=KTML_Bold=سازش بۆ یەکدی باشترە لە پەنابردنەوە بۆ بەغدا=KTML_End=
#عارف قوربانی#
بەهۆى ئەوەى درووشمى بانگەشە و بەرنامەى سیاسیی حیزبەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى کوردستان کە لە ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوو بەڕێوەچوو، بەشى زۆرى ڕەنگدانەوەى ئەو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییە بوو کە لەنێوان حیزبەکان هەبوو، بۆیە تا ئەندازەیەک چاوەڕوانکراو بوو کە دواى هەڵبژاردن هێزە براوەکان بە ئاسانى نەتوانن لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆببنەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان. بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى دواى هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى کوردستان، پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى ئێراق نزیک دەبووەوە، ئەوەش هۆکارێکى دیکە بوو لە ترسى کاردانەوەى دەنگدەرەکانیان هیچ کام لە هێزە سیاسییەکان نەتوانێت پاشەکشە لە درووشم و بەڵێنى کاتى بانگەشەکانى بکات. بۆیە هیچ لایەنێک سازشى لەو درووشمانە نەکرد کە بەر لەهەڵبژاردن بەرزیانکردبووەوە. ئەوەش ئاویکردە ئاشى دواخستنى کاراکردنى پەڕڵەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتەوە، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى ئێراقیش تەواو بوو، سەربارى هەندێک بەرزى و نزمى لە دەنگ و کورسى لایەنەکانى کوردستان، شتێکى ئەوتۆى لە هاوسەنگى هێز و هاوکێشەى سیاسى نەگۆڕا.
ئایا هێزە سیاسییەکان دەروازەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە چەقبەستووەى هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە؟ یاخود جارێ سەرقاڵى چنینەوەى دەستکەوتەکانى بەغدا دەبن؟ بەرنامەى سیاسیی هەر کام لە هێزە سیاسییەکان بخوێنیتەوە، یاخود لێدوان و چاوپێکەوتنى هەرکامیان دەبینیت، ئەولەویەتیان خزمەتکردنە بە کوردستان. هەر سیاسەتێکیش لەگەڵ بەغدا و دونیاى دەوروبەر و جیهان پەیڕەوى دەکەن، ئامانجەکە هەر بۆ گەشەپێدانى سیاسى و بەهێزکردنى پێگەى کوردستانە، بەڵام جێى داخە ئەمانە تەنیا قسەى سەر زارن، نەک کردار.
لە چەند ساڵى ڕابردوو بەهۆى پەیڕەوکردنى سیاسەت و بڕیارێکى هەڵەى پارتى و یەکێتی و بزووتنەوەى گۆڕانەوە بە درێژکردنەوەى تەمەنى پەڕڵەمان، کە هیچ بنەمایەکى یاسایى و هۆکارێکى لۆژیکى و واقیعى نەبوو، چارەنووسى ئەو دامەزراوە دەستوورییەى کوردستانیان دایە دەست قەدەرى دادگەى فیدراڵى و ئەویش مەردانە دارى دا بە ڕووحى کوردستاندا و پەڕڵەمانەکەى هەڵوەشاندەوە. بۆ هەلومەرج و دۆخێکى تایبەتمەندى وەک باشوورى کوردستان و ئەو نیمچە قەوارە سەربەخۆ کوردییەى ناوچەکە، سەربارى ئەوەى پارتى و یەکێتى هەر لە بنەڕەتەوە وەک دامەزراوەیەکى ئیفلیجکراو دایان مەزراند، بەڵام بوونى پەڕڵەمان وەک پێویستیی ڕووح وابوو بۆ جەستە. بۆیە عاقڵمەندانى کورد لە باشوور و هەموو پارچەکانى دیکەى کوردستان پەرۆشى ئەوە بوون هەرچۆنێک بێت، دەبێت لە باشوورى کوردستان پەڕڵەمان درووستبکرێتەوە. پاش بێنەوبەرەى زۆر و بڕوبیانووى جۆراوجۆرى بەغدا بەهۆى نەبوونى یاساى هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و نەمانى کۆمیسیۆن و هەرجارەى بیانوویەک، بۆشایى بێپەڕڵەمانى لە هەرێمى کوردستان زۆر درێژەى کێشا، بەڵام سەرەنجام لە ئۆکتۆبەرى ساڵى 2024 هەڵبژاردن ئەنجام دراو دەرگە بە ڕووى کوردستاندا کرایەوە ئەو دامەزراوە شەرعى و دەستوورییە کە بۆ کوردستان کۆڵەکەى بنەڕەتى بەپێوە وەستانى بوو، بخاتەوە کار، بەڵام وا ساڵێک و مانگێک بەسەر هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى کوردستاندا تێپەڕیوە، هێشتا نەتوانراوە پەڕڵەمان کارا بکرێتەوە و دەستەى سەرۆکایەتیی بۆ دیاری بکرێت و هەنگاوەکانى پێکهێنانەوەى حکومەتێکى نوێ بگیرێتەبەر. وەک لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کرد کۆسپى گەورەى بەردەم کاراکردنى پەڕڵەمان، پاساوى ناڕەوا و هۆکارەکانى لێکنزیکنەبوونەوەى هێزە سیاسییە براوەکانى هەڵبژاردن، بیانووى هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى ئێراق بوو. ئەوە ئەو بیانووەش نەما و چاوەڕوانییەکان ئەوەیە کە ئیدى پەلە بکرێت لە دەستبەرکاربوونى پەڕڵەمانى کوردستان و پڕۆسەى نوێکردنەوەى دامەزراوە حوکمڕانییەکانى.
کارانەکردنەوەى پەڕڵەمان و پێکنەهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هەرێمى کوردستانى تووشى دۆخێکى چەقبەستوو کردووە. پێگەى کوردستانى لەناو ئێراق و لە هاوکێشەکانى ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لاوازکردووە. ئەگەر حیزبە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان، ئەولەویەتیان کوردستان بووایا، نەدەبوو پڕۆسەى سیاسى و دامەزراوە شەرعى و دەستوورییەکانى بگەیێنن بەم دۆخەى ئێستا. پاساو و بیانووەکانیان هەرچییەک بووبێت ناڕەوا بوون. بە هەر حاڵ تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و هەرچییەکیش بۆ ئەو ڕابردووە بگوترێت کە دەبوو وابکەن و وایان بکردایا، وەک کەپنەکى پاش باران وایە، بەڵام دەتواندرێت بە هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى و سیاسەتى درووست قەرەبووى ئەو لە دەستچووانە بکرێتەوە. پێویستە هەرچى زووە پەڕڵەمان دەست بەکارەکانى بکات و ناکرێت چی دیکە ئەم پڕۆسەیە دوابخرێت، بەرپرسیارێتى سەرەکیشى لە ئەستۆى پارتى و یەکێتییە وەک دوو هێزى سەرەکى و براوەى هەڵبژاردن و زۆرینەى پەڕڵەمانى کە دەرکەوت هیچ کامیان بەبێ ئەوی تریان ناتوانن نە پەڕڵەمان کارابکەنەوە و نە حکومەت پێکبهێنن. لەبرى هەر سیناریۆیەکى دیکە کە بیرى لێدەکەنەوە، باش وایە هەر لایەکیان شتێک لە خواست و داخوازییەکانى بێتە خوارەوە تاوەکوو دەگەن بە خاڵى سازان. ئەگینا دوور نییە جارێکى دیکەش ئەم دامەزراوە دەستوورییە چارەنووسى بکەوێتەوە دەستى دادگەى فیدراڵى و ئەویش بە قەدەرى هەڵوەشاندنەوەى بسپێرێت.
چەند ڕۆژێکە لە لایەک پارتى وەک کارتى هەڕەشە، پرسى دووبارە ئەنجام دانەوەى هەڵبژاردن دەوروژێنێت، یەکێتیش پێدەچێت ڕوو لە بەغدا بێت بۆ بەکاربردنى دەزگە یاسایى و دەستوورییەکان بۆ چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە چەقبەستووەى هەرێمی کوردستان. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ڕێگەکە بۆ کوردستان قورستر و سەختترە لەوەى ئەگەر هەر سازشێک بۆ یەکدی بکەن، چونکە ئێستا هیچ گرەنتییەک نییە بتواندرێت هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت کە بەندە شەش مانگ پێش ئێستا لە وتارێکدا داوام لێکردن ئەگەر بڕیارتانداوە بەوەى پەڕڵەمان کارا نەکەنەوە، تا زووە لەگەڵ هەڵبژاردنى پەڕڵەمانى ئێراقدا، لە هەرێمی کوردستانیش پڕۆسەى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن ئەنجام بدەن. ئەو کات دەکرا وەک یەک پڕۆسە ئەم دوو هەڵبژاردنە پێکەوە بەڕێوەببرێت، بەڵام بۆ داهاتوو مەحاڵە، چونکە تەمەنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى ئێراق تەواو بووە و پێشتر بۆ ماوەیەکى کاتى و بەڕێوەبردنى ئەم هەڵبژاردنەى 11-11 تەمەنى درێژکرایەوە. کات و دەرفەتى ئەوەیان لە بەردەم نەماوە سەرپەرشتى ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن لە کوردستان بکەن، هەرێمی کوردستان خۆیشى کۆمیسیۆنەکەى لەکارخراوە و ناتوانێت لە ڕێگەى هیچ دەزگە و دامەزراوەیەکى دیکەشەوە سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات. بۆیە بیرکردنەوە لەوەى ڕێگەى ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بگیرێتەوەبەر، ڕێگەی بەردەمى خەرەندە و چارەنووسى پەڕڵەمان دەخاتەوە ناو گێژاوێکى خراپترەوە.
ئەوانەشى بیر لەوە دەکەنەوە کە ڕێگەی بەغدا و دادگەى فیدراڵى بگرنەوەبەر، داهاتوویەکەى دیارە و ئەزموونى چەند ساڵی پێشوترمان لەبەرچاوە کە سپاردنى پەڕڵەمانى کوردستانە بە قەدەرى هەڵوەشاندنەوە. لەو دۆخەشدا ڕەنگە تاوەکوو ساڵانێکى دوورتر نەتواندرێت پڕۆسەیەکى دیکەى هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجام بدرێت. بەمەش چارەنووسى دامەزراوە دەستوورییەکانى دیکەى وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت و دەزگەى دادوەریش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
پرسیار ئەوەیە بۆ بیر لەو ڕێگە و کارتانە دەکەنەوە کە لوتتان دەدات بە بەردى ئەلحەد دا. بۆ بیر لە سازشکردن بۆ یەکدى و ڕێککەوتن ناکەنەوە کە بە ڕێککەوتنى نێوانتان دۆخى سیاسى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان بۆ خۆتان و دەسەڵات و بەرژەوەندیی حیزبەکانیشتان فەراهەم دەکات. دەبێت تەماشا بکەین بزانین حیزبە سیاسییەکان کە ئیدیعاى کوردستانى بوون و پەرۆشى پێگە و داهاتووى کوردستان دەکەن، بە دواى دەروازەکانى دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووەى هەرێمدا دەگەڕێن، یاخود دەکەونە هەڵپەى چنینەوەى دەستکەوت لە بەغدا؟ [1]