، خەڵکیش چاوی هەیە و دەبینێت، بۆیە دەستی دەخاتە سەر دڵی و بەویژدانەوە دەنگ دەدات. هەمیشە گووتومە دەنگ نامووسە، دەبێت بدرێت بەو کەس و لایەنەی خزمەتی وڵات دەکات و شەو و ڕۆژ ماندوو نابێت لەدروستکردنی ژێرخان.
سەرۆک وەزیرانی زیرەک و لێهاتوو، وەکوو ئەوەی ژۆن کۆتەر دەڵێت: ”بۆ گۆڕانکاری ڕووناکییەک پێدەکات، نەک ببێتە ڕێگر لەبەردەمیدا.“ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=