=KTML_Bold=وریا بە لەگەڵ جنێوفرۆش و بێئاستەکان نەکەویتە گفتوگۆ=KTML_End=
#کارزان گلی#
دەڵێن کەرێک و پڵنگێک دەبێت بەشەڕیان لەسەر ئەوەی، کەرەکە دەڵێت ڕەنگی چیمەن سوورە و پڵنگ دەڵێت سەوزە.
ناچار کێشەکەیان دەبەنە لای پاشای دارستان کە شێرە و کاتێک شێر دەڵێت کێشەتان لەسەر چییە، پڵنگ دەڵێت قوربان، من دەڵێم چیمەن سەوزە و کەر دەڵێت ڕەنگی سوورە، کامەمان ڕاست دەکەین؟ شێرەکە دەڵێت، پڵنگەکە بخەنە زیندانەوە.
پڵنگ سەری سووڕ دەمێنێت و دەڵێت تۆش لەگەڵ ئەوەیت چیمەن ڕەنگی سوورە، بۆیە دەستگیرت کردم؟
شێر دەڵێت نەخێر، بۆیە دەستگیرم کردیت، چونکە لەگەڵ کەردا گفتوگۆت کردووە، ئەوەیە تاوانی تۆ.
دیبەیت لەنێوان پڵنگ و پڵنگ دەکرێت، لە نێوان شێر و پڵنگ دەکرێت، نەک کەر و پڵنگێک، ئەمە هەرگیز ڕووی نەداوە.
پێویستە لەسەر ئەوانەی ڕۆشنبیرن، یان سیاسییەکی زیرەک و لێهاتوون بزانن لەگەڵ کێ دیبەیت یان گفتوگۆ دەکەن، بەتایبەت لەم سەردەمە پڕوپووچەدا، هەرچی دێت دەبێتە سیاسی و پەرلەمانتار و بەرپرس، کە هیچ ڕۆشنبیرییەکی گشتیان نییە خۆت لەو کەسانە بەدوور بگرە.
چەندین پەرلەمانتاری جنێوفرۆش و خۆفرۆش و بێئاستمان هەیە، دەبێت وریا بیت گفتوگۆیان لەگەڵدا نەکەیت، چونکە ئەوان بەئەزموونی خۆیان دەتهێننە ئاستی خۆیان و پاشان لێت دەبەنەوە.
یەکێک لە خاڵە سەرکەوتووەکانی ئەردۆغان ئەوەبوو، گفتوگۆی لەگەڵ کەسێکدا نەدەکرد لەئاستی خۆی نەبێت، چەندینجار کلیچدارئۆغڵو داوای دیبەیتی لێکرد، ڕەتی کردەوە.
تۆ چەندە زیرەک و لێهاتوو بیت، کاتێک لەگەڵ جنێوفرۆشێک یان گەمژەیەک کەوتیتە گفتوگۆ و دەمەتەقێ دەیدۆڕێنیت، چونکە لەرێگەی جنێو و سووکایەتییەوە، ڕێگە نادات تێز و فیکری خۆت بخەیتە ڕوو، بۆیە لەگەڵ کەسێکدا گفتوگۆ بکە لە ئاستی خۆت یان بەرزتر بێت، بەپێچەوانەوە باجەکەی بۆ تۆ قورس دەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=