=KTML_Bold=سیاسەت لە فۆڕمێکی نوێی مەترسیداردا=KTML_End=
#بڵند نەورەس#
ھەموو سەردەمێک ھەڵگری خەسڵەتی تایبەت بە خۆیەتی، سیاسەتیش گرنگترین بابەتی ھەموو سەردەمەکانە و تێکھەڵکێشێکی سەرەکیشە لەگەڵ بابەتەکانی دیکەی وەک بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی، تەنانەت ھێزی نەرمی پێش ھێزی تووندیشە.
گۆڕانکارییەکان دۆخێکییان ھێناوەتە ئاراوە کە ھەموو چەمکەکان بۆ جارێکی دیکە پێویستییان بە خۆپێناسەکردن ببێتەوە و ھەلومەرج و ژینگەی گشتیش پێوەری گونجاندنن بۆ ھاوتەریپبوون لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا.
لە قۆناخەکانی ڕابردوودا سیاسەت بە چەندین ڕێڕەوی جۆراوجۆردا گوزەری کردووە و کاریگەریی جێھێشتووە، سەردەمانێک سیاسەت وەک ئامرازی بڵاوکردنەوە و ناساندنی ئایدۆلۆژی وەگەڕدەخرا، لە قۆناخێکی تردا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و قۆرخکاری میلی کاری کردووە، لە قۆناخێکی دیکەدا بۆ مەبەستی سەرھەڵدانی جەماوەری و بیری شۆڕشگێڕی بەکارھاتووە، واتە بەپێی سیستەمی دەسەڵات و ئایدۆلۆژی دەوڵەت پەیڕەو کراوە، کە ھەمیشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەت و نیشتمان و نەتەوە بووە، بەڵام لەم قۆناخی کرانەوە و بڵاوبوونەوەیەدا، کە سیاسەتیش جۆرێکی تری لە پێناسە وەرگرتووە و بە فۆڕمێکی نوێترەوە خۆی بەرجەستە دەکات، بەو مانایەی کە سیاسەت تەنیا وەک ئامرازی سەپاندنی ھێز ڕۆڵ نابینێت، بەڵکوو سیاسەت بووەتە ئامرازی ھاوسەنگی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی پاراستنی دەستکەوتی زیاتر و بەرژەوەندیی فراوانتر.
گەر لە قۆناخەکانی دیکەی کاری سیاسیدا لەسەر ھەموو ئاستەکان، پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری سیاسی و ھەڵوێستی سیاسی و کرداری سیاسیدا بە خەوش و عەیب و بێ ھێزی و ملکەچبوون پێناسەکرابن، ئێستا پاشگەزبوونەوە بە تەکتیک و مانۆڕ و چاوبەستکردن پێناسە دەکرێت، ھەرچەندە ھێشتا بە تەواوەتی نەچەسپاوە و دژبەرەکانی ئەم مۆدێلە نوێیەی سیاسەت زۆرن، بەڵام دواجار ئەوەی بڕیاری کۆتایی دەدات بەرژەوەندی تایبەت و گشتییە بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، بەو پێیەی ئێستا بەھێزترین وێستگەی سەرکەوتن و مانەوە لە سەرکەوتندا ئابوورییەکی بەھێز و تۆکمەیە.
ئەم فۆڕمە نوێیەی سیاسەتکردن لەسەربەرزترتن ئاستی سیاسی لە جیھاندا بینرا و پەیڕەوکرا کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ ھەموو کارەکتەرە سیاسییەکانی جیھانی سیاسەت کە لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەکانیاندا ئاساییبێت بۆیان بڕیار و ھەڵوێستەکانیان بگۆڕن لە پێناو ھەژموونی زیاتر و دەستکەوتی مەزنتردا، ئەمەش بۆ وڵاتانی جیھانی سێیەم و کەمدەسەڵات کێشەیەکی زۆر گەورەیە و متمانەیان بە زلھێزەکان لاواز دەکات.
ھەمووان بیرمانە کە سەرۆک بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بانگەشەی سەرۆکایەتیدا، چەند تووند و چەند پێداگیربوو لەسەر شا محەمەدی کوڕی شا سەلمانی سعودیە لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەڤان خاشوقچی، تەنانەت بەڵێنی سزادانی سعودیەشیدا، بەڵام بەرژەوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزبوونی ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و ململانێی نێوان ئەوروپا و ڕووسیا و مەترسییەکانی کەمبوونەوەی پێداویستیی وزە لە ئەوروپادا و کەمبوونەوەی خۆراک لەسەر ئاستی جیھان و گۆڕانی کەشوھەوا، لەپاڵ ئەمانەشدا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و ھەڵپەکردن بۆ زیاتر تۆکمەکردنی ئابووری ئەمریکا، وای لە سەرۆکی ئەمریکا کرد، کە پێچەوانەی بانگەشەکانی خۆی بجوڵێتەوە و سەردانی سعودیە بکات و لەگەڵ شا محەمەد کۆببێتەوە!
سەرۆکی ئەمریکا و پارتەکەشی باش دەزانن کە ئەم بابەتە لەناو ئەمریکادا و لەسەر ئاستی جیھانیش تووشی ڕەخنەیەکی زۆری کردوونەتەوە، بەڵام ئەوان پێیان وایە ستراتیژی سیاسی و بەرژەوەندیی ئەمریکا لەم قۆناخەدا پێویستی بەو پاشگەزبوونەوەیە ھەبووە و دەبووایە بیانکردایە لە پێناو ڕاگرتنی بەڵانسی ھێز لە جیھاندا لە بەرژەوەندیی خودی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی.
ئەم پێشھات و گۆڕانکارییە ڕیشەییانە پێمان دەڵێن، سیاسەتیش لە گرێی ھەڵوێستی جێگیر و بەڵێنی کۆنکرێتی و سووربوونی زیاد لە پێویست و تاکپلانیدا نامێنێتەوە و ئەو پێوەرانەی کە سیاسەت ئاڕاستە دەکەن گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە و دێت، بۆیە لە ئەمڕۆدا ئەرکی سیاسەت بووە بە پاراستنی خۆت و چنینەوەی دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆت.
سیاسەت بەرگێکی نوێی لەبەردایە و ئامانجییەتی مۆنۆپۆڵی زیاتر بکات، جا بۆی گرنگ نییە بە کام ڕێگەیەیاندا پێی دەگات، ڕێگەی بەڵێن و بڕیارە تووندەکان، یان ڕێگەی پاشگەزبوونەوە و ھەڵگەڕانەوە و سووڕانەوە!
بۆیە لە ئێستای سیاسەتدا گرنگ نییە چۆن دەچیت بۆ ئامانجەکەت، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە بە ئامانجەکەت بگەیت جا بە ھەر ڕێگەیەک بێت!
ئەمەش ھێشتا لای زۆرێک لە سیاسییەکان مایەی ڕەزامەندی نییە و ڕەخنەگریشی زۆرە، چونکە لەسەر بنەماکانی پێشوو ڕاھاتوون، بەڵام دۆخی بەرجەستەی بەردەم خاوەن بەرژەوەندییەکان ناچاریان دەکات کە پەیڕەوی ئەم مۆدێلە نوێیەی سیاسەت بکەن، زوو یان درەنگ. [1]