=KTML_Bold=رۆڵى کورد لە پەرەسەندنى گەندەڵیى ئێراقدا=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ئەوەى لە سەردەمى پاشایەتى و دواتریش لە ئێراق وەک ژێرخان و سیماى پێشکەوتن و شارستانییەت بوونیاتنرابوو، لە ئێراقى نوێدا هەڵتەکێندرا. ئێستا ئەگەر لە وێنەى مانگە دەستکردەکانەوە لە هەر پارێزگایەکى ئێراق بڕوانیت، وەکوو ئەوە وایە سوپاى مەغۆل دابێتى بەسەریدا. لەڕووى خزمەتگوزارى و پێداویستییەکانى ژیانیشەوە لە ئاستى وڵاتە هەژارەکاندان، لە کاتێکدا بەپێى سەروەت و سامان و داهاتى ئێراق دەبوو لەڕووى ئاوەدانى و سیماى شارستانییەت لە ڕیزى وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانى دونیا بوایا؛ بەڵام بۆ بووەتە وێرانە؟ هۆکارەکەى پەیوەندیى بە بردنى سامانى ئێراقەوە هەیە.
بەپێى ئامار و داتاى ناوەندە باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە شەفافیەت و چاودێریی دارایى و بانکەکان، هەروەها بە دانپێدانانى هەندێک لە بەرپرس و دەسەڵاتدارانى خودى ئێراق، باس لەوە دەکرێت کە لە دوو دەیەى ئێراقى نوێدا، زیاتر لە 600 ملیار دۆلارى داهاتى نەوتیى ئێراق هیچ شوێنەوارێکى دیار نییە.
جیاواز لەو گەندەڵى و بەهەدەردانانەى دیکە کە لە پڕۆژە ئاشکرا و وەهمییەکاندا بەفیڕۆدراون، هەروەها جیاواز لە دەیان هەزار مووچەى وەک خۆیان دەڵێن (هەوایى) و مووچەى بێناوى گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان، جیا لەو ژمارە قەبە و گەورانەى لە چوارچێوەى سیاسەتى سپیکردنەوەى پارەدا براونەتە دەرەوە، بە دانپێدانانى وەزیرى دارایى ئێراق (عەلى عەلاوى) کە لە ئابى 2022 دەستی لەکارکێشایەوە، دانى بەوەدا نا، مانگانە تەنیا لە داهاتى گومرگ و ناوخۆش شوێنەوارى 6 بۆ 7 ملیار دۆلار دیارنامێنێت.
ڕاستە بە ڕەهایى دەسەڵاتى دەوڵەتى قووڵ و حوکمڕانى ڕووکەشى وڵاتەکە بەدەستى شیعەکانەوەیە و ئەمەى هەیە پڕۆژەى شیعەیە بۆ حوکمڕانى؛ بەڵام بە تەنیا شیعەکان بەرپرس نین لەم دۆخەى بەسەر ئێراق هاتووە. کورد وەک پێکهاتەیەک لە دوو ئاست و بە بینینى دوو ڕۆڵى جیاواز، ڕۆڵى سەرەکیى هەبووە لەو گەندەڵیانەى لە ئێراق کراون، کە بە هۆیانەوە خەریکە دەرفەتى ژیان بە بەشێک لە شارەکانى ئێراقەوە نامێنێت.
لە ئاستى یەکەمدا کارەکتەرە سیاسییەکانى کوردى بەشدار لە جومگەى حوکمڕانیى ئێراق و لە وەزارەتەکان و لەناو سوپا و دام و دەزگە ئەمنییەکانى ئێراق، پەرێزیان پاکتر نییە لە کارەکتەرەکانى شیعە لە حوکمڕانى. بۆیە لەو بەشە گەندەڵییەى لە دام و دەزگەکان، چى لە سەردەمى ئەمریکا و چى دواتر کراون، کارەکتەرەکانى کوردیش بەشێکى زۆرى بەردەکەوێت. بەڵام ئەوەى مەبەستمە لەسەرى بدوێم، ئاستى دووەمى گەندەڵى و دیارنەمانى سامانى ئێراقە، کە هەندێک کارەکتەرى کورد، بەتایبەت لەناو پەڕڵەمانتارانى کورد لە بەغدا بە شێوەیەکى فراوان ڕۆڵیان هەبووە لە زەمینەخۆشکردن بۆ ئەو بەهەدەردانە و بەردەوامیدان لە بەتاڵانبردنى سامانى ئێراق، ئۆباڵى بەشى زۆرى دیارنەمانى ئەو سەتان ملیار دۆلارە لە ئەستۆى ئەوانە.
ئەم پڕۆسەى بەتاڵانبردن و نادیارییەى سامانى ئێراق بەدیاریکراوى لەدواى کشانەوەى ئەمریکا لە ساڵى 2012وە دەست پێ دەکات. بێگومان پڕۆسەیەکى لەم شێوەیە پێویستى بە پلان و بەرنامەیەکى ورد هەبوو، بەتایبەت کە زۆربەى شار و شارۆچکەکانى ئێراق ئاوى خواردنەوە و کارەبا و نەخۆشخانە و قوتابخانە و ڕێگەوبانى پێویستیان نییە. لە هەر بارودۆخێکى لەو جۆرەدا لە هەر وڵاتێک بێت، دەبێتە پرسیار لاى هاووڵاتییەکانى، داهات و سامانى ئەو وڵاتە بۆ کوێ دەچێت؟ بۆ ئەوەى بتواندرێت ئەو سەروەت و سامانە بێشومارە ببرێت و خەڵکیش نەزانن بۆ چى ئامانجێک براوە، پێویستیان بەوە بوو سەرنجى هاووڵاتییان بە ئاڕاستەیەکى دیکەدا بەرن، تاوەکوو ڕاستییەکە نەزانن.
ئێستا و دواى ڕووداو و لێکەوتەکانى جەنگى غەززە، هەندێک شت لەو بارەیەوە دەگوترێت، کە سامان و سەروەتى ئێراق لە پڕۆژەیەکى ئایدۆلۆجیى هەرێمایەتیدا سەرفکراوە بۆ بەڕێوەبردنى بەرەى مقاوەمە، کۆمەک و پڕچەککردنى گرووپەکانى حەماس و حووسییەکانى یەمەن و حیزبوڵڵاى لوبنان و چەتەکانى بەشار ئەسەد؛ تەنانەت گومانى ئەوەش دەکرێت چەند یەکەیەکى ناو #داعش#یش بە سەروەت و سامانى ئێراق بەڕێوەبراون. جا بۆ ئەوەى عیێراقییەکان ئاگایان لەوە نەبێت پارەى فرۆشى نەوت و داهاتەکانیان بەو جۆرە بەهەدەر دراوە، بە پلانێکى ورد لە ڕێگەى کڕینى چەند پەڕڵەمانتارێکى کورد و هەندێک ناوەندى میدیایى و (نوخبە)ى ڕۆشنبیرەوە، بە درێژایى ساڵانى دواى 2012، وێنایەکیان درووستکرد کە داهاتى ئێراق هەمووى دەبرێت بۆ هەرێمى کوردستان. ئەو ئاوەدانى و پڕۆژە خزمەتگوزاری و جوانکاریانەى شارەکانى هەرێمی کوردستان بە داهاتى نەوتى بەسرە کراون. لە کاتێکدا لەدواى ساڵى 2012وە تەنیا یەک ساڵ بودجە بە هەرێمی کوردستان دراوە و لە سەرەتاى ساڵى 2014وە بودجەى هەرێمی کوردستان ڕاگیرا. بۆچى پێویست بوو ئەم گەوجاندنە لە ڕێگەى کوردەوە بکەن؟ چونکە هاووڵاتییەکى عەرەب لە بەسرە باوەڕ بە دەسەڵاتدارێکى عەرەبى شارەکەى ناکات بۆ پەردەپۆشى گەندەڵیى شارەکەى ئۆباڵەکەى بخاتە سەر کورد، بەڵام کاتێک پەڕڵەمانتارێکى کورد بە زمانى عەرەبى و لە کەناڵێکى عەرەبییەوە بڵێت، داهاتى شارەکانى ئێوە دەبرێت بۆ کوردستان، باوەڕ دەکەن. هەریەک لە ئێوە کە ئێستا ئەم وتارە دەخوێننەوە بەبیرتان دێتەوە و شایەتیى بینینى دەیان دیدار و چاوپێکەوتن و لێدوانى ئەو جۆرە کەسانەن لەو بارەیەوە.
ئەم پلانە بە ئەندازەیەک کاریگەریى لەسەر درووستکردنى وێنا گشتییەکە هەبوو، نەک هەر هاووڵاتییانى عەرەبى شارەکانى خواروو و ناوەڕاستى ئێراق، کە سیماى ئاوەدانى بە شارەکانیانەوە نەمابوو، باوەڕیان بەوە کردبوو کە پارەى پڕۆژەکانى ئەوان کورد دەیبات، تەنانەت لەناو هەرێمى کوردستانیش دەیان بەحساب کۆلکە سیاسى و ڕۆشنبیر و شرۆڤەکار ئەم قەوانەیان لێدەدایەوە، کە (کەى ڕەوایە پارتى و یەکێتى داهاتى کوردستان دەدزن و ئێراق دەبێت پارەى نەوتى بەسرە بداتە کوردستان؟)
لە کاتێکدا ئەگەر بە درێژایى ئەم 12 ساڵە بەردەوام 17%ى بودجەى گشتیى ئێراق بە بودجەى حاکیمەشەوە بهاتایە بۆ هەرێمی کوردستان، نیوەى داهاتى فرۆشى نەوتى کوردستان نەبوو لە #خانەقین# و #کەرکووک# و موسڵ، کەچى کوردە بەدبەختەکەى خۆشمان کەوتبوونە ژێر کاریگەریى ئەو پڕۆسەى چەواشەکاری و گەوجاندنەوە کە پارەى نەوتى بەسرە کورد دەیبات.
ئەو بارودۆخەى ئێستا شارەکانى خوارووى ئێراق تێیکەوتوون و دوور نییە لە چەند ساڵێکى زۆر نزیکى داهاتوودا لانىکەم بەهۆى بێئاوییەوە بەشێکیان بەکەڵکى ژیان نەمێنن، هۆکارەکەى ئەوەیە کە چەند کوردێک خەڵکەکەیان چەواشە کرد تاوەکوو نەزانن پارەى پڕۆژەکانیان دەبرێت بۆ خزمەتى گرووپگەلى وڵاتانى دیکە؛ چونکە ئەگەر ئەو ڕاستییەیان بزانیایە، سەروەت و سامانى ئەوان چى یارییەکى قێزەونى پێ دەکرێت لە ناوچەکە، بە دڵنیاییەوە قبووڵیان نەدەکرد. بەڵام ئەو گرووپە کوردە وەکوو بەشێک لە ستراتیجى بەرەى مقاوەمە ئەو ڕۆڵەیان گێڕا کە بەرچاوى شەقامى ئێراقى لێڵ بکەن، تاوەکوو بتواندرێت ئەو سەتان ملیار دۆلارەى ئێراق بۆ ئەو ئامانجە بەکارببرێت.
هەرچەندە دڵنیام ڕۆژگارێک دێت هەموو ئەو نهێنییانە ئاشکرا دەکرێن و دەردەکەوێت لە بەرانبەر چى سەفەقاتێکى پارە و ئیمتیاز ئەو ڕۆڵە خراپەیان گێڕاوە، بەڵام هیچ شتێک لاى خودا شاراوە نییە، ئۆباڵى بەشێک لە نەهامەتى و مەینەتیى ئێراقییەکان و کوشتارى ململانێى ئەو گرووپانەش کە بە پارەى ئێراق بەڕێوەبراون، دەکەوێتە ئەستۆى ئەمانەوە. [1]