=KTML_Bold=سەرۆک بارزانی و نەخشاندنی مێژوو لە پەراوێزی پەرتووکی #بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد#دا=KTML_End=
#بڵند نەورەس#
بە خۆشحاڵییەوە پەرتووکی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد - بەشی پێنجەم - ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان - 1991-2022)م خوێندەوە، لە نووسینی ڕابەر و سەرۆک #مەسعود بارزانی#.
ئەم پەرتووکە یەکێکە لەو زنجیرە پەرتووکانەی کە جەنابیان لەبارەی قۆناخەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەپێی سەردەم و قۆناخ و بارودۆخەکان نووسیویەتی، کە بۆ منێکی خوێنەر بەشی پێنجەم زیاتر ئاوێتەی ھەست و ھۆشم بووە و ڕووداوەکانی خێراتر بەرجەستە دەبوون لەلام، بەو پێیەی کە خۆم یەکێکم لەوانەی کە قۆناخەکانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینم بینیوە و تێیدا ژیاوم و خۆم و خێزانەکەشم یەکێکین لە قوربانییەکانی شەڕی ناوخۆ.
گرنگی ئەم بەشەی زنجیرە پەرتووکەکەی سەرۆک بارزانی لەوەدایە کە دوو قۆناخی زۆر گرنگ و ھەستیاری بەیەکەوە گرێداوە، ئەوانیش قۆناخی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و قۆناخی شەرعییەتی دیموکراسین، کە زۆر بەڕوونی جەنابی سەرۆک ئاماژەی بۆ ھەردوو قۆناخەکە کردووە، لە لایەک پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و یەکخستنی تواناکان و شۆڕش دژی ڕژێمی #بەعس#، لە لایەکی دیکەشەوە وتارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی، دوای ڕاپەڕین لە کۆیە، کە داوای دیموکراسی و ھەڵبژاردنی کرد و باسی لە حوکمی یاسا کرد.
من و ھاوتەمەنەکانی من بە نەوەی (مخضرم) دادەنرێین، کە بەختی ئەوەمان ھەبووە قۆناخی بەر لە ڕاپەڕین و قۆناخی ڕاپەڕین ببینین، ئەمەش لە خۆیدا گوزارشتە بۆ ھەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی ھەردوو قۆناخەکە بە چاوێکی تیژ و بە ھەستێکی ورد و وریاییەوە. زۆرمان لەناو ئەو ڕووداوانەدا ژیاوین کە سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ڕاشکاوانە باسیان دەکات، بەڵام کەممان توانیومانە وەڵامی ئەو پرسیارانە وەربگرینەوە کە بۆچی و چۆن و لەبەرچی ئەو ڕووداوانە ڕوویان داوە، ھەمیشە بە گومانێکی لۆژیکییەوە تێڕوانینمان ھەبووە بۆ ڕووداوەکان، بەڵام کاتێک پەرتووکەکەی سەرۆک دەخوێنینەوە، ھەموو گومانەکان دەڕەوێنەوە و ڕاستی ڕووداوەکان و پێویستی قۆناخەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەمەش لە خۆیدا گەورەترین خزمەتە بە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و خەڵکی کوردستان کە جەنابی سەرۆک پەردەی لەسەر ھەڵماڵیوە و ھەمووانی ئاشناکردووە بە وردەکاری ڕووداو و پێشھات و قۆناخەکان و ڕاستییە مێژووییەکەی وەک ھێلکەی پاککراو خستووەتە بەردەستمان.
ئەوەی ئەم پەرتووکە بخوێنێتەوە، کە پشتئەستوورە بە کۆمەڵێک بەڵگەنامە و دەستنووس و بروسکە و نامەی فەرمی و ڕای سەرکردە سیاسییەکانی کورد و ناوچەکە و جیھان، ڕاستییەکی زۆر گەشی بۆ ڕووندەبێتەوە کە سەرۆک بارزانی و پارتی بەپێی ھەموو قۆناخەکان، ھەمیشە و بەردەوام جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی کوردستانییان و بە تایبەت پارتی و یەکێتی کردووەتەوە، وەک چۆن ئێستاش داوای یەکڕیزی بەشێکە لە ستراتیژی پارتی بۆ بەھێزترکردنی ھەرێمی و کوردستان و هەمیشە جەختی لێدەکاتەوە. ئەم ستراتیژە درێژکراوەی بیر و بڕوای ڕێبازی بارزانییە و بەشێکە لە بنەمای مانەوە و بەھێزبوونی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.
لایەنێکی دیکەی ئەم پەرتووکە پێمان دەڵێت: ڕاستگۆیی سیاسی و بڕوابوون بە قەزییەی کوردی، ئەو فاکتەرە بەھێزانەن کە لە ھیچ ئان و ساتێکدا پارتی و بارزانی سازشیان لەسەر نەکردووە و ناکەن، بەڵکوو قوربانی بێشوماریشیان داوە لەو پێناوەدا، چ لە ڕابردوودا چ لە ئێستاشدا، ھەربۆیە ئێراق و وڵاتانی دەوروبەر بە ھەموو ھێزیانەوە کاریان بۆ ئەوە کردووە کە کورد و کوردستان خاوەنی یەک بڕیاری سیاسی و یەک ویستی سیاسی و یەک ئامانجی سیاسی ھاوبەش نەبن، ھەروەک چۆن سەرۆک بارزانی لە باسکردنی قۆناخەکانی شەڕی ناوخۆدا بەوردی ھەموو ڕەھەندەکانیمان بۆ شیدەکاتەوە و باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی و دەستتێوەردانی ھەریەک لە ئێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، ئەمریکا و بەریتانیا دەکات بە تایبەت لە بابەتی چیرۆکی ھێڵی 12ی 10دا.
لایەنێکی گرنگی دیکەش ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو ھەموو قەیران و شەڕ و نائارامی و شڵەژانە سیاسییەی کە ھەبوون، بەڵام ھەمیشە سەرۆک بارزانی دەستێکی بە پاراستنی ھەرێمی کوردستانەوە بووە و دەستەکەی دیکەشی بە پێگەیاندن و گەشانەوە و ئاوەدانییەوە بووە، بۆ نموونە لە کاتی سەردانی سەرۆک بارزانیدا بۆ نەمسا و دیداری لەگەڵ مۆریس مۆک، وەزیری دەرەوەی نەمسا، سەرۆک بارزانی داوای ھاوکاری نەمسای کردووە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، ئەمەش ھێمایە بۆ گرنگیدانی سەرۆک بە بواری خوێندن و بەردەوامیدان بە خوێندن و پێگەیاندنی تاکی کوردی لەسەر زانست و زانیاری لەو سەردەم و قۆناخەدا.
ئەم پەرتووکە پێمان دەڵێت کە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی چ ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان ھەبووە لە درووستکردنی بەرەی کوردستانیدا و چۆن توانیویانە بەرنامەی ڕاپەڕین دابڕێژن و پلانی بۆ دابنێن و سەریبخەن، لە هەمان کاتدا پارتی و یەکێتی چ ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی و چۆن وڵاتانی زلھێزی وەک ئەمریکا و بەریتانیا لەو سەردەمەدا چاویان لە ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بووە بۆ ڕێکخستن و کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراق و ئامادەکردنییان بۆ ھەر پێشھاتێک بە ئاڕاستەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس.
دیپلۆماسییەتی کوردی و بە تایبەت پارتی ھەر لە پێش ڕاپەڕین و لە کاتی بەرەی کوردستانیدا، دیپلۆماسییەتێکی گەشاوە و کاریگەر بووە، ڕەنگە ڕەگەزی جوگرافی کاریگەریی خۆی ھەبووبێت، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ڕەگەزی کاریگەریی سیاسی و ھێزی سەر زەوی پێشمەرگە و ھەڵوێستی سیاسی سەرۆک بارزانی، ھێزە ڕاستەقینەکەی دیپلۆماسییەتی کورد بوون لەو قۆناخانەدا کە لە پەرتووکەکەدا بە درێژی ئاماژەی بۆ کراوە و چەندین بەسەرھات و ڕووداو باس کراون کە گوزارشتن لە لێزانی و کارامەیی دیپلۆماسییەتی کوردی، بۆ نموونە؛ ئەو کاتەی خاتوو پلاتکای ئەمریکایی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کاک ھۆشیار زێباری دەڵێت: ئەگەر پارتی لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیدا بەشداری نەکات، یەک دۆلاری پێنادرێت لەو پێنج ملیۆن دۆلارەی تەرخان کراوە بۆ ڕووخاندنی سەدام.
لە وەڵامدا کاک ھۆشیار زێباری وەڵامێکی بەجێی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ئێمە ئامادە نابین و ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ پارتی دانراوە وەریبگرین، ھەڵیگرە و بۆ خۆت بیدە بە سیگار. ھەروەھا سەرۆک بارزانی پێی ڕاگەیاندوون کە بە ڕاستی دەتانەوێت سەدام بە پێنج ملێۆن دۆلار بڕوخێنن!
زۆر بابەت و بەڵگە لە پەرتووکەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە لایەنەکان، بەرەی نەیاریان ھەڵبژاردووە بۆ لێدان لە پارتی و تەنانەت لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە کاریان کردووە، ھەر بۆیە چوار قۆناخی پڕ ئازار و مەینەتی شەڕی ناوخۆمان بەسەربرد لە بری ئەوەی ئەو سەردەمە سەرقاڵی گەشانەوە و گەشەکردن بوینایە، کەچی سەرقاڵی شەڕ و مەینەتی و نەھامەتی بووین. هەر لەو پێناوەشدا چەندین سەرکردە و پێشمەرگە و هاووڵاتی ئاسایی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی شەڕێکی بێ ئەنجام و ماڵوێرانکەر.
هەر لە درێژەی باسەکانی پەرتووکەکەدا ناوی کەسایەتییە سیاسییەکانی سەردەمی بەرەی کوردستانی و دوای ڕاپەڕین و سەردەمی شەڕی ناوخۆش ئاماژەیان پێکراوە، جوانی باسکردنەکانییان لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە لەوەدایە کە لەو قۆناخانەی بەھەڵوێستبوون، بە ستایش و پێزانینەوە ناویان ھێنراوە، کاتێکیش بەرەو چەوتی ڕۆیشتوون و خراپ مامەڵەیان کردووە وەک خۆیان باس کراون، ئەمەش ئەوپەڕی جوامێری و ئەمانەتی سەرۆک بارزانیمان نیشان دەدات بۆ یاداشتکردنی مێژوو وەک خۆی.
بەشێکی دیکەی پەرتووکەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دیسپلین و ئاکارە بەرزانەی کاری حیزبی کە پارتی پەیڕەوی کردووە لە ژیانی سیاسی خۆیدا، بۆ ھەر بابەت و ڕووداو و بەسەرھات و سەردانێک، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەربازی و تەنانەت کۆبوونەوەی جەماوەریش ڕێکخراوە و ھەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکان کراون و بڕیاری پێویستییان لەسەر دراون، ئەمەش پێمان دەڵێت کە پارتی هەمیشە و لە سەرجەمی ئەو قۆناخانەدا بەوپەڕی دیموکراسی بڕیاری داوە و ڕای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکلاکەرەوەبوون و ھەمووانیش بەرپرسیارییەتی بڕیارەکانییان ھەڵگرتووە، کە دواجار بەم ڕێگەیە پارتی توانیویەتی بەھێز و پتەو و یەکدەست و یەک بڕیار بمێنێتەوە لەژێر سایەی سەرۆک بارزانیدا.
ئەم پەرتووکە ڕوونیدەکاتەوە بۆمان کە پارتی لەژێر ھیچ گوشارێکدا نەچووەتە ژێر ڕکێفی ھیچ کەس و لایەن و دەوڵەتێکەوە و ھەمیشە خاوەنی بڕیاری خۆی بووە لە ئەوپەڕی ھێزیدا و لە کاتی بێھێزیشیدا، ئەمەش گەواھیدەری ئەوەیە کە پارتی پارتێکی خاوەن ئامانجە و ڕێگەی ڕاستی خۆی بەجێنەھێشتووە لە پێناو تولە ڕێی کاتیدا.
جەنابی سەرۆک دەیەوێت پێمان بڵێت، مێژوو بەڵگەکان و ڕووداوەکان دەینووسنەوە و هەرچی ڕووی دابێت و ڕوو بدات بکەرەکانی دەبێت بەرپرسیارییەتییە مێژووییەکەی هەڵبگرن و هیچ شتێک ون نابێت و هەموو ڕاستییەکان لە کاتێکی گونجاودا دەردەکەون و ڕووندەبنەوە بۆ خەڵکی کوردستان، جا بە باش و خراپەکانەوە.
هەروەها ئەم پەرتووکە و بەرگەکانی دیکەشی وانەی گەورەی مێژوویین بۆ هەمووان و دەکرێت پەند و عیبرەتی لێوەربگیرێت و ئەو برینانەی لە ڕابردوودا جەستەمانی ئازارداوە دەبێت بۆ داهاتوو ساڕێژ بکرێن و ڕێگە نەدرێت کەس قەتماخەی هەڵبداتەوە و بیکولێنێتەوە و ئەزموونیان بکاتەوە.
بە گرنگی دەزانم ھەر کوردستانییەک ئەم پەرتووکەی سەرۆک بارزانی بخوێنێتەوە و لە کرۆکی قۆناخەکانی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ و ھەڵوێستی وڵاتان تێبگات.
نەوەکانی داھاتوو خۆشبەختن کە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە دووتوێی پێنج بەرگدا لە نووسینی سەرۆک بارزانی، لە بەردەستیاندایە و دەتوانن ھەمیشە وەک سەرچاوەیەکی بایەخدار و بەکەڵک بۆی بگەڕێنەوە و سوودی لێ وەربگرن.
ئەم پەرتووکە بەھادارە بە بەڵگە و ئارگومێنتەکانی، ڕووی ڕاستەقینەی ھەموو لایەنەکانی دەرخستووە و دەرفەتی بۆ ھیچ بێنە و بەردەیەکی لابەلا نەھێشتووەتەوە. ستایشی هەموو ئەوانەشی کردووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە کردار و گوفتار و هەڵوێستەکانییان کاریان کردووە لە پێناو کورد و کوردستاندا.
پەرتووکەکە لە پێرست و پێشەکی و 20 بەش و کۆتایی و بەڵگەنامەکان پێکھاتووە و بە شێوەیەکی زۆر ئاسان نووسراوە لە ڕووی زمان و تێگەیشتن و بڕگەکانەوە و لە کاتی خوێندنەوەدا پشوویەکی تەواو بە خوێنەر دەبەخشێت بەو پێیەی بابەت و باسەکان بڕگەبڕگە کراون و دەتوانیت بەئاسانی لێی داببڕێیت و بچیتەوە سەری بۆ درێژەدان بەخوێندنەوەی. [1]