=KTML_Bold=ڕاستی و ھێز؛ دووانەی ململانێیەکی ئەزەلی=KTML_End=
#بڵند نەورەس#
ھاوکێشەیەک ھەیە بە شێوەیەکە کە ھەمیشە ڕاستی دەخاتە ژێر ڕکێفی ھێزەوە، یان ھێز دەتوانێت وا خۆی نیشان بدات کە ڕاستی لای ئەوە.
ئەم ھاوکێشەیە گریمانەی زۆری بەدوادا ھاتووە و مشتومڕێکی زۆری لەسەر درووستبووە، بەو پێیەی بەرگریکاران لە ڕاستی ھەمیشە پێداگیرن لەسەر ئەوەی کە ڕاستی وەک فاکتێکی سەربەخۆ دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و گرێنەدرێت بە ھێزەوە، بۆیە لە مێژووی ئەندێشە و بیری چەکەرەکردووی مرۆڤایەتییەوە تا ئێستا، ئەم جەدەلە ئەزەلییە ھەیە و ھەردوو ئاڕاستەش مورید و دواکەوتووی خۆیان ھەیە، بۆ ھەر یەکێکیش لەو دوو گریمانەیە چەندین نموونە و پاساو و ئەرگۆمێنتی جۆراوجۆر لە ئارادان.
ھێز، بەو پێیەی ڕەگەزی کۆنتڕۆڵکردنی لە ڕکێفدایە، بۆیە مەودای کاریگەرییە ھزری و جوگرافی و کاتییەکانی تا ڕادەیەک بۆ خۆی چنیوەتەوە، ھەر لەو ڕێگەیەشەوە توانیویەتی ڕەوایەتی بە بەردەوامبوونی خۆی بدات لە ڕێگەی بەکارھێنان و ئاوێتەبوونی لەگەڵ ڕاستیدا، واتە ڕاستی و حەقیقی کردووە بە سوورەی بەر لەشکر بۆ خۆی و لەو ڕێگەیەوە ھەمیشە ھێزی خۆی تۆکمەتر دەکات.
لە بەرانبەردا ڕاستی ھەم وەک چەمک و ھەم وەک فاکت ھەمیشە لە گۆشەنیگایەکدا قەتیس دەبێت، چونکە پاشگرێکی تۆکمەی وەک ھێزی لەگەڵدا نییە کە بەرگری لێبکات و ڕێگەی بۆ خۆش بکات، بۆیە لەم ڕاستە ڕێگەیەدا، ڕاستی و ھێز وەک یەک بەراورد ناکرێن و ڕاستی نەیتوانیوە ھێز بۆ خۆی جڵەو بکات، بەڵکوو ھەمیشە بە پێچەوانەوە بووە.
بەڵام خاڵی بەھێزی ڕاستی کە ھەمیشە لە ڕێگەیەوە توانیویەتی بەسەر ھێزدا زاڵ بێت وەک چەمک، بریتییە لە بڕوابوون و بڕوابەخۆبوون و مانەوە لەسەر چەمکی ڕاستی بێ گوێدانە ئەوەی دەورت تەنراوە یان دەورت چۆڵە.
بەڵام ئەم بڕوا پتەوە پێویستی بە کات و پشوودرێژی و ئارامگرتن و قوربانیدان ھەیە تا ئەو کاتەی شوێنی خۆی دەگرێت و بەسەر چەمکی ھێزدا زاڵ دەبێت.
نموونەی سەرکەوتنی ڕاستی بەسەر ھێزدا زۆرن لە مێژوودا، بەڵام ھەمیشە ئەو سەرکەوتنە دوای قوربانی و لەخۆبووردن و بڕوابەخۆبوونەوە ھاتوونەتە دی، بۆ نموونە:
شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان و شۆڕشەکانی کوردستان، ھەمیشە ھەڵگری پەیامی ڕاستی بوون، ڕاستی لە بڕوادا و ڕاستی لە مافدا و ڕاستی لە بیر و بیرکردنەوە و ئامانجدا، بەڵام ھەمیشە توانیویانە بەسەر چەمکی ھێزدا زاڵبن گەر بۆ چرکەساتێکی مێژوویی بووبێت، یان بۆ کاتێکی درێژ بووبێت وەک ئەزموونی ئێستای ھەرێمی کوردستان.
واتە ھێزی بەرجەستە نابەرانبەربوون لەنێوان چەمکی ھێز و چەمکی ڕاستیدا، بەڵام ھەمیشە ڕاستی ھێزێکی ناوەکی ھانیداوە کە بە گژ ھێزی بەرجەستدا بچێتەوە و لە کۆتاییدا چۆکی پێدابدات!
لەسەر ئاستی جیهانییش نموونەی وەک مارتن لۆسەر کینگمان ھەیە لە ئەمریکادا، کە لە کاتی ئەودا ڕەشتپێستەکان لە لایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە دەچەوسێنرانەوە و نادادییان بەرانبەرەنجام دەدرا، بەڵام کاتێک کینگ بەرپەرچی ھێزی دەسەڵات و ھێزی کۆمەڵگەی ئەمریکایی بووەوە، تەنیا ھێزی ئەو بڕوابوونی بوو لە پەیامەکەی و مافی ڕەشتپێستەکان، کە لە سەرەتادا تەنانەت بەشێکی زۆری ڕەشتپێستەکانیش لەگەڵیدا نەبوون، بەڵام دواجار توانیی شۆڕشێک بەرپا بکات لە بەرژەوەندیی ڕەشتپێستەکانی ئەمریکا و مافیان بۆ دەستەبەر بکات وەک مرۆڤی یەکسان لەگەڵ سپیپێستەکاندا، کە ئەم تێزە پەلی ھاویشت و بڵاوبووەوە بە ھەموو جیهاندا.
نموونەی گیڤارا و نێڵسۆن ماندێلا و گاندی و چەندانی دیکەمان ھەیە لە مێژوودا کە ھەریەکەیان بە ئاڕاستەیەکی جیاواز، بەڵام بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە بەرگرییان لەو ڕاستییە دەکرد کە بڕوایان پێی ھەبوو، ھەروەک چۆن لەناو کوردیشدا نموونەی بارزانیی نەمر و مەلیک مەحموود و
پێشەوا قازی محەمەدپێشەوا قازی محەمەدمان ھەیە، کە ھەریەک لەم نموونانە بۆ خۆیان چەندین باس و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان دەوێت کە لەسەریان باسبکرێت و ڕاستی بڕوا و پەیامەکانییان تێیدا بەڕوونی بەرجەستە ببێت.
کاتێک ئەم ھاوکێشەیە بچووکتر دەکەینەوە بۆ مامەڵەی ئاسایی تاکەکان لەناو ژیانی ئاسایی کۆمەڵگەدا و ئەو بەریەککەوتنانەی لە ئەنجامی ژیانکردندا ڕوو دەدات، ھەمان گریمانە جارێکی دیکە دێنەوە ڕێگەمان، واتە ململانێیە ئەزەلییەکە لە فۆڕمی تاکەکانیشدا بەرجەستە دەبنەوە.
ھەمیشە ئەوانەی لە پێگە و دەسەڵاتدان، بە مانای سەرچاوەی ھێز، یان نزیکن لە پێگە و دەسەڵاتەوە بە ھەموو فۆڕمەکانییەوە، وا خۆیان دەبینن کە چونکە ھێزیان ھەیە، بێگومان دەبێت ڕاستی و حەقیقەتیس لای ئەوان بێت، ئەوانەشی ھزریان ھێشتا لە دۆخی ھەڵقووڵاندایە و ھێشتا جێگیر نەبووە، بەردەوام بە کوێرانە دەکەونە داوی ئەو کەسانەی کە لە ھێزەوە نزیکن و ھەموو کار و کردەوەیەکی ئەوانیان پێ ڕاستی و حەقیقەتە، کە بەداخەوە زۆرینەکە وان، بەڵام کاتێک کەسێکی خاوەن پرەنسیپ و بڕوا و بنەما و کەسایەتیی جێگیر و پێگەیشتوو بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا، ملکەچی چەوتییەکانیان نابێت کە لە ڕێگەی ھێزەوە دەیانەوێت بە ڕاستی نیشانی بدەن، ئەو کاتە وەرچەرخانەکە ڕوو دەدات و گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژییەوە و تەرە دەبن و شۆک دەبن کە چۆن ئەو کەس یان لایەنە بەرپەرچیان دەداتەوە لە کاتێکدا ئەوان ھێزیان ھەیە یان لە ھێزەوە نزیکن!
بۆیە ھەمیشە ئەوانەی خاوەنی بڕوای ڕاستەقینە و حەقیقەتی ویژدانین سەردەکەون و ئەوانەشی خاوەنی مەنتیقی ھێزن لە کات و ساتێکدا ڕادەگیرێن و دەوەستێنرێن، تەنانەت ئەو شوێن و کەسانەشی ھێزیان لێوەردەگرت، دەگەنە ئەو بڕوایەی کە ئەم جۆرانە بە ھەڵە ھێزی ئەوانیان بەکارھێناوە بۆ جڵەوکردنی دەوروبەر و کۆنتڕۆڵکردن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا.
کەواتە ھێز چەند گەورە بێت، گەر ڕاستی ڕەھا و تێگەیشتنی درووست و پەیامی گونجاوی نەبوو بۆ بەرانبەرەکەی، لە بەرانبەردا ئەوانە سەردەکەون کە خاوەنی ڕاستی و حەقیقەتی چەسپاون و دەتوانن بەرگری لە ڕاستییەکانیان و بڕواکانیان بکەن.
ھێز چەند گەورە بێت، گەر ڕاستی لەگەڵدا نەبێت، بێگومان لە بەرانبەر ڕاستیدا ھەر دەکەوێت. [1]