=KTML_Bold=سکاڵایەکى پێشوەختە ببەنە دادگەی فیدراڵى=KTML_End=
#عارف قوربانی#
هەرچەندە بەپێى دەستوورى ئێراق دەبێت حکومەت بە یەک چاو بڕوانێتە فەرمانبەرانى هەموو وڵاتەکە و هیچ پاساو و ڕێکارێکى دەستووریى نییە ڕێگە بەوە بدات بە هەر هۆکارێک بێت مووچەخۆرانى هەرێم یاخود هەرپارێزگایەکى دیکەى ئێراق، مووچەیان نەدرێتێ. هەر لە چوارچێوەى ئەم چەسپاوە دەستووریەدایە کە دادگاى باڵاى فیدراڵى ئێراقیش بڕیارێکى بۆ حکوومەتى بەغدا دەرکرد کە نابێت بابەتى مووچە تێکەڵ بە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێت، وەک ئەرکێک ئەوەى خستبووە ئەستۆى حکوومەتى ئێراق کە دەبێت هاوشێوەى فەرمانبەرانى دیکەى پارێزگاکانى ئێراق، مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانیش دابین بکات.
بەڵام ئیتر ئەوە بەغدایە، لاوازى پێگەى کورد و ناکۆکى و ململانێ نێووخۆییەکانى هەرێمى کوردستانى قۆستەوە، نە بە دەستوور کاری کرد و نە پابەندى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى بوو، وەک سزایەک بۆ خەڵکى کوردستان، چەندین مانگ و ساڵ قوتى خەڵکى کوردستانى بڕی. لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەى هەرێمی کوردستانیش پشتى کردبووە بەغدا و خوازیارى ئەوە بوو لێکەوتەکانى ئەو ڕەفتارەى بەغدا لە هەرێمی کوردستان قووڵتربێتەوە و هاووڵاتییانى کورد ئومێد لەسەر بەغدا درووست نەکەن و مەیلى ئێراقى بوونیان بۆ درووست نەبێت، نەدەچوو پەلى دەزگە و دامەزراوە دەستوورییەکان بگرێت وەک ئامرازێک بۆ ناچارکردنى دەسەڵات بە پابەندییە دەستوورییەکانى، مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دواجار ئەم سیاسەتە بڕى نەکرد، هەرێمى کوردستان بڕستى لێبڕا و بە ناچارى ڕوویکردووەتەوە بەغدا. شوکرى فەزڵى سەدەیەک لەمەوبەر فەرموویەتى (ئیش کە ڕووى لە هەورازە سەرەو لێژى نەکەى. فکرى وردیشى دەوێت، هەر بەدوعاو نوێژى نەکەى). جا هەرێمى کوردستانیش کە ڕووى کردووەتەوە بەغدا، ڕووکردنەوە بەغدا فکرى وردى دەوێت. نابێت هەر بەچاوەڕوانى ئەوەى کە ئێستا ئومێد و سیاسەتى خۆى بە بەغداوە بەستووەتەوە، ئیدی چاوەڕێى ڕەحمى بەغدا بێت بۆ ئەوەى چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەکات. پێویستە پلانى بۆ ورد و درشتى مافە دەستوورییەکانى خۆى هەبێت.
یەکێک لەو بابەتانەى کە مافى خەڵکى کوردستانە و پرسى گەرمى ئەمڕۆیە، بابەتى مووچەیە. جیا لەو پابەندییە دەستوورییە، جیا لە بڕیارى دادگەى فیدراڵى، ئێستا پابەندییەکى دیکەش هەیە بەغدا ناچار دەکات دەبێت پابەندبێت بە پێدانى مووچەى هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەو ڕێککەوتنە سیاسى و ئابوورییەى چەند مانگى ڕابردووى نێوان #هەولێر# و بەغدایە کە هەرێمى پابەند کردووە بەوەى نەوتەکەى ڕادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى ئێراق (سۆمۆ) بدات، هەروەها بڕێکى دیاریکراوى مانگانە لە داهاتى نانەوتى بداتە وەزارەتى دارایى بەغدا. چەند مانگێکە هەرێمى کوردستان بەتەواوى پابەندى ئەو ڕێکەوتنە بووە. بەڵام مووچەى دوو مانگى دواکەوتووە. نیگەرانییەک لاى هاووڵاتییان درووستبووە بۆ چارەنووسى ئەو دوو مووچەیەى مانگەکانى (نۆ و دە) کە چى بەسەردێت. هەندێک شرۆڤەکارى ئابووریی کورد و هەندێک پێشکەشکارى بەرنامە و پەیامنێرى کەناڵە کوردییەکانیش لە بەغدا، هەڵوێستێکى نێگەتیڤ دەگێڕن لەوەى بەغدا ناتوانێت ئەو دوو مووچەیە بنێرێت، یان دەڵێن فریا ناکەوێت، کۆتایى ساڵى حسابییە و چەندین بڕ و بیانوو پاساوى ناڕەوا بۆ بەغدا دەهێننەوە. لە کاتێکدا بە هەموو پێوەر و یاسا و ڕێسایەک و پابەندییە دەستووریى و یاساییەکان و بەپێى ڕێککەوتنى نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەرکى حکوومەتى ئێراقە دەبێت مووچەى هەموو ئەو مانگانەى دواى ڕێککەوتنەکە بنێرێت.
پێشتر زۆر جار کاربەدەستەکانى بەغدا و هەندێک لە کارەکتەرە سیاسییەکانیان بە پاساوى ئەوەى شەقامى ئێراقى نیگەرانن لەوەى هەر سازشێک بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانەیە، پرسەکە مافە و بۆ بەغداش نەک هیچ ئیحراجییەکى تێدا نییە، بەڵکوو بەهۆى وەرگرتنەوەى نەوت لە دەستى هەرێم، وەک جۆرێکە لە سەرکەوتن بۆ حکومەتەکەى سوودانى. تەنانەت ئەگەر هەر چوار مووچەى مانگەکانى ئەمساڵ پێکەوە بنێرێت، هیچ ئیحراجییەکى بۆ بەغدا تێدا نییە، بەڵام وەک پێشتر وتم ئیدی ئەوە بەغدایە، ئەگەرى زۆرە بەهۆى ئەوەى لە بەردەم هەڵبژاردنداین و دواى هەڵبژاردن حکومەت دەبێت بە کاربەڕێکەر، هەروەها لە بەردەم حیسابى کۆتایى ساڵداین، ئەگەر هەرێمی کوردستان گوشار نەکات و بێدەنگ بێت، بەغدا مەیلى ئەوەى هەیە و هەمیشە چێژ لە ئازاردانى کوردستان وەردەگرێت. بۆیە ئەگەر هەرێمى کوردستان هەندێک ڕێگە و ڕێکارى پێشوەختە نەگرێتەبەر، بۆى هەیە بەغدا خۆى بەو پابەندێتییە بدزێتەوە.
بۆیە پێویستە کوردستان پێشوەختە چەند هەنگاوێک بنێت. یەکەم چاوەڕێى نووسراو و داواى وەزارەتى دارایى بەغدا نەکات بۆ ناردنى بەشى بەغدا لە داهاتى نانەوتى بۆ ئەو مانگانەى ڕابردوو، وەک پابەندە بە ناردنى نەوتى ڕۆژانەوە، ڕاستەوخۆ داهاتى نانەوتیش بۆ ئەو دوو مانگەى ڕابردوو بنێرێت. دووەم هەنگاو کە پێویستە هەرێمی کوردستان بیگرێتەبەر هەر لە سبەینێوە سکاڵایەک دژی حکوومەتى بەغدا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تۆمار بکات و داواى دەرکردنى بڕیارێکى (وەلائ)ى بکات کە بەغدا پابەند بکات بەوەى نابێت هیچ مووچەیەکى هەرێمى کوردستان بفەوتێت. لەبەر ئەوەى مافێکى دەستوورییە، لەبەر ئەوەش کە دادگەى باڵاى فیدراڵى پێشتریش بڕیارێکى لەو بارەیەوە هەیە، هەروەها لەبەر ئەوەش کە هەرێمی کوردستان پابەندە بەو ڕێککەوتنەوە و ئێستا نەوت و داهاتى نانەوتیش دەدات بە بەغدا، بە دڵنیاییەوە دادگەى باڵاى فیدراڵى بە دەم سکاڵاکەى هەرێمى کوردستانەوە دێت و بڕیارێک بەدڵى هەرێمی کوردستان دەدات.
ئیدی دواى ئەو بڕیارە، حکومەت ببێت بە کاربەڕێکەر و حیسابى ساڵیش دابخرێت، هەر کەس لە شوێنى ئەم کابینەیە بێتە سەر دەسەڵات، پابەند دەبێت بەوەى مووچەى مانگەکانى (نۆ و دە)ى هەرێمی کوردستانیش بنێرێت. [1]