=KTML_Bold=بۆچی سوڵتانەکانی عوسمانی کەسیان فەریزەی حەجیان نەکردووە؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
بۆ مەلا مەزهەری بنێرن و پێی بڵێن ئێستاش خۆت قوربانی سوڵتانی عوسمانی دەکەیت؟
ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێت، ئەگەر بڵێین سوڵتانەکانی عوسمانی هیچ کامێکیان فەریزەی حەجیان جێبەجێ نەکردووە، واتە لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانەوە تاوەکوو عەبدولحەمیدی دووەم، کە ئەو دوو سوڵتانە زۆر شانازییان بە ئایینی ئیسلامەکە کردووە، فەریزەی حەجیان جێبەجێ نەکردووە، ئەمەش پرسیارێکە قسەی جیدی لەسەر دەکرێت.
خەلافەتی عوسمانی، بەخەلافەتێکی گەورەی ئیسلامی دادەنرێت، زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی لەژێر چەتری ئەو خەلافەتەدا بوونە و بەشێکی زۆری وڵاتانیشیان داگیر کردووە و حوکمی ئیسلامیان تێدا جێبەجێ کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش قسەی جیدی لەسەر سوڵتانەکانی عوسمانی دەکرێت، بەوەی کەسانی ئایینپەروەر نەبوونە، ئەوان ئایینیان بەکارهێناوە بۆ بەهێزکردنی خەلافەتەکەی خۆیان، نموونەش بەوە دەهێنرێتەوە، کە هیچ یەکێک لە سوڵتانەکانی عوسمانی فەریزەی حەجیان جێبەجێ نەکردووە و نەچوونە ماڵی خودا.
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی کراوە، بەوەی بۆچی تاوەکوو ئێستا هیچ سوڵتانێکی عوسمانی فەریزەی حەجی جێبەجێ نەکردووە، بۆ دوو هۆکاری دەگێڕنەوە:
یەکەم: تێچووی حەج لەو سەردەمەدا پارەیەکی زۆری ویستووە، واتە لەو سەردەمەدا ئەگەر کەسێک چووبێتە ماڵی خودا، دەبوایە پارەیەکی زۆری هەبوایە ئەوکات دەیتوانی بچێتە مەککە. ڕاستە سوڵتانەکانی عوسمانی پارەیان هەبووە و لەوڕووەوە هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەبوایە پاسەوانی زۆر لەگەڵ خۆیان ببەن، بۆیە تێچووەکەیان پێ زۆر بووە، بەڵام ئەم هۆکارە لاوازە و بەجیدی وەرناگیرێت.
دووەم: بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری سوڵتانەکانی عوسمانی لەلایەن کەسە نزیکەکانی خۆیانەوە کودەتایان بەسەردا کراوە و لەسەر کورسی لادراون، بەشێکی زۆری کودەتایەکانیش ئەوکاتە کراوە، کاتێک سوڵتان چووەتە شەڕ و زۆری پێچووە، یان گەشتێکی درێژی کردووە و چەند مانگێکی پێچووە، بۆیە کودەتاچییەکان ئەمەیان بە دەرفەت زانیوە و کودەتایان ئەنجام داوە.
بۆیە یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە سوڵتان نەچێتە حەج، ترسیان بووە لە کودەتا، چونکە ئەوکات ئەگەر کەسێک فەریزەی حەجی بکردایە، چەند مانگێکی پێدەچوو و ئەمەش ترسی خستبووە دڵی سوڵتانەکان، بەوەی کودەتایان بەسەردا دەکرێت.
لە سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەم، هەوڵی زۆر درا، تا هێڵی شەمەندەفەر لە نێوان ئیستانبۆڵ و مەدەینە و مەککە دروست بکرێت، بەڵام پڕۆژەکە نەگەیشتە ئەنجام و تا مەدینە هێڵی شەمەندەفەر دروست کرا و پاشان پڕۆژەکە شکستی هێنا.
عەبدولحەمید، بۆیە ئەو پڕۆژەیەی ئەنجامدا، تا هاووڵاتیان بتوانن بەئاسانی بگەنە مەککە و فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، بەڵام لە مەدینە پڕۆژەکە شکستی هێنا، چونکە ئەوکات خەڵکی مەدینە کار و کاسبیان لەسەر ئەوە بوو، بە حوشتر خەڵک بگوازنەوە بۆ مەککە و ئەگەر هێڵی شەمەندەفەر هەبوایە کاری ئەوان نەدەما، بۆیە ڕێگریان لەو پرۆژەیە کردووە و دوای ڕووخانی ئیپڕاتۆڕیەتی عوسمانیش پرۆژەکە بەتەواوی پەک خرا.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، لە هەوڵی ئەوەدایە خەونی عەبدولحەمید بهێنێتە دی و ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکات و قسەشیان لەگەڵ سعوودیا کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا سعوودیا ڕێگەی نەداوە ئەو پڕۆژەیە بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=