=KTML_Bold=مەنسوور یاڤاش ئومێدی ئۆپۆزسیۆن و کابووسی کوردان=KTML_End=
#کارزان گلی#
لە داهاتوویەکی نزیکدا بەفەرمی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی زیندانیکراوی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ، لە بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دەکشێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە، بڕوانامەکەی هەڵوەشاوەتەوە و تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ، بڕوانامەکەی ساختەیە، بۆیە ناتوانێت ببێتە بەربژێر. بەهێزترین کەسیش بۆ شوێنگرەوەی ئیمامئۆغڵو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی ئەنکەرایە.
مەنسوور یاڤاش، سەرەتا لەناو مەهەپەدا بوو، پاشان بووە جەهەپە و بەکەسێکی نەتەوەپەرست و دژە کورد ناسراوە. خاوەن جەماوەرێکی زۆرە و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024 دا توانی 60٪ی دەنگەکانی ئەنکەرا بەدەست بهێنێت، بەڵام لەلای کورد یاڤاش کەسێکی خۆشەویست و قبوڵکراو نییە و نەیتوانیوە دڵی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
ئیمامئۆغڵو، جیا لەوەی لەناو جەهەپەییەکاندا خۆشەویست بوو و تا ئاستێکی زۆر توانی لەناو ئەو پارتە بگاتە لوتکە، چونکە کۆنگرەی 38ی جەهەپە، ئیمامئۆغڵو دیزاینی کرد و ئەوبوو ئۆزگوور ئۆزەلی کرد سەرۆکی پارت، هەروەها خۆی لە کوردیش نزیک کردبووەوە و بەردەوام پاڵپشتی خۆی بۆ #سەڵاحەدین دەمیرتاش#، هاوسەرۆکی پێشووی #هەدەپە# دەربڕیوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 و 2024دا، ئیمامئۆغڵو بەدەنگی کورد توانی ببێتە سەرۆکی شارەوانی ئیستانبۆڵ، چونکە لە ئیستانبۆڵدا کورد خاوەنی 10٪ی کورسییەکانە و بەردەوام دەنگی کورد کلیلی بردنەوەی هەر بەربژێرێک بووە.
بەڵام یاڤاش هیچ کاتێک نەیتوانیوە نەتەوەپەرستی خۆی بشارێتەوە، ئەو لێبووکەی بەستبووی بەوەی کوردی خۆش دەوێت، هەرزوو کەوت و ئاشکرا بوو، ئەویش ئەوکاتەی لە جەژنی نەورۆزدا ناوی ئاڵای کوردستانی بە پارچە پڕۆیەک برد و سووکایەتی پێی کرد.
یاڤاش، جێی ئومێدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، لەناو بنکەی جەماوەری و ڕۆشنبیرانی جەهەپەدا قورساییەکی زۆری هەیە و هەموو پاڵپشتی ئەون بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتە بەربژێر و ڕکابەری ئەردۆغان بکات، بەڵام لەنگەرە گەورەکەی بەردەمی کوردە، چونکە کورد ئەو کەسایەتییە ڕەتدەکاتەوە و دەنگی پێنادات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر زۆرە لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا، کورد بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بچێتە ناو هاوپەیمانیی (کۆماریی)، واتە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پاڵپشتی لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بکەن، بەو مەرجەی پرسی چارەسەری بەردەوامی هەبێت و هەنگاوی کرداری بۆ ئەو پرسە لەلایەن حکوومەتەوە بنرێت. ئەگەر کورد پشتگیریی لە ئەردۆغان بکات، ئۆپۆزسیۆن هەرکەسێک بکەنە بەربژێر، جیا لە ئیمامئۆغڵو، ئەستەمە بتوانێت لە ئەردۆغان بباتەوە، چونکە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووتری تورکیا، دەنگی کورد یەکلاکەرەوە بووە.
بەڵام ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، چاوی لەوەیە پرسی چارەسەری ئەنجامی نەبێت، تا لەوڕێگەیەوە بتوانن کورد بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، بەگوێرەی پێشبینییەکانیش ئەگەر پرسی چارەسەری ئەنجامی نەبێت، کورد وەکوو تۆڵەیەک لە ئاکەپە و مەهەپە ڕوو لە ئۆپۆزسیۆن دەکەن.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە و قسەی جیدی لەسەر دەکرێت، یاڤاش دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەبات و لەوڕووەوە هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام تەنانەت ئەگەر دەم پارتی بڵێن دەنگ بە یاڤاش بدەن، کورد دەنگی پێنادات، ئەمەش لە بەرژوەندی ئەردۆغانە، بۆیە هەوڵی ئاکەپە و مەهەپە بۆ ئەوەیە، یاڤاش ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن، لەوڕێگەیەوە دەنگی کورد مسۆگەر دەکەن.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2023، لە گەڕی یەکەم دەم پارتی داوای لە لایەنگرانی کرد دەنگ بە کەمال کلیچدارئۆغڵو بدەن، بەڵام بۆ گەڕی دووەم، کلیچدارئۆغڵو، ڕووی لە ئومید ئۆزاغ، سەرۆکی پارتی زەفەر کرد، کە ئەو کەسایەتییە دژی کوردە و ڕۆژانە سووکایەتی بە کورد دەکات، داوای لێکرد لە گەڕی دووەم دەنگی پێبدەن، لەبەرامبەردا ئۆزداغ دەکاتە وەزیری ناوەخۆ، ئەمەش کوردی توڕە کرد و بەبێ ئەوەی گوێ بە دەم پارتی بدەن، دەنگیان بە ئەردۆغاندا.
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە، هەرچەندە یاڤاش جێی ئومێدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بێت، بەڵام بۆ کورد کەسایەتییەکی کابووسە و پشتی تێدەکەن، بەمەش خەونی وەرگرتنی کورسی سەرۆکایەتیی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەدەنگی کورد لە گۆر دەنرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=