=KTML_Bold=لەبارەى #چەمچەماڵ#ەوە، ئەمەیان بە خەڵک ناکرێت=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لەگێڕانەوەى چیرۆکى زۆربەى خێزانەکانى چەمچەماڵ و لە بەشێک لەو تۆمارە ڤیدیۆیانەش کە لە کامێراى چاودێریی ناو کۆگا و قوتابخانە و دووکانەکانەوە دەیانبینین، لافاوەکەى چەمچەماڵ لە ماوەى چەند ساتێکى زۆر کورت درووستبووە، خێرایى و کوتوپڕى گەیشتنى ئاوەکە بە جۆرێکە تەنیا دەرفەتى ئەوە هەبووە بەخێرایى ڕابکەنە سەربان و لە ماڵە دراوسێوە خۆیان ڕزگار بکەن.
کاتێک دیمەنەکانم دەبینى و گوێم لە گێڕانەوەى ئەو دایک و باوکانە بوو چەند بەزەحمەت منداڵەکانیان گەیاندووەتە سەربان، هەزار جار دەمگوت، سوپاس بۆ خوا کە ئەم لافاوە لە شەوێکى درەنگدا نەبوو. ئەگینا بە هەزاران کەس لە کەسوکارمان لە (چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە) لە شیرینى خەودا دەبوونە قوربانى. کارەساتەکە زۆر ئازار بەخشە، بەڵام دیمەنەکانى بە هاناوەچوونى خەڵک و پەرۆشیی کوردستانیان لە دەڤەرە جیاجیاکان، لە منداڵێکى هەشت نۆ ساڵەوە کە دەخیلەکەى دەبەخشێت بۆ کەمپەینەکانى کۆکردنەوەى کۆمەک بۆ لێقەوماوان، لە دیمەنى بەرماڵى ڕاخراوى ناو مزگەوتەکانەوە، بۆ هەڵمەتى تاک و ڕێکخراوەکان تاوەکوو دەگات بە بەخشینى سەتان ملیۆن و ملیاران دینارى بەخشینى کۆمپانیاو سەرمایەداران، وێنایەکى ئارامبەخش و سەبووریى خەم و ئاماژەیەکى دڵخۆشکەرە کە لە سەردەمى لە دەستچوونى زۆرێک لە بەهاکاندا، لەنێو میللەتى ئێمەدا هێشتا بەها ئینسانى و کۆمەڵایەتییەکان بەو ئەندازەیە ماوەتەوە. ئەگەر بەهاناوە هاتنى خێراى ئەوان نەبووایە و چاوەڕوانى لیژنە و لیژنەکارى حکومەتەکانى بەغدا و کوردستان بکرابایە، کارەساتى گەورەترى بەدوادا دەهات.
وەک چەمچەماڵییەک بە گەروویەکى پڕ لە تاسە و چاوێکى پڕ لە فرمێسکەوە، بەدەم ئازارەوە خۆشحاڵى دەردەبڕم بۆ هەڵوێست و بە تەنگەوەهاتنى هاووڵاتییانى شارەکانى دیکەى کوردستان، سوپاسگوزارى یەکەیەکەى ئەو خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارانەم کە گیانى بەخشینیان تیایە و دەیانەوێت بەشداربن لە کەمکردنەوەى خەم و ئازارى هاوشارییەکانم. سەرەڕاى تێبینى و نیگەرانیمان لەوەى هەندێک (میدیاى حیزبى) ئازار و برینى چەمچەماڵیان کردووەتە کەرەستە و ئامرازى قووڵکردنەوەى ناکۆکیی نێوانیان، بەڵام هەر سوپاس گوزارى یەکەیەکەى ئەو میدیاکار و کەناڵانەى ڕاگەیاندنم ڕووماڵى برین و ناسۆرییەکانى ئێمە بوون.
ڕاستە زیانەکانى کارەساتەکە زۆرن، بەڵام بەدەنگەوەهاتن و کۆمەک و هاوکارییەکانیش کەم نین. دەتواندرێت بکرێتە هەوێنى ساڕێژى برینەکان. لە ڕووى مادییەوە ئەوەى کۆکراوەتە هێشتاش هەر بەردەوامى هەیە، ئەگەر بە پلان و لە دەستێکى ئەمیندا دابەش بکرێت، بەشى ئەوە دەکات هەموو ئەو ماڵانەى زیانیان بەرکەوتووە بە ئەندازەى پێویست قەرەبوو بکرێنەوە، هەموو ئەوانەى ئۆتۆمبێلیان ئاو بردوویەتى، یان دووکان و کۆگا و کێڵگەیان زیانیان پێگەیشتووە، بە ئەندازەى زیانەکەى، کۆمەک بکرێت. حکوومەتى هەرێم و بەغداش دەبێت بچنە ژێر بارى هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى و لانى کەم بە ئەندازەى خەڵک و کۆمپانیاکان بەشدارى لە بوونیاتنانەوەى ژیانى زیانمەندان بکەن، بەڵام ئەوەى وەک مەترسى و هەڕەشەیەک ماوەتەوە و ئەگەرى ئەوەى هەیە دووبارە بێتەوە، سەرچاوە و هۆکارەکانى درووستبوونى لافاوەکەن. ئەمجارەش دەیڵێمەوە دووربێت ئەگەر لە شەوێکى درەنگدا لافاوێکى هاوشێوە درووستبێتەوە، بە هەزاران کەس دەمرن، چونکە تا ئێستا ئەوەى کراوە هەڵمەتى کۆکردنەوەى کۆمەک و فریاگوزارى خێرایە بۆ لێقەوماوان و هەوڵدان بۆ پاککردنەوەى ماڵ و کۆڵانەکانى شار. هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ چارەسەرى هۆکارەکان.
چەمچەماڵ لە بوونیاتى شارەکەدا ڕەچاوى ئەوە نەکراوە ڕۆژگارێک بەو ئەندازەیە گەورە دەبێتەوە، هەر بۆیە هاوینان کێشەى بێئاوى هەیە و هەندێک زستانیش مەترسیی لافاو. لە گەورەبوونەوەى شاردا گەڕەکى تازە لە هەندێک شوێن درووستکراون کە پێشتر چەم و شوێنى ڕێڕەوى ئاو بوون. من بیرمە لە کۆتاى هەشتاکان و سەرەتاى نەوەتەکانیشدا چەندجارێک لافاو لە چەمچەماڵ درووست بووە، گەرچى هیچ کات بە ئەندازەى ئەم جارە نەبوو، بەڵام ئەوجارانەش زیانى بە بەشێک لە ماڵان گەیاندووە. ئەو کات بەهۆى ئەوەى بانى مەقان لەژێر کۆنترۆڵى ڕژێمدا بوو دەرفەتى ئەوە نەبوو لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام دواى ڕووخانى سەدام هەر زوو لە بنارى مەقان بۆندێک لەسەر ئەو ڕێڕەوە درووستکرا کە سەرچاوەى لافاو بوو، ئیدی مەترسییەکە کەم بووەوە. ئەو بۆندەى هەیە بۆ دوورخستنەوەى مەترسیی لافاو بۆ زستانى ئاسایى و ئەو ڕێژە بارانە درووستکرا کە پێشبینى دەکرا ساڵانە لە ناوچەى چەمچەماڵ ببارێت، بەڵام ئەم شەپۆلى بارانەى ئەم چەند ڕۆژە بە بیرەوەرى هەرە بە تەمەنەکانیشمان هیچ ساڵێک بارانى لەم جۆرە نەباریوە. بۆیە چاوەڕوانکراوە ئەو ڕێگەچارانەى پێشتر هەبوون بۆ چارەى ڕێژەیەکى زۆرى لەم جۆرە دەست نەدەن. ئەمە چ جاى ئەوەى بەهۆى درووستکردنى خانوو باخ و پڕۆژەوە دەستدرێژى کراوەتە سەر هەندێک شوێنى ڕێڕەوى ئاوەکە، بەڵام هۆکارى سەرەکیی درووستبوونى لافاوەکە زۆریی ڕێژەى بارانەکە بووە.
لەبەر ئەوەى سرووشتیش سرووشتى تێکچووە، چاوەڕوانکراوە لەمەودوا ڕێژەى بارانى لەم جۆرەى چەند ڕۆژى ڕابردوو چەند بارەببێتەوە. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە و بەخێرایى بیر لە چارەسەرى یەکجارى بکرێتەوە. خەڵک و ڕێکخراوەکان و کۆمپانیا و سەرمایەداران لەدواى لافاوەکە بۆشایى فریاگوزارى خێرای حکومەتیان پڕکردەوە، بەڵام بۆ چارەسەرى سەرچاوەى مەترسییەکە ئەمەیان بە خەڵک ناکرێت و دەبێت حکوومەتى هەرێم بەخێرایى بێتە سەر خەت بۆ جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوەى کە مەترسى لافاوى هاوشێوە و ترسناکتر لەسەر چەمچەماڵ دووردەخاتەوە. خۆشبەختانە باراناوى بانى مەقان نایات بۆ چەمچەماڵ ئەگینا هەموو ساڵێک چەند جارێک شارەکە ڕووبەڕووى لافاو دەبووەوە. ئاوى بانى مەقان دەڕوات بۆ خاڵۆبازیانى و لەیلان و خوارووى #کەرکووک#. ئەو لافاوەى چەند ڕۆژى ڕابردووى لەیلان، سەرچاوەى لافاوەکە ئاوى بانى مەقان بوو. تەنیا باراناوى بەشێکى کەمى بنارى مەقان لە پشتى مۆفەر شۆڕدەبێتەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەویش لە حاڵەتى زستانى ئاساییدا ئەو پۆندەى لە بەردەمى درووستکراوە، چارەسەرێکى خراپ نەبوو، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرێت بەهۆى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە ئەگەرى شەپۆلى بەرزى باران بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە لە دوورایى پشتى ئەو پۆندەى ئێستا هەیە، چارەسەرێکى دیکە بدۆزرێتەوە.
ئەوەى من دەیڵێم جێبەجێکردنى کارێکى قورس و سەخت نییە، بەڵام چارەسەرێکى هەمیشەییە بۆ دوورخستنەوەى مەترسیی درووستبوونەوەى لافاو لەسەر چەمچەماڵ و شۆڕش. ئەو شوێنەى ئاوەکەى پێدا دێت، دۆڵێکى درێژە، دەبێت لە پشتى مۆفەرەوە لایەکى ئەو گردەى دۆڵەکەى درووستکردووە ببڕدرێت بۆ ئەوەى ڕێڕەوى ئاوى باراناوى ئەو بەشەى بانى مەقان لەبرى ئەوەى ڕووە و چەمچەماڵ بێت، بگۆڕدرێت بۆ پشتى گوندى (فەیزاوا). کارەکەش تەنیا چەند ئامێرێکى بووڵدۆزەر و شۆفڵ و گەڵابەى پێویستە. لە بەشى ئەو گردە ببڕدرێت و لە بەردەم ڕێڕەوەکە دابنرێت تاوەکوو کەلەبەرێک درووست دەبێت بۆ گۆڕینى ڕێڕەوى ئاوەکە. ئیدى بۆ هەمیشە نە چەمچەماڵ و نە شۆڕش ڕووبەڕووى مەترسى لافاوى هاوشێوەى هەفتەى پێشوو نابنەوە.
ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەو پۆندەى ئێستا هەیە، ناتوانێت بەر بە ئاوى زۆر بگرێت. تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو ماڵ و باخ و پڕۆژانەش هەڵبگیرێن، ناتواندرێت هیچ دڵنیاییەک بدرێت کە لافاو درووست نابێتەوە، چونکە وەک ئاماژەم پێدا بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا و تێکچوونى سرووشتى سرووشتەوە، چاوەڕوانکراوە لە ئێستا و ساڵانى داهاتوو شەپۆلى هاوشێوە و تووندترى باران ڕوو لە ناوچەکە بکات. بۆیە هیوادارم حکوومەتى هەرێمی کوردستان کات و تواناکانى بەو ڕێگەچارانە بەفیڕۆ نەدات کە چارەسەرى کاتین، بە هەمان کات و هەمان ئەو ئیمکانیاتانەى بۆ چارەسەرە کاتییەکە پێویستن، دەتوانێت بەو جۆرەى خستوومەتەڕوو چارەسەرى یەکجارەکى بکات. [1]