=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: جاشەکانی جەزائیر و جاش پەڕڵەمانتارەکانی ئێراق=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
ئەوکاتەی فەڕەنسا وڵاتی جەزائیری داگیر کرد، لە جەزائیر کۆمەڵێک خۆفرۆش و جاشی بە ڕەگەز جەزائیری چوونە پاڵ هێزی فەڕەنسا و جاشایەتیان بۆ کردن و، لەگەڵ ئەواندا دەستیان چوە خوێنی ڕۆڵەی خۆیان. کاتێک فەڕەنسا جەزائیری بەجێهێشت، جاشە جەزائیرییەکان بە گریانەوە بە فەڕەنسییەکانیان گوت لەگەڵ خۆتان بمانبەن ئێمە پیاوی ئێوە بوین و خەڵکی خۆمانمان بۆ ئێوە کوشت، ئەگەر نەمانبەن لە دوای ئێوە خەڵک دەمانکوژێت. فەڕەنسایش وەکو وەفایەک بۆ جاشایەتییان لەگەڵ خۆیان جاشەکانیان برد، کە ژمارەیان زۆر بوو.
دوای چەند مانگێک خەڵکی فەڕەنسا ڕژانە سەر شەقام و گوتیان ئه و جاشانە وەفایان بۆ خاکی خۆیان نەبێت چۆن بۆ ئێمەیان دەبێت، بە زووترین کات دەبێت شار بەدەر بکرێن، ئەوەبوو حکوومەت بە گوێیی خەڵکی کرد و جاشە جەزائیرییەکانی شار بەدەر کرد.
بەڕێزان، پێتوانییە لەناو پەرلەمانی ئێراق، کۆمەڵێک پەرلەمانتار جاشایەتییان بۆ ئێراق دەکرد؟ ئەوکاتەی خەڵک برسی بوو و مووچەی نەبوو، ئەوان شەرعیەتیان بە ئێراق دەدا دژی هەرێمی کوردستان و بەئاشکرا دەیانگوت، حکوومەتی هەرێم دەبێت بڕوخێت و ئێراق حوکوم بکات.
لە تورکیا، پەرلەمانتارێک یان هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی، پشتگیری لە یۆنان بکات دژی تورکیا، یان داوا بکات تورکیا بڕوخێت و داگیر بکرێت، یان قسە بەئاڵای تورکیا یان ئەتاتورک بوترێت، شاربەدەری دەکەن و ناسنامەی تورکیای لێوەردەگرنەوە.
بۆیە گرنگە، لەسەر سندوقی دەنگدان ئەو جاش پەرلەمانتارانە ڕیسوا بکەن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە، ڕۆژێک دێت میللەتیش بەشەق فڕێیان بداتە دەرەوە، دڵنیابن جاش هیچ سوودێکی نابێت لە زیان زیاتر بۆ نیشتیمان.
تۆ بۆخۆت بزانە کێ جاشایەتی دەکات و کێش کوردایەتی، لەسەر من نییە پێت بڵێم دەنگ بەکێ بدەن؟ بۆ خۆت لێکۆڵینەوە بکە و بەوریاییەوە بڕیار بدە، پەیامەکەی من ڕوونە و باسم لەوە کردووە، ئەو پەرلەمانتارە هەڵبژێرە، ئەو پارتە هەڵبژێرە کە کوردایەتی دەکات و شکۆی نەتەوەکەت دەپارێزێت لە ئێراق، ئەو پارت و پەرلەمانتارە هەڵمەبژێرە بڕوای بە تەسلیمبوون هەیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=