=KTML_Bold=تەلەڤیزیۆن لە 10 ساڵی ئاییندەدا=KTML_End=
#بڵند نەورەس#
تەلەڤیزیۆن، وەکوو بەهێزترین ئامرازی ڕاگەیاندن لە ئەوپەڕی هێزیدا بوو، هەر بەهێزیی تەلەڤیزیۆنیش وای کرد کە ڕادیۆ پاشەکشێی گەورە بکات و ڕۆژنامە و گۆڤاریش لە چوارچێوەی خۆیاندا قەتیس ببن.
بەڵام دوای فراوانبوونی تەکنەلۆجیای میدیایی و دیجیتاڵ میدیا بەگشتی، گورزێکی گەورە بەر تەلەڤیزیۆن کەوت، گورزێک کە بەشێکی لە هەناوی خۆیەوە دێتە دەرەوە و بەشێکی دیکەشی جیاواز و سەربەخۆن لە تەلەڤیزیۆن.
لەسەر ئاستی جیهان پسپۆڕانی بواری میدیا و تایبەت تەلەڤیزیۆن لە مشتومڕێکی بەردەوامدان لەسەر ئاییندەی تەلەڤیزیۆن و ئەو دەرفەتانەی کە دەکرێت وەکوو دەرفەتی مانەوە بۆ تەلەڤیزیۆن سەیربکرێت، لە بەرانبەردا لایەنگرانی تەکنەلۆجیای ژمارەیی دیجیتاڵ میدیا، دەرفەتەکانی بەردەم تەلەڤیزیۆن بە دەرفەتی کەم تەمەن تەماشا دەکەن!
لەم نێوەندەدا مۆدێلێکی دیکە پەیدا بووە، ئەوانیش کارەکتەرەکانی درووستکردنی ناوەرۆکن، یان پەبڵیک فیگەرەکان لە هەموو بوارەکاندا، ئەم کەسایەتییانە ئینتەرنێت و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیایان کردووە بە ئامراز بۆ خۆیان تاوەکوو لە ڕێگەیەوە پەیامە تایبەت و گشتییەکانیان بگەیێنن بە خەڵک، بەڵام خەڵکێکی فراوان و سنوور بڕ، ئەمەش لە ڕێگەی تایبەتمەندییە فراوان و ئاسان و خێراکانی دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیاوە بەدەستیان هێناوە.
ئەم نۆرمە نوێیەی میدیا، خۆیان بە ئاییندەی میدیا دەزانن و هێزی خۆیان لە ژمارەی بینەر و وەرگرەکانیاندا دەبیننەوە، کە هەندێک جار کاریگەرییان لە چەند ئامرازێکی دیکەی میدیایی گەورەتر و فراوانترە، بە هەندێک تەلەڤیزیۆنیشەوە!
=KTML_Bold=ئاڵنگارییەکانی بەردەم تەلەڤیزیۆن=KTML_End=
تەلەڤیزیۆن ئاوێتە بووە لەگەڵ دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیادا، ئەم ئاوێتەبوونە بە جۆرێکە کە سەرجەم کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان چەناڵ و پێگە و ماڵێکیان بۆ خۆیان بنیادناوە لەناو سۆشیالمیدیادا، هۆکارەکەشی فراوانتربوونی کاریگەرییەکانیانە تاوەکوو زۆرترین خەڵک بە پەیامەکانیان ئاشنا ببن.
لە دوا توێژینەوەی زانستیدا کە لە لایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی جیهانی بواری میدیا ئەنجام دراوە و لە کۆنفرانسی میدیای دیجیتاڵی لە دوبەی پێشکەش کرا و پێگەی فەیسبووک و یوتیوب و ئینستاگرام و تیکتۆک وەکوو نموونە وەرگیرابوون، دەرکەوتووە کە 60%ی گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو چەناڵەکانی دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا هەمان ئەو گرتە ڤیدیۆییانەن کە لە تەلەڤیزیۆنەکان وەردەگیرێن یان وەرگیراون و پەخشکراونەتەوە، لە بەرانبەردا 40%ی گرتەکانی دیکە لە لایەن کەس و لایەن و کۆمپانیا و دامەزراوەکانەوە درووستکراون و بڵاوکراونەتەوە.
گرفت ئەوەیە کە ڕێژەی تەلەڤیزیۆن لە دابەزیندایە و ئەوانی دیکە لە بەرزبوونەوەدان!
=KTML_Bold=چارەسەر=KTML_End=
ئەوەی تەلەڤیزیۆن بەبەهێزی دەهێڵێتەوە لە گۆڕەپانەکەدا بریتییە لە (ناوەرۆک)!
لە 10 ساڵی ئاییندەدا تاکە ڕەگەز کە تەلەڤیزیۆن بە بەهێزی و کاریگەریی دەهێڵێتەوە بریتی دەبێت لە ناوەرۆکی ئەو بابەتانەی کە لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە پەخش دەکرێن، ئەم گریمانەیەش ڕەنگە بەرز و نزمیی تێبکەوێت، بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ناوەرۆکی باش بینەری باش بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ئەم هەلەش لە بەردەم تەلەڤیزیۆندا هەلێکی گەورەیە بۆ مانەوە، چونکە هەمیشە تەلەڤیزیۆن دامەزراوەیە و کەناڵەکانی بەدەستهێنانی زانیاری فراوانن و دەتوانێت ناوەرۆکی باش بە باشی ئامادە بکات بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی بەدەستی دەهێنێت یان بەدەستی دەگات.
لە بەرانبەردا درووستکەرانی ناوەرۆک ئێستا بەگشتی ئەو توانایەی دامەزراوەیەکی وەکوو تەلەڤیزیۆنیان نییە، بۆیە کاریگەرییەکانیان ئێستا لە بوارێکدا چڕ بووەتەوە و ناپەرژێنە سەر بوارە هەمەجۆرەکان وەکوو تەلەڤیزیۆن.
گرەوی مانەوەی تەلەڤیزیۆن 10 ساڵی بۆ دانراوە و ڕزگارکەری تەلەڤیزیۆنیش لە پەراوێزخستن تەنیا ناوەرۆکەکەیەتی کە چی پێشکەش دەکات بە خەڵک.
بواری درووستکەرانی ناوەرۆک و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیاش ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشان و گەورەبووندان و هەندێک کەسایەتیی ناسراو پەیدابوون کە بە ئەندازەی تەلەڤیزیۆنێک کارمەند و میدیاکاریان بەدەورەوەیە بۆ ئەوەی باشترین ناوەرۆک پێشکەش بکەن و ئامادەی بکەن بۆ دیجیتاڵ میدیا و سۆشیال میدیا.
تاوەکوو 10 ساڵی ئاییندەش تەلەڤیزیۆنە زەبەلاحەکانی لێدەرچێت، ئەوانی دیکە توانای دارایی زۆر ناخەنە خزمەتی تەلەڤیزیۆنەوە، بەڵکوو پەل دەکێشن بۆ دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا بە هەمان ناوەرۆک و کاریگەرییەوە، بەڵام بە تێچوویەکی کەمتر و داهاتێکی زیاتر.
کۆکبوون ئەوەیە کە تەلەڤیزیۆن 10 ساڵی لە بەردەمدا ماوە بۆ مانەوە، لەو ماوەیەدا یان زۆر خۆی قایمتر دەکات و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا دەخاتە خزمەتی خۆیەوە، یان چۆک دەدات و ئەویش دەبێت بە بەشێک لە فەزای دیجیتاڵ میدیا و سۆشیالمیدیا و کۆتایی پێدێت. [1]