=KTML_Bold=کورد لە پرسەی شاژنە ئێلیزابێزدا=KTML_End=
#بڵند نەورەس#
مردنی شاژنی بەریتانیا ڕووداوێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان، دوای مردنی چەرچڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی 1965، بەگەورەترین ڕووداوە دیپلۆماسییەکانی سەدە ناودەبرێت. بەوپێیەی کۆمەڵێک پڕۆتۆکۆڵ و یاسا و ڕێسا لە بەریتانیا هەیە کە ڕێوڕەسمی مردنی شا یان شاژنیشی ڕێکخستووە و لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەو کەسانەی بانگهێشت دەکرێن بە شێوەی فەرمی بریتین لە ماڵبات و بنەماڵەی شاژن، لەگەڵ سەرجەم ئەو پادشایانەی کە وڵاتەکانیان پادشاییە لەگەڵ دیاری کردنی سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان، بۆیە لەسەر ئاستی هەموو جیهان تەنیا 500 کەسایەتی بانگهێشت دەکرێن لە هەموو بوارەکاندا، جیاواز لە خودی بەریتانیا کە سەرجەمییان دەستەبژێر و دەستنیشانکراون و خاوەن پێگەی مەزنن.
لەنێوان بانگهێشتکراواندا سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەشداربووانەی کە بە فەرمی لەسەر ئاستی ئێراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراوە.
ئەم بانگهێشتکردنە فەرمییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی ماڵئاویکردنی شاژن، زۆر ئاماژە و پەیامی گەورەی لە پشتەوەیە، گرنگترینیان دونیابینی جەنابیانە لە ئاست پرسە گرنگەکانی جیهاندا و کاریگەرییەکانییەتی لەسەر ئاستی ناوچەکە، چونکە ئاڕاستەی بیرکردنەوەکانی ئاڕاستەی چارەسەرن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە گرنگی و پێویستییەوە لەو کەسایەتییانە دەڕوانێت کە کاریگەرییان هەیە و چارەسەر دەخەنەڕوو، لە هەمان کاتیشدا لەسەر ئاستی جیهان پەیامی ئاشتەوایی و پێکەوەیی و یەکدی قبووڵکردن بەرجەستە دەکەن.
بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان، هاوشانی ئیمپراتۆری ژاپۆن، سەرۆکی ئەمریکا، پادشاکانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، یەکێکی دیکە لە گرنگی کەسایەتی و پێگە و کاریگەرییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە وەک دەستەبژێرێکی جیهانی لە بازنەی کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهاندا بانگهێشتکراوە بۆ ئەو ڕووداوە گرنگە.
ئەم بابەتەش دەچێتە خانەی پڕۆتۆکۆڵی مێژوویی بەریتانیاوە کە دواجار بەشێکی کاریگەریی ئەرشیفی جیهانییە و لەو دەروازەیەشەوە هەرێمی کوردستان جێگیرییەکی دیکە دەچەسپێنێت لە هزر و زاکیرەی داهاتوودا بۆ نەوەکانی داهاتوو، بە تایبەت بۆ توێژەران و لێکۆڵەران و مێژوونووسان.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ئەزموونی خۆی و بە پەیامە کاریگەرەکانی و بە ئامادەبوونە جیدییەکانی و بە نێوەندگیرییە ناوچەییەکانی و بەپەرۆشییە ناوخۆییەکانی، توانیویەتی ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی جیهان و ڕۆڵی هەبێت لە هاوکێشە گەورەکاندا و ئامادەیی هەبێت لە ڕووداوە جیهانییەکاندا و قسەی هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکاندا.
بۆیە ئەم جۆرە کردار و هەڵوێستانە هەمیشە چوارچێوەی لۆکاڵی دەبڕێت و بەرەو فراوانی هەنگاو دەنێت و لە ئاست خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کە هەمیشە جیهانیش بە پێویستییەوە لەو ئەرک و ڕۆڵ و پەیام و کاریگەریی ئەو جۆرە کەسایەتییانە دەڕوانن و بە سەرمایەی مرۆڤایەتی دەیانناسێنن.
جیاوازی ئەم بۆنە و ڕووداوە لەوەدایە کە بۆنەیەکی سیاسی و ئابووری نییە، یان کۆبوونەوەیەک نییە بۆ پرسێکی دیاریکراو و بەرژەوەندیی ڕۆڵی تێدا بگێڕێت، بەڵکوو کۆکردنەوەی ئەو کەسایەتییانەیە کە بۆ بەریتانیا و جیهان جێگەی سەرنج و تێڕامان و کاریگەرین و هەریەک لە بانگهێشتکراوان لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا خاوەنی سەنگ و پێگە و پەیام و چارەسەرن و هەموو هەوڵەکانییان بە ئاڕاستەی چاکەی گشتیدا دەشکێتەوە.
ئەم ڕووداو و بۆنەیە یەکجار گرنگە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەم شانازی بە بەشداری سەرۆکی هەرێمەکەیەوە بکات لەو ڕێوڕەسمە شاهانەیەدا و هەم بناخەی لەسەر پتەوبکات لە چوارچێوە و فۆڕمی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا بە ئاڕاستەی سوودی هاوبەش. [1]