=KTML_Bold=چارەسەری چوار دەوڵەتی بۆ کورد=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لەدواى جەنگى یەکەمى جیهانى و جێبەجێکردنى ئەو بەشەى پڕۆژەى ڕێککەوتنى (سایکس بیکۆ) کە بۆ دابەشکردنى جوگرافیاى ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى بڕیارى لەسەر درابوو. کێشەى کورد و فەڵەستینییەکان بە دوو ناوەرۆکى جیاوازەوە بوونە سیماى هەرە دیارى 100 ساڵى ڕابردووى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست.
بەریتانیا و هاوپەیمانەکانى، پێش دەستپێکردنى جەنگ و هەروەها لە سەروبەندى جەنگى جیهانیدا، بەڵێنیان بەو گەل و نەتەوانەى بندەستى عوسمانییەکان دا، دواى جەنگ و سەرکەوتنى هاوپەیمانان هەر گەل و نەتەوەیەک لەسەر خاکى خۆى دەوڵەتى بۆ دادەمەزرێنن. لەناو ئەو جوگرافیا بەرفراوانەى لەژێر قەڵەمڕەویى عوسمانییەکاندا بوون، بەڵێنى خۆیان لەگەڵ هەموو بردەسەر و ڕاستەوخۆ لەدواى جەنگ دەوڵەتیان بۆ درووستکرا، تەنیا کورد و جوو نەبێت، کە پێشتر لە (پەیماننامەى سیڤەر) بەڵێنى دەوڵەتیان بە کورد دابوو، لە (بەڵێنى بلفۆر)یش پەیمانیان بە جوو دابوو لە فەلەستین دەوڵەتیان بۆ درووست بکەن.
ئەوەى لێرەدا مەبەستمە لەسەرى بدوێم و پەیوەستم کردووە بە کێشەى کوردەوە، خەباتى گەلى فەلەستینە بۆ سەربەخۆیى. لە کاتێکدا عەرەبەکانى فەلەستین تاکە ناوچەیەکى عەرەبنشینى ژێر دەسەڵاتى عوسمانییەکان بوون، لە لایەن بەریتانییەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە هیچ بەڵێنێکیان پێنەدرا بۆ درووستکردنى دەوڵەتێکى عەرەبى، بە پێچەوانەوە بەڵێن بە جوویەکان درا لەسەر ئەو خاکەى فەلەستین دەوڵەتێک بۆ جوو درووست بکرێت؛ بەڵام بەهۆى ئەوەى لەو کاتەدا ژمارەى جوو زۆر کەم بوون لە فەلەستین، بۆیە ڕاگەیاندن و دانپێدانانى دەوڵەتەکەیان دواخرا بۆ کاتێک کە ڕێکخراوى زایۆنیزم بتوانێت ژمارەى پێویستى جوو بگوێزێتەوە ئەو جوگرافیایە. ئەوەبوو دواى دوو دەیە لە ساڵى 1948 لەسەر خاکى بەڵێنپێدراو توانییان دەوڵەتەکەیان ڕابگەیێنن.
عەرەبەکانى فەلەستین تاکە پێکهاتەیەکى ناو جوگرافیاى دابەشکراوى عوسمانییەکان بوون دانیان بەو دابەشکارییەى بەریتانیادا نەنا، مکوڕ بوون لەسەر ئەوەى دەبێت دەوڵەتى فەلەستین دابمەزرێت. دژى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیل دەستیان بە خەباتى چەکداری کرد و نزیک بە سێ چارەکە سەدەیە لەو پێناوەدا خوێن دەڕێژن.
هەروەها بەهۆى پشتیوانیى جیهانى عەرەبى و وڵاتانى ئیسلامى لە بزووتنەوە چەکدارییە فەلەستینییەکان، دواى 20 ساڵ لە دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل، ئەنجوومەنى ئاساییشى نێودەوڵەتى لە ساڵى 1967 بڕیاری دا ڕێگەچارە بۆ کێشەى عەرەب - ئیسرائیل، بۆ دەستەبەرکردنى ئاشتیى هەمیشەیى و دادپەروەرى لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، چارەسەر دوو دەوڵەتییە، دەوڵەتێک بۆ جوو و دەوڵەتێکیش بۆ عەرەبەکان.
هەرچەندە هەریەکیان و بە هۆکارى جیاواز تاوەکوو ئێستا ئەو چارەسەرەیان پەسەند نەکردووە، عەرەبەکانى فەلەستین بەهۆى داننەنان بە دەوڵەتى ئیسرائیل چارەسەرى دوو دەوڵەتى ڕەتدەکەنەوە، ئیسرائیلیش درووستکردنى دەوڵەتى فەلەستین بە هەڕەشە لەسەر جوگرافیا و ئاساییش و سەقامگیریى خۆى دەبینێت؛ بەڵام شەڕى دوو ساڵەى غەززە جیهانى بەو ئاڕاستەیە پەلکێش کرد کە کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەى ئەیلوولى 2025ی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەى دەنگى 142 دەنگى بەڵێ دان بە دەوڵەتى فەلەستین دا بنێن و گوشار بخەنە سەر هەردوولا بۆ چەسپاندنى ئەو نەخشەڕێگەیە.
بەهۆى ئەوەى ئیسرائیل و ئەمریکا بە تووندى ئەم جاڕنامەیە ڕەتدەکەنەوە، بۆیە هێشتا ڕوون نییە ئاڕاستەى ڕووداوەکان بە چى ئاقارێکدا دەڕوات و ئیدارەى فەلەستینییەکان وەکوو دەوڵەتێکى دانپێدانراو دەکەوێتە سەر پێى خۆى، یاخود بە مردوویى لەدایکدەبێت؟ بەڵام خاڵى گرنگ لێرەدا ئەوەیە، گەلى فەلەستین توانییان جیهان بگەیێننە ئەو ڕایەى لە کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتى فەلەستیندا بنرێت. بەتایبەتیش هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا، وەک داڕێژەرانى نەخشەى سایکس بیکۆ، ئێستا لە پشت ئەو هەوڵانە بوون، لە کاتێکدا خۆیان لە دابەشکارى ناوچەکە دواى جەنگى جیهانى هیچ گفت و بەڵێنێکیان بە فەلەستینییەکان نەدابوو، کە دەوڵەتیان بۆ درووستبکەن. هەروەها لە ڕیزبەندیى ئەو دەوڵەتانەش هەژمار دەکرێن کە هاوپەیمان و پشتیوانى ئیسرائیل بوون بە درێژایى 7 دەیەى ڕابردووى تەمەنى ئەم دەوڵەتە.
ئەم ڕووداوە بۆ کورد لە زۆر ڕووەوە گرنگە، بەتایبەت کە بەریتانیا و فەرەنسا وەک جۆرێک لە پاسەوان و خاوەندارێتیى مانەوەى نەخشەى ناوچەکە وێنا دەکران، ئێستا ئەوان لە پشت ئەم گۆڕانکارییەوەن. بەمەش ئەو تابۆ و هێڵە سوورانەى هەبوون لە دەستکاریکردنى نەخشە و جوگرافیاى وڵاتان، دەشکێندرێن. لە لایەکى دیکەوە، چارەسەربوونى کێشەى فەلەستین دەرگاى ئەو پرسیارە دەکاتەوە: کەى چارەسەر بۆ کێشەى کوردیش دەدۆزرێتەوە؟ بەتایبەتیتریش کە هیچکام لە دەوڵەتانى داگیرکەری کوردستان، هێندەى ئیسرائیل پێگەیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەهێز نەبووە، کاتێک بتواندرێت هێز و پێگەى ئیسرائیل لەبەرچاو نەگیرێت لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بۆ بڕیاردان لە مافى فەلەستینییەکان، ئەوە هیچکام لە وڵاتانى ئێراق، سووریا، ئێران و تورکیا ئەو ئیعتیبارە گەورەیەیان نییە ببێتە ڕێگر لەوەى جیهان هەنگاوێک بۆ چارەى کێشەى کوردیش بگرێتەبەر.
هەرچەندە خاڵى هەرە جیاواز و جەوهەرى لەنێوان کورد و فەلەستینییەکان ئەوەیە، عەرەبەکانى فەلەستین دانیان نەناوە بە دەوڵەتى ئیسرائیل دا و (داگیرکاریى سەر جوگرافیاکەیان) ڕەتکردووەتەوە. کارى من دادوەریکردن نییە لەسەر ئەوەى فەلەستین خاکى کامیانە، بەڵام چەند عەرەب خۆى بە خاوەنى دەزانێت، بەپێى سەرچاوە مێژوویى و پەرتووکە ئاسمانییەکان، جوولەکەش هێندە مافیان بەسەر ئەو خاکەوە هەیە. کەچى لەو دۆخەشدا هێشتا عەرەبەکان ئامادەى دەستبەرداربوونى ناسنامەى خاکەکەیان نین و لە بەرانبەر داننان بە دەوڵەتى فەلەستینیشدا، ئامادە نەبوونە دان بە دەوڵەتى ئیسرائیل دا بنێن.
سەربارى ئەوەى کورد وەک نەتەوە لە هەموو میللەتانى دیکەى ناوچەکە دێرینترە و بە هەزاران ساڵ بەر لە فارس، عەرەب و تورک لەسەر ئەم جوگرافیایە ژیاوە و خاکى باوباپیرانى خۆیەتى، سەرەڕاى ئەوەى لە پەیماننامەى سیڤەردا پەیمانى دەوڵەت بە کوردیش دراوە وەک گەل و نەتەوەکانى دیکە، کەچى دوای دابەشکاریى سایکس بیکۆ و بێبەشکردنى لەو مافە سەرەکییەى درووستکردنى دەوڵەتى کوردستان، لە هەموو پارچەکانى کوردستان دانى بە جوگرافیاى دەوڵەت نەتەوەى داگیرکەرەکانیدا ناوە و کەوتووەتە ناو پڕۆسەى خۆگونجاندنەوە.
کە شۆڕش و ڕاپەڕینیشی کردووە، هەمیشە گوتوویەتى لە ناچارییە و جۆرێکە لە بەرگریکردن لە پێناو هێشتنەوەى ناسنامەى نەتەوەیى. لەم 100 ساڵەدا جورئەتى ئەوەى نەبوو بڵێت، بۆ ڕەتکردنەوەى داگیرکاری خەبات دەکەین. کە داگیرکەرانى کوردستانیش گوتوویانە، کوردەکان دەیانەوێت جیاببنەوە و یەکپارچەیى وڵاتەکە دەخەنە مەترسییەوە، سەرکردەکانى کورد پاکانەى ئەوەیان کردووە، ئێمە هیچ کات نابینە مەترسى لەسەر یەکپارچەیى وڵات. بەهەرحاڵ، ئەمە لێدەگەڕێین و ئەم وتارە شوێنى شەنوکەوکردنى ئەم پرسە نییە، ئەوەندە مەبەستمە پرسیارێک بوروژێنم بۆ عاقڵمەندانى میللەتەکەم لە هەموو پارچە جیاوازەکانى کوردستان.
لەدواى بڕیارى نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسەندکردنى چارەسەرى دوو دەوڵەتى بۆ کێشەى عەرەب - ئیسرائیل، ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بگەنە ئەو باوەڕەى بۆ دادپەروەری و دەستەبەرکردنى ئاشتییەکى سەرتاسەرى لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، بیانەوێت چارەسەر بۆ کێشەى کورد بدۆزنەوە، کامەیە پڕۆژەى کورد بۆ چارەى کێشەکەى؟
یاخود کورد خۆى چى دەکات بۆ ئەوەى دەوڵەتانى دونیا بخاتە بەردەم ئەو بەرپرسیارییەتییە ئەخلاقییەوە کە دواى فەلەستین دەبێت چارەسەرى کێشەى کوردیش بکرێت، کە کێشەکەى زۆر گەورەترە لە کێشەى فەلەستین، قوربانییەکانى دەیان بەرانبەر بە قوربانییەکانى عەرەبەکانى فەلەستینە، پرسەکەشى ڕەواتر.
پێویستە سەرکردەکانى کورد، کە جۆرێک لە پەیوەندى و دۆستایەتییان لەگەڵ بەشێک لە دەوڵەتانى دونیا هەیە، بەدواى کەناڵێکدا بگەڕێن یەکێک لەم دەوڵەتانە پڕۆژەى چارەسەرى کێشەى کوردیش بداتە ئەنجوومەنى ئاساییشى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان. باشترین بژاردەش وەکوو چۆن چارەسەرى دوو دەوڵەتى بۆ فەلەستین و ئیسرائیل کرایە بناخە بۆ چارەى کێشەکەیان، لەبەر ئەوەى کێشەى کوردیش لەگەڵ هەریەک لە دەوڵەتانى نەتەوەى سەردەستەى تورک، عەرەب و فارسدایە، چارەسەرى چواردەوڵەتی بۆ هەریەک لە کورد، فارس، عەرەب و تورک وەک چوار نەتەوەى ناوچەکە بکرێتە بنەماى پڕۆژەى چارەیەکى دادپەروەرانەى کێشەى کورد. [1]