=KTML_Bold=ڕووفاتەکانى ئیسرائیل و ڕووفاتەکانى ئەنفال=KTML_End=
#عارف قوربانی#
دواى دوو ساڵ لە شەڕێکى خوێناوی، لە چوارچێوەى پلانێکى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکادا وەک شەڕێکى تەواونەکراو، لە (شەرم ئەلشێخ) ئیسرائیل و حەماس ڕێککەوتن کۆتایى بەو جەنگە کاولکارییەى نێوانیان بهێنن. سەربارى ئەوەى هیچ لایەکیان نەیانتوانى تەواوى ئامانجەکانى خۆیان لە هەڵگیرساندنى ئەم جەنگە بەدىبهێنن، بەڵام هەردوولا خۆیان وەک براوە دەبینن. بێگومان لە هەر ڕێککەوتنێکیشدا لایەنەکانی کێشە خۆیان بە براوە بزانن، ئەوە ئاماژەى دەستگرتنە بە ڕێککەوتنەکەوە.
لە لایەکى دیکەشەوە هەردوولا دەزانن بە دەستپێکردنەوەى شەڕ گوشارەکان لەسەریان زۆرتر دەبن. حەماس لەژێر گوشارى هێز و تانک و تۆپى ئیسرائیل و ئیسرائیلیش لەژێر گوشارى تەریککەوتنى لەناو کۆمەڵى نێودەوڵەتى. بۆیە بە هەموو لۆژیکێک، دەبێت هیچ لایەکیان مەیلى ئەوەى نەبێت ئەم ڕێککەوتنە تێکبچێت.
بەڵام ڕێککەوتنەکە، کە هێشتا لە قۆناخەکانى سەرەتادایە و هیچ بەند و بڕگەیەکى بە تەواوى جێبەجێ نەکراوە، نزیکە لەوەى هەڵبوەشێتەوە. هۆکارەکەشى پەیوەندیى بە تەرمى ئەو بارمتانەوەیە کە ڕۆژى #07-10-2023# لە لایەن حەماسەوە ڕفێنران و لە ماوەى ئەم دوو ساڵەدا لە زیندانەکانى حەماس مردوون. بەپێى ڕێککەوتنەکەى نێوانیان، دەبێت حەماس لە هەنگاوى یەکەمى دواى ئاگربەستدا سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکان ڕادەست بکاتەوە؛ بەڵام ئێستا حەماس دەڵێت: تەرمى ژمارەیەک لە بارمتەکان بەردەست نین و دەبێت بە دوایاندا بگەڕێین تاوەکوو دەدۆزرێنەوە. نەتەنیاهووش ئەمە وەک پاساوى خۆدزینەوەى حەماس دەبینێت، بۆیە هەڕەشەى ئەوە دەکات کە ئەگەر هەنگاوبەهەنگاو وەکوو لەسەرى ڕێککەوتووین، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، هێرشەکانمان دەستپێدەکەینەوە.
ئەوەى مەبەستمە لەسەرى بدوێم و بەراوردى بکەم بە ئێمەى کورد، پرسى ڕووفاتەکانە. ئیسرائیل لە کاتێکدا دەزانێت ئەم جەنگەى غەززە چەند زیانى بە پێگەى وڵاتەکەى گەیاندووە لەناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، لە سەرەتاى ڕووداوەکان و وەکوو لێکەوتەیەکى هێرشەکانى حەماس لە 7ى ئۆکتۆبەر، بەشى زۆرى وڵاتانى جیهان پشتگیریى ئیسرائیلیان کرد و بە مافێکى ڕەواى تەلئەڤیڤیان دەزانى تۆڵە لە حەماس بکاتەوە. بەڵام دواى دوو ساڵ جەنگ، جگە لە ئەمریکا هیچ وڵاتێکى دیکەى ڕۆژاوایى، کە پێشتر دۆست و هاوپەیمانى ئیسرائیل بوون، لە پشتى نەماوون. نەک هەر ئەوەندە، تەنانەت کەوتنە سەنگەریی ئیسرائیلەوە و سەرکردایەتیى هەڵمەتێکى نێودەوڵەتییان کرد بۆ دەستەبەرکردنى مافى دانپێدانان بە دەوڵەتى فەلەستیندا.
ئیسرائیل دەزانێت دواى ئەم ڕووداوانە، بە دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى بۆ سەر غەززە، لەناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا زیاتر دەخرێتە پەراوێزەوە و پشتیوانەکانى فەلەستین زیاتر دەبن؛ بەڵام وەکوو چۆن لەسەر چەند بارمتەیەک لە یەک کاتدا چووە شەڕى چەند وڵاتێکەوە، سووریا و لوبنان و غەززەى وێران کرد، بە دڵنیاییەوە لەسەر چەند ڕووفاتێکیش ئامادەیە دەست بە جەنگ بکاتەوە. ئیسرائیل لەوەتەى هەیە بەهاى هاووڵاتیى خۆى لەلا بەسەنگ بووە. دەیان جار ڕووی داوە هەزاران دیل و زیندانیى فەلەستینیى ئازاد کردووە لە بەرانبەر یەک سەربازى ئیسرائیلى، ئەمە ئەگەر بە دیوێکدا بۆ نیشاندانى بێبەهایى نەیارەکانى بووبێت، بە دیوێکى دیکەدا گەیاندنى ئەو پەیامە بووە کە بەهاى جوو سەدان هێندەى بەهاى عەرەبە. بۆیە ئێستا چاوەڕوانکراوە لەسەر ڕووفاتى چەند بارمتەیەک جەنگێکى خوێناوى بەرپا بکات.
لەناو ئێمەى کورددا ئیدیۆمێکى ناڕاست لەسەر خەسڵەتى کۆمەڵگەى کوردى کراوە بە ماڵ، کە دەوترێت (کورد زیندووکوژى مردوو پەرستین). دەشێ ئەو بەشەى ڕاست بێت کە کورد بۆ خۆمان زیندوو کوژبین، بەڵام ڕاست نییە کە مردوو پەرست بین. ئەگەر دەربەستى مردووەکانمان بهاتباین، چارەنووسى ڕووفاتى دەیان هەزار ژن، منداڵ، کچ، کوڕ، پیرەمێرد و پیرەژنەکانمان بەو جۆرە نەدەبوو کە ئێستا لە بیابانەکانى ئێراق دەیبینین.
22 ساڵە کورد لە ئێراقى دواى سەدام دا، دەستڕۆ و دەسەڵاتدارە لە بەغدا. بە ئاسانى دەیتوانى دەستى بگاتە هەموو بستە خاکێکى ئێراق و توانا و ئیمکانیات و زانیارى دەربارەى ڕووفاتى دەیان هەزار ژن و منداڵى کوردى لابوو، کە لە سەردەمى سەدام دا بەشێکیکان زیندەبەچاڵ کرابوون و بەشێکیشیان بە کۆمەڵ گوللەباران کراون. ئەگەر سادەترین هەستى بەرپرسیارێتى بەرانبەر بە ڕووفاتى ئەو ئازیزانەى هەبووایە، دەبوو تاوەکوو ئێستا هەموویانى بگەڕاندایەتەوە بۆ ناو کەسوکاریان، بەڵام نەک ئەوەى نەکردووە، باڵاترین پۆستى ئێراق کە سەرۆکایەتیى کۆمارە بەدەستى کوردەوەیە، ژمارەیەک گەنجى کورد پاسەوانى سەرۆککۆمار بوون و 10 ساڵ پێش ئێستا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانى ئێراقەوە ڕفێنراون، تاوەکوو ئێستا کورد نەیتوانیوە ئەو پاسەوانانە بگەڕێنێتەوە ئیدی ڕووفاتى ئەنفال چۆن دێنێتەوە، کە ئەمە ئاماژەى بە سووک سەیرکردنى کوردە لە لایەن کورد خۆیەوە.
چەندین هەزار کچ و ژن و منداڵى ئێزدى لە ساڵى 2014 لە #شنگال# و دەوروبەرى کەوتنە دەستى تیرۆریستانى #داعش#، 8 ساڵە کۆتایى بە دەسەڵات و خەلافەتى داعش هێنراوە و جوگرافیایەک نەماوە بەناوى جوگرافیاى داعش، بەڵام تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 2000 کچى کورد کە لە لایەن داعشەوە بە بارمتە گیرابوون، چارەنووسیان بە نادیارى ماوەتەوە. جگە لە کەسوکارى خۆیان، لەناو ئەم قەومى کوردەدا ژمارەى ئەوانەى خەم لە چارەنووسى ئەم بارمتە بەکەنیزەککراوانە دەخۆن، ڕەنگە کەمتر بێت لە ژمارەى خودى ڕفێنراوەکان.
ئەم بەراوردکارییەم بۆ ئەوەیە، دەبێت گەلى ئێمە بە خەڵک و دەسەڵاتەکەیەوە هۆشیار ببێتەوە لەوەى لەناو چى دۆخێکى خراپدایە. تۆ کە خۆت بەها بۆ خوێنى خۆت دانەنێیت، کەس ئامادە نییە بەهات بداتێ. هیچ گەل و دەسەڵاتێک هێندەى کورد خەمسارد نییە لە بەرانبەر بە ئەندامەکانى، دەبوو شەڕى دەسەڵاتدارانى کورد لەگەڵ بەغدا لەسەر خوێنى ئەو دەیان هەزار کوردە بوایە کە تاوەکوو ئێستاش تەرمەکانیانمان نادەنەوە؛ بەڵام دیارە لە دیدى سەرکردەکانى کوردەوە داهات و نەوت، سامانێکى گرنگترە وەک لە مرۆڤەکان و نیشتمان.
ئەم بەراوردکارییە نەک هەر لەگەڵ ئیسرئیل، ئەگەر لەگەڵ عەرەبەکانى غەززەش خۆمان بەراورد بکەین، بۆ ئێمە مایەى شەرمەزارییە. تەماشا بکەن، دوو ساڵە ئیسرائیل بە ئاگر و ئاسن بەربووەتە گیانى غەززە، وەکوو باس دەکرێت تاوەکوو ئێستا 70 هەزار کەسى لێ کوشتوون، 90%ی شارەکانیان وێران کران و بەکەڵکى ژیان نەماون. خەڵکەکەى چەندین جار ئاوارە و دەربەدەر بوون، بەشى زۆرى سەرکردە و چەکدارەکانى حەماس کوژران. هیچ کەس نەیبیست فەرماندەیەکى سەربازى یاخود کۆلکە سیاسییەکى حەماس لێدوانێک بدات و بڵێت، با شارەکە ڕادەست بکەین بۆ ئەوەى باڵەخانەکانى شار نەڕووخێن. بەڵام زۆر بەسەر 16ى ئۆکتۆبەر و چیرۆکى ڕادەستکردنى #کەرکووک#دا تێنەپەڕیوە و ئێستاش کەسانێک وەکوو شانازى پێمانى دەفرۆشنەوە، کە کەرکووکمان بۆیە ڕادەست بە حەشد و سوپا کرد، تاوەکوو خانووەکانى وەکوو موسڵ نەڕووخێن.
گەلێکى ژێردەستەى خاک داگیرکراوی چەوساوە بەم جۆرە لە ئازادى بڕوانێت، بۆ هەمیشە بە ژێردەستەیى دەمێنێتەوە. گەلێک خۆى بەها بۆ خوێن و ڕۆحى خۆى دانەنێت، بۆ هەمیشە لە لایەن خەڵکى دیکەوە، بێ بەها لێى دەڕوانرێت. [1]