=KTML_Bold=بەکارهێنانی ئایین بۆ کۆکردنەوەی دەنگ پلانە زیرەکانەکەی ئەتاتورکی پێویستە=KTML_End=
#کارزان گلی#
ڕۆژێک ئەتاتورک بڕیار دەدات بچێت بۆ مانیسیا و لەوێ لەگەڵ والی شارەکەدا کۆدەبێتەوە و پاشان خەڵکەکە کۆ دەکاتەوە و قسەیان بۆ دەکات. لە کاتی قسەکردندا پیاوێک دەبینێت ڕیشێکی زۆری بەرداوەتەوە و پرچێکی درێژیشی هەیە.
ئەتاتورک بە والی دەڵێت ئه و پیاوە کێییە؟ والی وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت ئەوە شێخە و خەڵکی زۆر ڕێزی دەگرێت و مرۆڤێکی بەدینە.
ئەتاتورک بانگی دەکات و پێی دەڵێت، ڕۆڵە ئەگەر بتەوێت وەکو ئیماندارێک خۆت نیشان بدەیت پێویست بەبەردانەوەی ئه و ڕیشە درێژە ناکات، هەرنا وەکو پێغەمبەرمان ڕیش بەردەرەوە و با درێژی ڕیشت وەکو ئه و بێت. شێخیش بەڵێنی پێ دەدات کە ڕیشی کورت بکاتەوە.
دوای ساڵانێکی زۆر ئەتاتورک ئه و شێخەی بەبیر دێتەوە و تەلەفۆن بۆ والی دەکات و دەڵێت شێخەکە ڕیشی کورت کردوەتەوە؟ والیش دەڵێت نەخێر درێژتر بوە. ئەتاتورک توڕە دەبێت و یەکسەر بڕیار دەدات کە ئه و شێخە بکات بە والی شاری ئەفیون و دەڵێت با بەیانی بێت بۆ ئەنکەرا و فەرمانی دامەزراندنی ببات.
کاتێک شێخ دێت بۆ ئەنکەرا زۆر مۆدێرن دەردەکەوێت و ڕیشی تاشیوە و جلێکی مۆدێڕنیشی لەبەردایە و تەنانەت سمێڵیشی تاشیوە. ئەتاتورک دەنێرێتە دوای پێی دەڵێت ڕۆڵە تۆ ئامادە بیت بۆ پۆست و پارە واز لە ڕیشت بهێنیت کە 40 ساڵە خزمەتی دەکەیت و خەڵک هەڵدەخەڵەتێنیت بەوەی زۆر موتەدەینیت، بڕوا بکە ڕۆژێک دێت میللەتەکەشت بۆ شتێکی دیکە دەفرۆشیت، بڕۆرەوە بۆ مانیسیا و تۆ بەکەڵکی والی نایەیت و تەنیا مەبەستم بوو به و ڕێگەیە ڕیشت پێ بتاشم.
بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردن نزیک بووەتەوە، دەبینم کەسانێک ئایین بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، باس لەوە دەکەن لەرێی ئیسلام لانادەن و دەستپاک و دڵسۆزن، بۆیە دەبێت دەنگ بەوان بدرێت.
دڵنیا بن ئەوان بەو ڕیشەی بەریانداوەتەوە هەڵتان دەخەڵەتێنن، بەو گوتانەی بەناوی خودا و پێغەمبەرەوە دەیکەین، هەڵتان دەخەڵەتێنن، دەنگدان پێویستی بەوە نییە تۆ ئیماندار بیت یان نا، پەیوەندیی بەوەوە هەیە، تۆ چەند دڵسۆزیت و چەند لە خەمی میللەت و خاکی خۆتیت، هەزاران پیاوی ئایینی هەن لە جیهاندا، ناپاکن و دەستپیس و داوێن پیسن، لەگەڵ ڕێزم بۆ بەشێکی زۆریان کە شایەنی ڕێزن، بەپێچەوانەوە هەیە بڕوای بەخوداش نییە، کەچی لە هەموو تەمەنی خراپەی بۆ کەس نەبووە و غەیبەتی کەسی نەکردووە و دڵسۆزیش بووە بۆ خاک.
هەیە سەرۆکی حیزبە، لەهەرێمی کوردستان وەکوو پەرلەمانتار هەڵبژێردراوە، کەچی بۆ هەڵبژاردنی عێراقیش خۆی هەڵبژاردوە، ئەمە بۆ پارە نەبێت بۆ چییە؟ لەگەڵ پیاوێکی ئایینیش بەناوی ماکوان دیبەیت دەکات و ئایین بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ. هەیە بەربژێرە لەناو پارتێکی سیاسی ئیسلامی، پێنج خولە پەرلەمانتاری عیڕاقە، شوێن بۆ کەسێکی تر چۆڵ ناکات، ئەمە بۆ پارە نەبێت بۆ چییە. هەیە پێشتر پەرلەمانتاری عێراق بووە، لە بری خزمەتی گەلەکەی، ژنی دووەمی هێناوە، بۆ جاری دووەم، لەم هەڵبژاردنەدا خۆی بەربژێر کردووەتەوە، لەسەر لیستی پارتێکی ئیسلامی.
وریا بن، دەنگدان پەیوەندیی بەئایینەوە نییە بەهیچ شێوەیەک، دەنگدان پرۆسەیەکی ویژدانی و عەقڵانییە، کێ دڵسۆز بێت و کێ خزمەت بکات و کێ لە خەمی گەل بێت و ئاستی ڕۆشنبیری و زیرەکی بەرز بێت، پێویستە بچێتە پەرلەمانی عیڕاق، جا کەسێکی مولحید بێت یان دینی کێشە نییە، بۆیە زۆر وریابە.
بەکارهێنانی ئایین بۆ کردنەوەی دەنگ، سەخیفترین ڕێگەیە و شەرمەزارانەترین سەرکەوتنیشە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=