=KTML_Bold=چۆن سۆشیاڵ میدیا وەگەڕبخەین بۆ خزمەتی گشتی=KTML_End=
#بڵند نەورەس#
هەر گۆڕانکارییەک کە لە ژیاندا ڕوو دەدات و مرۆڤایەتی لە قۆناخێکەوە دەبات بەرەو قۆناخێکی دیکە، بێگومان پێویستی بە کات و تێگەیشتن هەیە، دواتر پەیڕەوکردن و جێبەجێکردن و بەکارهێنان.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بوارەکانی تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵ میدیا و سۆشیاڵ میدیایان وەک دەرفەت بەکار هێناوە بۆ خۆیان و گرێیان داوەتەوە بە چەندین بواری دیکەی گرنگی ژیانەوە، وەک بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و کارگێڕی و تەنانەت بوارەکانی سەرچاوە مرۆڤایەتییەکانیش و وەک پێویستییەکی ژیانیشی مامەڵەی پێوە دەکەن.
لە سەردەمی کۆرۆناشدا، بواری ئینتەرنێت بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی جیاواز لە هەموو بوارەکانی دیکە، ئەو وڵات و کۆمپانیا و دامەزراوانەشی کە خۆیانیان دۆزیبووەوە لەتەکنەلۆژیا و دیجیتاڵ میدیا و گرێیاندابوو لەگەڵ سیستەم و بەرهەمەکانیاندا، توانییان گەشەی زیاتر بکەن و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن، بوارەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و سیمینار و کۆبوونەوە و خول و وانەکانیش چونە قۆناخێکی نوێوە و توانییان کاریگەرییەکانیان زیاتر بکەن و بە فراوانتر پەیامەکانیان بڵاوبکەنەوە.
پێشتر گەر لە سنوورێکی دیاریکراودا جموجووڵیان کردبێت، لە سەردەمی کۆرۆنادا فراوانبوون و سنوورەکانیان بڕی و تەشەنەیانکرد، بۆیە چەندین ناوەند و بنکەی توێژینەوە و ناوەندی ڕۆشنبیری و کولتووری، لە سەردەمی کۆرۆنا و کەرەنتیندا زیاتر ناسران و زۆرتر بەرهەمەکانیان بڵاوبووەوە، ئەمەش لە ڕێگەی درووست بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییەی بەردەستیان.
کەرتی بەرهەمهێنای هونەریش بە تایبەت کۆمپانیاکانی درووستکردن و بڵاوکردنەوەی سینەمایی، داهاتی زیاتریان پەیداکرد بە بەراورد بە هۆڵەکانی سینەما، کە نێتفلێکس پشکی شێری بەرکەوت لە کاتی کەرەنتیندا لەسەر ئاستی جیهان.
لە بواری فرۆشی پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵکیشدا، کۆمپانیاکانی وەک ئامازۆن و عەلی بابا ڕێژەی پێوانەییان تۆمارکرد.
بەشێک لە دامەزراوەکانی کەرتی گشتیش لە وڵاتاندا خزمەتگوزارییەکانیان لە مامەڵەی کلاسیکییەوە گواستەوە بۆ مامەڵەی ئەلیکترۆنی و تا ئێستاش بەردەوامن لەسەری، چونکە تێچووی بۆ کەمکردنەوە و خێراییشی پێبەخشین بۆ خۆیان و هاووڵاتییانیشیان.
لەسەر ئاستی تاکیش کۆمەڵێک (پەبڵیک فیگەر)، کەسایەتیی ناسراو، پەیدابوون کە بە نێوەڕۆکی جۆراوجۆرەوە توانییان پلاتفۆڕمەکانی دیجیتاڵ میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن و کۆنتڕۆڵی بکەن و بیکەن بە سەرچاوەی ناسین و دەستکەوتی دارایی بۆ خۆیان، کە بەشێکیان وازیان لە کاری ئاسایی خۆیان هێنا، بە ئێستاشەوە لە جیهانی دیجیتاڵ و سۆشیاڵ میدیادا کاردەکەن.
=KTML_Bold=ئێمە لە کوێی ئەم گۆڕانکارییانەداین=KTML_End=
ئێمە لە بواری تەکنەلۆژیدا نەمانتوانیوە هەنگاوی بەرچاو بنێین، هەندێک سێکتەری گشتی و کەرتی تایبەت نەبێت، ئەوانی دیکە لەسەر هەمان ڕێچکە کلاسیکی و باو و کۆنەکە بەردەوامن، لە بواری دیجیتاڵ میدیاشدا لە ڕووی زانیاری و بەکارهێنانەوە هەژارین و هێشتا نەمانتوانیوە ئاشنابین بە سەرجەم پلاتفۆڕمەکان و وەک پێویست بەکاریان بهێنین بە ئاڕاستەی سوودلێوەرگرتن، بەڵام لە بواری سۆشیاڵ میدیادا، بەخێرایییەکی زۆر و بەنەزانییەکی ترسناکەوە پەلامارماندا و هەریەک لای خۆیەوە بۆ مەبەستی کەسی خۆی پەنای بۆ برد، بێ ئەوەی بیبەستینەوە بە پیشە و کار و ئامانجەکانمانەوە، واتە لە ڕووکەشدا پڕاوپڕبووین، بەڵام لەنێوەڕۆکدا بەتاڵ!
گەر نموونەیەک وەربگرین کە دەرفەتێکی یەکجار زۆرمان هەبوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە قۆناخی گەورە ببڕین، بواری ڕۆشنبیری و کولتووری بوو، بە ئێستاشەوە نەمانتوانیوە لە گرێی کەسی بەکارهێنانەوە خۆمان دەرباز بکەین بۆ دەرفەتی کرانەوە بەڕووی گشتیدا، تا ئێستاش لە سەرجەم ناوەند و دامەزراوەکانی حکومەت و حیزب و کەرتی تایبەتەوە، لە هەموو بوارەکاندا هێشتا پشتمان بە دیدار و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و دیبەیت خول و ئەو جۆرە چالاکییانە بەستووە کە لە باشترین دۆخدا لە 100 کەس تێپەڕناکات، لە کاتێکدا پۆستێکی ئاسایی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا 10 ئەوەندە خەڵک دەیبینێت! ئەمەش وا دەکات ئەو بۆنەیە قەتیس ببێت لە ڕووی بڵاوکردنەوەی زانیاری و داتا و فراوانی و بەشدارییەوە، هەر هەمان بۆنە گەر ڕێکبخرێت بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پێشتر ڕێگەخۆشکردنی بۆ کرابێت لە ڕووی بەشداری و فراوانییەوە لە سۆشیال میدیادا، زۆر بە سانایی دەتوانین 10 بۆ 100 بەرانبەری ڕێژەی ئاماژەبۆکراو خەڵکی لە دەور کۆبکەینەوە، بەڵام ئەمە تێگەیشتن و پێگەیشتنی دەوێت لە لایەن خەڵک و بەکارهێنەرانەوە.
بوارە بێکەڵک و بێسوودەکان گەر وەک نموونەیەکی دیکە وەربگرین کە لە ڕێگەی لایڤی پلاتفۆڕمەکان و گرتەی تۆمارکراوی پلاتفۆڕمەکانەوە هەندێک کەس بڵاویدەکەنەوە، دەگەین بەو ئامانجەی کە بابەتە بێ نێوەرۆکەکان 100 هێندە و زیاتری بابەتە کلاسیکییەکان بینەر و بەشداربووی هەیە و کاریگەریش بەجێدەهێڵێت لەناو کۆمەڵگەدا، جا ئەرێنی بێت یان نەرێنی.
بۆیە پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە سۆشیال میدیا و پاشان دیجیتاڵ میدیا وەگەڕبخرێت لە پێناو بابەت و پرس و ڕووداوە بایەخدارەکاندا و جوگرافیای زەوینی بگوازینەوە بۆ جوگرافیای ئاسمانی و لەو ڕێگەیەوە چالاکییەکان پەرەی پێبدرێت، کە هەم فراوانی زیاترە هەم کاریگەریی بەرچاوترە هەم مانەوەشی درێژترە و هەم تێچووشی کەمترە.
زەمینە و کەرەستە و پێداویستییەکان لەبەردەستدان، تەنیا پلانمان پێویستە بۆ وەگەڕخستنیان. [1]